كریستیانۆ لە بەرپرسانی یانەكەی تووڕەیە

كریستیانۆ لە بەرپرسانی یانەكەی تووڕەیە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە ئیتاڵیا، نهێنییەكی ژووری جل گۆڕینی یانەی یوڤێنتوس ئاشكرا دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەكە زۆر تووڕەبووەو دەنگی بەسەر بەرپرسانی یانەكەدا بەرزكردۆتەوە.
بەر لە دەستپێكردنی هەفتەی فیفا، كاتێك یوڤێنتوس خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناپۆلی لە سێریا ئەیدا ئامادە دەكرد، پشكنینە پزیشكییەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەریان خست كە دوو لە كارمەندانی یانەكە تووشی ڤایرۆسەكە بوونە، بۆیە پێویست بوو لەسەر یاریزانانی یانەكە خۆیان لە هۆتێلێكی نزیك لە یاریگەی مەشقی یانەكە كەرەنتینە بكەن، بەڵام وەك ئەو سەرچاوانە باسی دەكەن، رۆناڵدۆ رازی نەبووە خۆی كەرەنتینە بكات.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، رۆناڵدۆ یەكەم كەس بووە كەرەنتینەی شكاندووەو رازی نەبووە لەو هۆتێلە بمێنێتەوە، چونكە ئەگەر خۆی كەرەنتینە كردبا نەیدەتوانی بەشداری لە یاری دۆستانەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەرامبەر ئیسپانیا بكات، كە یارییەكە بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتاییهات.
رۆناڵدۆ و هاوڕێكانی دوو پشكنینی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆڕۆنایان بۆ ئەنجامدرا، كە هەردووجار هەموویان نێگەتیڤ بوون، بەڵام بەپێی پرۆتۆكۆلی یەكێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دەبووایە چەند رۆژێك بمێننەوە بۆ ئەوەی پشكنینی سێیەمیشیان بۆ بكرێت، ئینجا رێگەیان پێبدرێت هۆتێلەكە جێبهێڵن.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن" رۆناڵدۆ بەم داواكارییەی بەرپرسانی یوڤانتس رازی نەبوو، زۆر تووڕەبوو، تەنانەت لەبەر چاوی هەموو یاریزانە هاوڕێكانیدا دەنگی خۆی بەسەر بەڕێوەبەرانی یانەكەیدا بەرزكردەوەو پێیگوتن من لێرە نامێنمەوە، من دەڕۆم".
كریستیانۆ رۆناڵدۆ گەڕایەوە ماڵەوە، ئەو شەوە لەگەڵ منداڵانی خۆی لە ماڵەوە خەوت و دواتر بەرەو پۆرتوگال گەشتی كرد، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان دەڵێن" چەند هاوڕێیەكی رۆناڵدۆ دوای ئەوەی هەڵوێستی كریسیان بینی، چاویان لەو كردو ئەوانیش هۆتێلەكەیان جێهێشت، ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەك لە رۆدریگۆ بێنتانكۆر، خوان كوادرادۆ، دانیلۆ لویز داسێلڤا، جیانلویجی بۆفۆن، دیمیرال و دیبالا.
یوڤانتس هەرزوو ئەندامانی دەستەی تەندروستیی ئیتاڵیایان لەو هەڵوێستەی رۆناڵدۆ و هاوڕێیانی ئاگاداركردەوە، كە دواتر داواكاری گشتی لە تۆرینۆ، دۆسیەی ئەو یاریزانانەی یانەی یوڤانتسی كردەوەو داوایكرد سزا بدرێن.

زۆرترین بینراو