كرێی كرێكاران و پێشنیارەكەی وەزیری كار

پرسیار درووست دەبێت ئاخۆ لەم بارۆدەخەدا كە حاڵەتێكی كتوپڕی لەناكاو بوونی هەیە و هێزێكی زاڵ و دوور لە ویستی مرۆڤ (قوە قاهرە) بۆتە هۆی ڕێگریكردن لە بەردەوامبوونی كار و وەستانی هەموو چاڵاكییەك، ئایا كرێكارانی كەرتی تایبەت كرێ وەردەگرن یاخود نا؟
بێگومان لۆجیك ئەڵێ كرێ لەبەرامبەر كارە، كەواتە ئەگەر كاركردن نەبوو كرێش نابێت، بۆیە وەزیری كار ئەلًێت: (ئێمە پێشنیارێكمان ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە كە داوا لە كۆمپانیاكان و خاوەن كارگەكان بكات كە بۆ مانگی 3 كرێی هەموو كرێكارەكانیان بدەن) و پابەندبكرێن بە پێدانی كرێ! بەڵام ئەم پێشنیارە زۆر بێئاگایانە كراوە، وەزیری كار ئاگادار نییە بە ناوەڕۆكی یاسای كاری ساڵی 1987 كە لە ماددەی 65 خاوەنكارەكانی پابەند كردووە بە پێدانی كرێی كرێكارەكانی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە حاڵەتێك ئەگەر هاتوو كاركردن بەهۆی بارێكی لەناكاو یاخود هێزێَكی زاڵ وەستا، ئەم بارە بە وەستانی كار ناودەبردرێت و ، بۆیە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت پێویستە كرێی 60 ڕۆژ بدەنە كرێكاران، ئەمە ئەركێكی یاساییە و یاسا لەسەرخاوەنكارانی سەپاندووە هیچ پێویستی بە پێشنیار نییە، تەنها ئەوەندەیە وەزیری كار دەتوانێ‌ بەیانێك دەربكات و ئەم ئەركە بەبیر خاوەنكاران بێنێتەوە، هەروەها بەهیچ شێوەیەك حكومەت ناتوانێ‌ لەم ماوەیە زیاتر خاوەنكاران پابەند بكات كە كرێی كرێكاران دابین بكات بەڵكو ئەگەر وەستانی كار لە 60 ڕۆژ تێپەڕی كرد ئەو كاتە حكومەتی هەرێم لەسەری پێویستە لەژێر سایەی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران كرێی كرێكاران دابین بكات.
دەبێت ئەوەش بزانین كە كۆمپانیاكان ئازاد و سەرپشك نیین كرێی كرێكاران بدەن یاخود نا بەڵكو وەك ئاماژەمان پێیكرد ئەمە ئەركێكە و یاسا سەپاندوویەتی، كەچی وەزیری كار ئەڵێ ئەمانە كەرتی تایبەتن و جۆرێك لە ئازادی بوونی هەیە بۆیە پابەند نەبوون بە پێدانی كرێیەكانییان، یاخود دەڵێت لەبەرامبەردا خاوەنكاران داوایانكردووە كە لە دەستەبەری بیان بەخشێت، حكومەت ئازادە بیان بەخشێ یاخود نا بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت ئەو بڕە كە 6 ملیۆن دۆلارە لە داهاتوودا بیخاتە سەر سندوقی خانەنشینی كرێكاران، جگە لەمەش یاسا لەبەرامبەردا مافی بەخاوەنكارەكان داوە لەدوای دەستكردنەوە بەكار، كارێكی تری هاوشێوە، یان كاری زێدەكیان پێبكات بە بێ بەرامبەر، بە مەرجێك ڕۆژانە لە 2 كاتژمێر زیاتر نەبێت و، لە 30 ڕۆژ تێپەڕنەكات لە ماوەی ساڵێكدا.
بۆیە ئەوەی كە بەهۆی كۆڕۆناوە هاتۆتە ئاراوە بریتییە لە وەستانی كار نەك وەستانی گرێبەستی كار چونكە ئەمانە جیاوازییەكی زۆریان هەیە، بەڵام ئەگەر ماوەی وەستانی كار لە هەرێمی كوردستان لە 60 ڕۆژ تێپەڕی كرد ئەوكاتە گرێبەستی كاركردن دەوەستێت و كۆمپانیا و كەرتی تایبەت هیچ پابەندییەكی داراییان لە ئەستۆ نابێت.

ڕێبوار مغدید هاودیانی
مامۆستای زانكۆ

زۆرترین بینراو