كه‌یسی ئه‌و مامۆستایه‌ی قۆپیه‌ی كردبوو گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی كوردستان

كه‌یسی ئه‌و مامۆستایه‌ی قۆپیه‌ی كردبوو گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی كوردستان

زاری كرمانجی - بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی خوێندن لەپەروەردەکان و ئەو رووداو و پێشهاتانەی هاتوونەتە پێش، ئەمڕۆ یەکشەمە 2021/2/28، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ، بەسەرپه‌رشتیی عه‌بدولسه‌لام دۆلەمەری  سه‌رۆكی لێژنه‌كه‌  کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا كه‌ کارزان که‌ریم راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری پەروەردە ئاماده‌ی بوو، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بەشداریکردنی به‌ڕێزیانی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بەگرنگ و پێویست زانی بۆ هەماهەنگیی زیاتری نێوان هه‌ردوولا و ئاماژه‌ی به‌لێداوانی ئه‌و مامۆستایە کرد کەباسی لەبابەتی گزیکردن کردبوو لەمیدیایەکی کوردستانیدا، بۆیە دوای گفتوگۆی ورد لەسەر بابەتەکە، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا نوسراوی فه‌رمی ئاراستەی هەرسێ وەزارەتی (پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رۆشنبیری و لاوان) بکات له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.
لەخاڵی دووەمی بەرنامەی کار رەوشی خوێندن لەپەروەردەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لەناوەندەکانی خوێندن بۆ پاراستنی قوتابیان و خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران تاووتوێ كرا.
سەردانی مەیدانیی لیژنە لاوەکییەکان و ئەندامانی لیژنە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان خوێندرانەوەو گفتوگۆی وردیان لەسەرکرا.
باس لەپێشنیاری لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ وەرگرتنی سەمپەڵ لە قوتابی و خوێندکاران کرا کە دوای ئەوەی لیژنە داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردبوو، دوێنێ پێشنیارەکە جێبەجێکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکە لیژنەیه‌ك پێکهێنرا بۆ سه‌ردانیكردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بەچەند مامۆستایەک کە لەسیستەمی بایۆمەتری دووجار ناویان تۆمارکراوە، لیژنەیەکی تریش بۆ سەردانیكردنی سەرجەم زانکۆ تایبەتەکان بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاز سه‌باره‌ت به‌پڕۆژەیاسای زانکۆ تایبەتەکان پێكهێنرا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون، رێککاری پەیڕەوی بەرامبەریان وەرگیرا.

زۆرترین بینراو