كوردستان خاكی هەموومانە و پێویستە بە هەموومان بەرگری لێ بكەین

كوردستان خاكی هەموومانە و پێویستە بە هەموومان بەرگری لێ بكەین

ڕائیب شێروانی – هەولێر: ڕوبینا تیاری، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" ئایندەیەكی باش چاوەڕوانی خەڵكی عێراق ناكات، دەست لە كاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران كێشەكانی عێراق چارە ناكات، بەڵكو كێشەكان قولتر دەكاتەوە، ئەگەر هەندێك لایەن هەمواركردنەوەی دەستوور بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن، ئەوە لەبەرژەوەندی پێكهاتەكاندا نیە، ئێمەش دژی ئەو هەموار كردنەوەینە. دەشڵێ:" ئێمە دژی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتین لە عێراق، چونكە دەبێتە هۆی سڕینەوەی پێكهاتەكان، كوردستان خاكی هەمووانە و پێویستە بە هەموومان بەرگری لە كوردستان بكەین و رێگە نەدەین هیچ كەس و لایەنێك دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكات.
نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" ئایندەیەكی باش چاوەڕوانی خەڵكی عێراق ناكات، ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە گۆڕەپانی سیاسی و شەقامی عێراقی دەبینین، بریتیە لە ململانێی نێودەوڵەتی، رەوشی عێراق رۆژ بۆ رۆژ ئالۆزتر دەبێت، پێش ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكرا شەڕ لە نێوان سوننە و شیعە دروست بێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە عێراق پەرتەوازە دەبێت و بەرەو رەوشێكی ئالۆز دەچێت، بەدەست لە كاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران كێشەكانی عێراق چارە نابن، بەڵكو كێشەكان قولتر دەبنەوە، وەكو ئەوەی ئێستا دەبینین، هاووڵاتیان مافی خۆیانە خۆپیشاندان بكەن و داوای مافە رەواكانی خۆیان بكەن، خۆپیشاندەرانیش بەس كە داوای مافی خۆیان دەكەن دەبنە قوربانی، تا خۆپیشاندانەكانیش بەردەوام بن، كێشەكانی عێراق بەردەوام دەبن، لە هەندێك حاڵەتدا بێ دەنگی باشترە بۆ چارەكردنی كێشەكان، بەڵام هەر كاتێك بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان بكەونە مەترسییەوە پێویستە ئێمە وەكو پێكهاتەكانی كوردستان خۆ بێ دەنگ نەكەین و یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین و لێ نەگەڕێین كەس دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكات.
ڕوبینا تیاری، گوتیشی:" هەمواركردنەوەی دەستوور ئەگەر لە بەرژەوەندی پێكهاتەكانی عێراق بێت، كێشە نیە و ئێمە لەگەڵداین، بەڵام ئەگەر هەندێك لایەن هەمواركردنەوەی دەستوور بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن، ئەوە لەبەرژەوەندی پێكهاتەكاندا نیە، ئێمەش دژی ئەو هەموار كردنەوەینە.
نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی ئاشكراشی كرد:" ئێمە وەك پێكهاتەكان بەتایبەتی گەلانی كلد و ئاشوور و سریان دژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتین لە عێراق، كە بڕیارە لە ساڵی ئایندە بەڕێوە بچێت، چونكە ڕەوشی عێراق لەبار نییە بۆ سەرژمێریی گشتی، بەپێچەوانەوە دەبێ ئەوكات پڕۆسەی سەرژمێری بەڕێوە بچێت، كە ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان، ناكرێت خەڵكێكی زۆر ئاوارە بێت و بێ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، پڕۆسەی سەرژمێری بەڕێوە بچێت، ئەوە دەبێتە هۆی سڕینەوەیان و زیانگەیاندن بە پڕۆسە و پاشەڕۆژیان.
ڕوبینا تیاری، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دركاند:" دەستخۆشی لە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە بەردەوام پاڵپشتی پرسە نەتەوەییەكانی گشت پێكهاتەكانە، پێش چەند رۆژێك بۆ یەكەمین جار پێشنیازە بڕیارێكی وا بۆ ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان هاتە ئاراوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ كرا، كوردستان خاكی هەمووانە و مافی هەموو پێكهاتەكانە لە كوردستان بژین، پێویستە بە هەموومان بەرگری لە خاكی كوردستان بكەین و رێگە نەدەین هیچ كەس و لایەنێك دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكەن.
ڕوبینا تیاری، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی یاسایی ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو:" ناردنی پرۆژەی چاكسازی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرلەمان هەنگاوێكی گەورەیە بۆ چارەكردنی ئەو كێشە و قەیرانانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەن، رێگری لە گەندەڵی دەكات، وەڵامێكیشە بۆ ئەو كەسانەی كە موزایدەیان دەكرد، با بێنە گۆڕەپان و خزمەتی گەلەكەی خۆیان بكەن، ئێمە وەكو پێكهاتەی كلدانی سریانی، ئاشووری لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە یاسانەداین كە لە بەرژەوەندی گشتی دانە و خزمەت بە خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە دەكەن".

زۆرترین بینراو