كوردستان چۆن لكێنرا بە عێڕاق؟

رەنج نەوزاد

پێش هەموو شتێك ووشەی عێڕاق نە لە رێكەوتنامەی سایكس بیكۆ 1916، نە لە سیڤەر 1920 تەنانەت لە كۆنگرەی قاهیرە 1921 كە بڕیاری دروستكردنی عێڕاقی تیادا درا، ووشەی عێڕاق بوونی نەبووە وبەكار نەهاتووە، بەڵكو لە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی ئەو سەردەمە، عێڕاق بە میسوبوتامیایی عەرەبی ناوی هاتووە (بەڵام عەرەب بۆ چەواشەكاری ووشەی عیراق دەخەنە شوێن میسوپۆتامیایی عەرەبی كاتێك بەڵگەنامەكان وەردەگێرنە سەر عەرەبی، لەدەقە ئەسڵەكان بە ئینگلیزی وفەرەنسی ووشەی عیراق بوونی نییە،ئەسڵەن عیراق ووشەیەكی عەرەبیش نییە) لە ریكەوتنامەی لۆزان 1923 ووشەی العراق بەكاردەهێنرێت،،بەڵام ووشەی كوردستان لە كۆنگرەی ئاشتی پاریس 1919 ولە ڕێكەوتنامەی سیڤەر زۆر بە ڕوونی ئاماژەی پێدەكرێت.جگە لەوەی كوردستان لە سەدەی 12ەوە لە كتێبە مێژوویی وبەڵگەنامەكاندا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت.
ئەو ناوچەیەیی كە ئیستا پێی دەوترێت عیراق، ئەو كات كە بە میسوپۆتامیایی عەرەبی ناوی هاتووە، كە بریتی بوو لە ولایەتی بەغداد وبەسرە بەتەنها، لە هیچ كام لەو بەڵگەنامانە ولایەتی موسل كە كوردستانە، بەشێك نەبووە لە میسوپۆتامیایی عەرەبی. تەنانەت لە كاتی بڕیاردانی دروستكردنی عیراق لە كۆنگرەی قاهیرە، ونستون چرچل لكاندنی كوردستان بە عیراقەوە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە وبڕیار نادات كوردستان بەشێك بێت لەو دەوڵەتە دروستكراوە نوێ وبێ شوناسە، هەر وەها هەر خودی ونستۆن چرچل لەو سەردەمەدا نامەیەك ئاڕاستەی مەلیك فەیسەڵ وبەرپرسەكانی بەریتانیا دەكات لە عیراق ودەڵێت سنوری ئەو دەوڵەتە نوێیە (عیراق) تا جەبەل حەمرینە، بەولاوە كوردستانە. واتە كوردستان بەشێك نییە لە عیڕاق. لە هەموو بەڵگەنامە مێژووییەكانی عوسمانی وعەرەبی وبەریتانی وفەرەنسی... كەركوك بەشێك بووە لە ولایەتی موسڵ واتە كوردستان.
جگە لەوانەش ، لە پەیماننامەی سیڤەر جیاكردنەوەی كوردستان وعیراق لە دەوڵەتی عوسمانی بە دوو بەش وبە دوو ماددەی جیاواز هاتووە، كوردستان بە پێی ماددەكانی 62، 63، 64 لەبەشی سێ جیادەكرێتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، عیراق (میسوبۆتامیایی عەرەبی) بە پێی ماددەی ٩٤لە بەشی چوار، ئەمەش بەڵگەیەكی بەهێزە، كەو ئەو دوو ناوچەیەیە، یەك نین ودەبێت بكرێن بە دوو دەوڵەتی جیاواز. تەنانەت پێرس كۆكس كە زۆر دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، لە یەكێ لە بروسكەكانی لە ساڵی 1921 كوردستان وعیراق وەك دوو ناوچەی جیاواز بەكاردەهێنێت.
كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی ویەك لاكەرەوە لە ساڵی1926 دەبێتە بەشێك لە عیراق،سێ لایەن كێشەیان هەبوو لەسەر باشوری كوردستان، توركیا كە دەیویست بیكات بە بەشیك لە خۆی، عیراق وبەریتانیا كە دەیانویست ببێت بە بەشێك لە عیراق، هەر وەها خودی كورد، كە سەربەخۆییان دەویست.. بەڵام بەریتانیا بڕیار دەدات كوردستان بكرێت بە بەشێك لە عیراق لەبەر نەوتە زۆرەكەی كەركوك، چونكە عیراق بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی بەریتانیا بوو، كوردستان ئەو كات لە عیراق بەهێزتر وزیاتر سەروەری هەبوو، چونكە نیمچە حكومەتێكی هەبوو، بەریتانیا ویستی بیكات بە بەشێك لە عیراق تا بە تەواوی كوردستانیش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ئەگەر لایەنی كەمی دادپەروەری وئەخلاق هەبوایە لای بەریتانیا دەبوو كاتێك توركیا وعێراق داوای كوردستانیان دەكرد، بەریتانیا دەبوو بە گوێی دانیشتوانی كوردستان بكات ودەوڵەتی كوردستان لە باشور دابمەزرێنێت، نەك بیدات بە عێراق، كە لە زۆربەی بەڵگەنامەكانی خۆیاندا هاتووە كوردستان هەرگیز بەشێك نەبووە لە عێراق.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

لەپێناو تەندروستی

لەپێناو تەندروستی

دوای نۆ كابینە !

دوای نۆ كابینە !

بیروڕا

زۆرترین بینراو