كوردێكی ئەكادیمی نامەیەكی كراوە ئاراستەی ئەنجێلا مێركڵ دەكات

كوردێكی ئەكادیمی نامەیەكی كراوە ئاراستەی ئەنجێلا مێركڵ دەكات


د. زیرەك عەبدولڵ
لە نامەیەكی كراوەدا بە زمانی ئەڵمانی، وەڵامی (ئەنجێلا مێركڵ) دەداتەوە و لەبارەی یەكپارچەیی عێراق و مافەكانی گەلی كورد و سەربەخۆیی كوردستان چەند پرسیارێكی ئاراستە دەكات.
دوای ئەوەی (ئەنجێلا مێركڵ) لە سەردانێكیدا بۆ زانكۆیەكی (گۆسلەر) پشتیوانی لە یەكپارچەیی عێراق كرد، (د. زیرەك عەبدوڵا) كوردی باشووری كوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا لە نامەیەكی كراوەدا دا وەڵامی ئەو هەڵوێستەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای دایەوەو چەند پرسیاری هەستیاری لە بارەی دۆزی كورد و مافەكانی ئاراستەی ئەو خاوەن بڕیارە ئەڵمانییە كرد، ئەمەش دەقی نامەكەیەتی:

نامەیەكی كراوە بۆ خاتوو مێركڵ.
ھەفتەی ڕابردوو بەڕێزتان سەردانی زانكۆیەكتان كرد لە گۆسلەر و لەوێ گوتتان: من پشتیوانی لە یەكپارچەیی عێراق دەكەم. لێرەدا حەز دەكەم چەند پرسیارێكتان ئاراستە بكەم. یەكپارچەیی خاكی عێراق لای بەڕێزتان چ مانایەك دەگەیەنێت؟ ئایا یەكپارچەیی خاكی عێراق دەبێت لەسەر خەون و مافەكانی گەلی كورد بنیاد بنرێت؟ خۆتان پێشوەخت ئاگاداری ئەم ڕاستییەن كە كورد، بە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن كەسەوە، ھێشتا خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە. من لەوە تێدەگەم كە بەڕێزتان لەوانەیە ترستان سەبارەت بە یەكپارچەیی عێراق ھەبێت. بە دڵنیاییەوە ترسی ئێوە لە بیرۆكەی دامەزراندنی كیانی وەك باڤاریا و كەتەلۆنیا و كوردستانە. بەڵام ئەمە مافی ئێمەیە كە دەوڵەتی خۆمان ھەبێت.
ھەندێك دەڵێن: پێم وانییە بوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستان خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەكە بكات. من لێرەدا دەپرسم، ئایا كەی ئەم ناوچەیە ئاشتی بەخۆوە بینیوە. بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ، كورد بەدەستی ڕژێمەكانی تورك و فارس و عەرەب كوژراوە. ئەم سێ لایەنە بە بەردەوامی ھێرش دەكەنە سەر كوردەكان، دەیانكوژن و بێ چارەنووس وێڵیان دەكەن. تاكوو ئێستا كەس بەرگری لە كورد نەكردووە بەرامبەر مەم نادادپەروەرییە. بەڵام كاتێكیش كوردەكان داوای دەوڵەت دەكەن، ئەوا ھەموو بە كارەسات دەیبینن. لێرەدا پرسیارێك دێتەوە ئارا: ئایا لە تێكستەكانی ئینجیل و قورئان و ھیچ شوێنێكی دیكە ھەیە كە بڵێت كورد بۆی نییە داوای مافی خۆی بۆ بە دەوڵەتبوون بكات.
بەدڵنیاییەوە شتی وا نییە. بۆیە بۆ من جێگەی سەرسوڕمانە كە بۆچی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نابێ بوونی ھەبێت؟ بۆچی عەرەبەكان دەتوانن ٢٢ دەوڵەتیان ھەبێت، بەڵام بۆ كورد حەرامە یەك دەوڵەتی ھەبێت؟
كورد دەبێت تا كەی قوربانی بدات؟ گەلۆ، ٨ ھەزار بارزانی و ١٨٠ ھەزار كوردی دیكە كە لە پرۆسەی ئەنفالدا كوژران، بەس نییە؟ ئەرێ كوژرانی ٥ ھەزار كەس لە ڕۆژێكدا دوای كیمیابارانی ھەڵەبجە بەس نییە؟ خاپووركردنی ٤ ھەزار گورندی كوردستان كیفایەت ناكات؟ ئەرێ بەردەوامی خەباتی ڕزگاریخوازی كورد بۆ ماوە ١٠٠ ساڵ لە دژی ڕژەمەكانی عێراق بەس نییە؟ ئەمەیە دیموكراسی و ئازادی و یەكسانی و مافی مرۆڤی كە ئێوە باسی لێ دەكەن؟ ئەمە لە ڕاستیدا ڕێك دژ بە بەھاكانی ڕۆژئاوایە لای ئێوە. دەكرێ پێمان بڵێی چەند كەسی دیكەمان دەبێ لێ ببێتە قوربانی؟ چەند ساڵی دیكە پێویستە چاوەڕێ بكەین تا بتوانین یەك دەوڵەتی سەربەخۆمان ھەبێت؟

زۆرترین بینراو