كورد لە كوێی ڕووداوەكانی ناوچەكە و دونیادایە

نەوزادی موهەندیس
 

ئاشكرایە هەڵكەوتەی كوردستان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئاسیای نزیك لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە كە بۆخۆی ناوچەیەكی گرنگی جیۆپۆلەتیكیە ((بەواتای كاریگەری جوگرافیا بەسەر سیاسەتەوە لە ڕووی بوونی وشكانی و دەریا و بەرزایی و ژێر زەوی و سامانە سروشتی و پێگەكەیەوە)). لەبەرامبەریشدا چۆن سیاسەت سوود لەو هەڵكەوتە و پێكهاتانە وەردەگرێت  بۆ ئایندە و بەپێی زۆرێك لە گریمانە و پێشهاتەكان و بیردۆزە و بیرمەندەكانی ئەو بوارە ئەم ناوچەیە دەكەوێتەی ناوچەی(( دڵی زەوی HEART LAND)) نەك ((كەناری زەوی REAM LAND)) كە بۆخۆی بەپێی بیروبۆچونە جیۆپۆلەتیكیەكان هەمیشە ناوچەی دڵی زەوی گرنگ و كاریگەرە و دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ناوچە كەناریەكان بكات و هەشە بە پێچەوانەوە دەڵێت هەركات كەنارەكان كۆنتڕۆڵكران ئەوا بە ئاسانی دەتوانرێت دڵەكەش كۆنتڕۆڵ بكرێت.

 جا ئەم بیروبۆچونە لەلای هەر وڵاتێك دەگۆڕێت لەقۆناغ وسەردەم و دەسەڵاتەكانیاندا،لەسەردەمی  كۆندا ناوچەی دڵی زەوی لە پێشدا لە میسۆپۆتامیا لە سۆمەر و دواتر لە میسری فیرعەونیەكان  و دواتر بۆ ئیغریقو یۆنان و دواتر بۆلای فارس و ئینجا بەغدادی عەباسیەكان و دواتر قاهیرەی فاتمیەكان و دواتریش ئاستانبوڵی عوسمانیەكان و دواتریش ئەوروپا ولەلای هیتلەریش ئەڵمانیای بەدڵی زەوی ناودەبرد و لە ئێستاشدا ئەمریكا خۆی بەدڵی زەوی ناودەبات و ڕەنگە لەداهاتووشدا چین ببێتە ناوچەی دڵی زەوی و ئیتر ئاوها گۆڕانكاریەكان بەردەوام دەبن بەپێی كات و هێز و دەسەڵاتەكان و هۆكارەكان ،لەكۆندا هۆكارە كەشوهەواییەكان و دواتر كوتلە گەورە دانیشتوانەكان لە وشكانی و دواتریش ئابوری و لە ئێستاشدا تەكنەلۆجیا و زانیاریەكان بونەتە بنەما بۆ بەهێزی پێگە و نفوز.بەڵام ئەوەی هەموان لەسەری كۆكن بریتیە لەوەی كە ناوچەی ئۆڕاسیا ((ئاسیا و ئەوروپا)) زۆر گەنگە و دەوترێت ((ئەو هێزەی ئۆراسیا كۆنتڕۆڵ بكات وەكو ئەوە وایە هەموو دونیای كۆنتڕۆڵ كردبێت)).

كە گەر بازنەی ناوچەی ((ئۆراسیا)) فراوانتر لێیبڕوانرێت ئەوا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان نزیكیش دەگرێتەوە كە كوردستان بەهەر چوار بەشەكەیەوە دەكەوێتە چەقی ئەو ناوچەیە و هەر ئەمەش وایكردوە كە هەر لەكۆنەوە تاكو ئێستا لەلایەن زلهێزە باڵادەستەكانی دونیاوە لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە لێیبڕوانرێت و لە هەموو گەمە سیاسی و بەرژەوەندیە ئابوریەكان و مەترسی و گرنگیە ئەمنی و سەربازیەكاندا جێگە و ڕۆڵی پێبدەن و حسابی ووردیشی لەسەر بكەن،لە ڕووی هێزی مرۆیی 50 ملیۆن كەسی و توانا گەورە ئابوریەكەی لە نەوت و گازی سروشتی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ..هتد و هێزە گەورە و بوێر و ئازاو چاونەترسە سەربازیەكەی و هەڵكەوتە جیۆسیاسی و ئابوری و ئەمنیەكشی لەچەقی دڵی زەویدا كە بەهەموو پێوانەكان هەم مەترسیە بۆسەر هەموان و هەمیش گەر بویسترێت دەبێتە فاكتەری سەقامگیری ناوچەیی و دونیایی و دەتوانرێت هەموان سوودی لێببینن.

بەم شێوەیە كوردستان و كورد هەر لە سەرەتای مێژووە ڕۆڵ و پنتێكی كاریگەری هەبوە لە ناو كۆڕو كۆبونەوە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی دونیادا،بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كورد خۆیانەوە نەیانتوانیوە بە باشی زەمان و زەمینەی گونجاو هەڵببژێرن بۆ خەبات و چۆنێتی كاركردن و بەشداریكردن لە گەمە نێودەوڵەتیەكاندا و چۆنێتی خۆ گونجاندن و تێكەڵاوبونیان بە نەخشە و پلانەكانی زلهێزە ناوچەیی و دونیاییەكان،جا هۆكارەكان چەندی دەرەكی بووبن وەكو ئەوەی كە كورد بە ئێستاشەوە نەبۆتە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی و لە كاراكتەرێكی هەرێمی نافەرمیەوە نەبۆتە هێزێكی فەرمی كە متمانە و پشتی پێببەسرێت و وەك هێزێكی كاریگەر حساباتی لەسەر بكرێت،ئەوەندەش هۆكارە ناوخۆییەكان ڕۆڵیان هەبوە لە كەمكردن و بچوكردنەوەی كورد و ڕۆڵ و پێگەكەی لە ناوچەكە و دونیاداـ بەپلەی یەكەمیش گەندەڵی و ململانێ ناوخۆییەكان و خۆخۆری و هەڵكەوتەی كەسانی وەكو مەلای ئیدریسی بەتلیسی و مەلای خەتێ وحەسەن خەیری و دەیان و سەدان نمونەی قێزەونی هەڵخەڵەتاو و فریودراوەكان بە درۆ و فیشاڵ و دەسكەوتە مادیە كەمەكانی دوژمنان كە لەئێستاشدا بونیان هەیە و كەمیش نین لەناوخۆدا.

بۆیە كورد بۆخۆی لەیەك كاتدا هۆكاری سەرەكیە بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن و بەهێزبونیشی و بەهەمان شێوەش هۆكاری شكست و نەهامەتی و دواكەوتنی خۆشێتی،جا بەمەبەست و پلان و بەفیتی دوژمنان بوبێت یان سیاسەتە نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیە ئابوریەكانی زلهێزە ناوچەیی و دونیاییەكان ڕێگەیان لێگرتبێت.بۆیە كورد ئەركێتی لە ئێستاوە و بۆ ئایندەش كە كاری جدی بكات لەسەر توندتۆڵكردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی خۆی لەسەر ئاستی دوو بازنەی گرنگ:

بازنەی یەكەم ،بازنەی ناوچەییە و دەكرێت لەدەرەوەی وڵاتانی سەردەستی كوردستان بێت لە ئێران و عێراق و توركیا و سوریا،بەڵكو كورد دەبێت هەوڵبدات كە لەدەرەوەی ئەم 4 وڵاتە پەیوەندیەكانی بەهێز و تۆكمەتر بكات بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی  عەرەبی دەوڵەمەند بەنەوت و گازی سروشتی لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەمریكان و بەنهێنیش دۆستی ئیسڕائیلن.هەروەها لەگەڵ وڵاتانی وەكو میسر و..هتد  و هەموو هێزە كاریگەر و دیموكراسیخوازەكانی ئەو وڵاتانەدا.

بازنەی دووەمیش،بازنەی نێودەوڵەتییە، گرنكە كە  كورد بۆ نیوسەدەی تریش هاوپەیمانی و دۆستایەتی ئەمریكا بەتایبەتی لەدەست نەدات و ئەوروپیەكانیش لەخۆی نزیك بكاتەوە  و نابێت ڕوسیاش لە بیر بكات.بەڵام بۆ نیوسەدەی تریش ماوەیەكی باشە بۆ ئەوەی زیاتر لە هەردوو زلهێزی دونیای ئایندە نزیك بێتەوە كەئەوانیش هندستان و چینن و بەتایبەتیش چین كە لە ئێستاوە سەرەتاتكێ دەكات بۆ جێگرتنەوەی پێگەی ژمارەی یەك و سەركردایەتی هەموو دونیاو جێگەی بە ئەمریكای زلهێزی دونیا لەقكردوە و مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر بەرژەوەندیەكانی دروست كردوە.

لێرەدا مەبەستمان لە كورد،بریتیە لەسەركردایەتیەكی حوكمڕانی كورد و هەموو دۆستایەتی و پەیوەندیەكان لەسەر بنەمای  حوكمڕانی و دەسەڵاتی كوردی بێت نەك پەیوەندیە نهێنی و بچوك و بەرژەوەندخوازیەكانی حیزبی،بۆیە كورد گەرەكی بێت یان نا، بەشێكی دانەبڕاوە لەسیاسەتی ناوچەیی و دونیایی ئەم سەردەمە لەلایەك بەهۆی هەڵكەوتە جیۆپۆلەتیكیەكەوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی دەوڵەمەنیەوەی بە نەوت و گازی سروشتیەوە كە دوو سەرچاوەی گرنگی وزەی دونیان و بەگەڕخەر و بزوێنەی ماكاینەی پیشەسازی زلهێزەكانیشن..بەهیوای ئەوەی كورد لە ئێستاوە بەباشی و زیرەكانەتر لە ڕابووردوو هاوكێشە و گۆڕانكاریەكان لە هێز و نفوزی زلهێزەكاندا بخوێنێتەوە و پلانی زانستی و واقعیشی هەبێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵیاندا ،بەڵكو  ئومێد و هیوا و خەونەكانی كورد لەم سەدەیەدا سەدەی بیست و یەكەم بێنە دی لە  دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی كەخەونی سەدان ساڵەی هەموو كوردێكە.كە بە ملیۆنان كوردیش لە پێناو وەدیهێنانی ئەو خەونەدا جەنگاون ،بەڵام بە نائومێدی سەریان ناوەتەوە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو