كورد و كەوچكی هەموو كاسەیەك

جێگر جلال شێخ زادە

ئێمە میلەتێكین كە لەسەر هەموو شتێك قسەی خۆمان هەیە و تێكەلی هەموو بابەتێك دەبین تەنانەت گەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئێمەشەوە نەبێت، بەلام دەبێت قسەی خۆمان هەبێت تەبیعەتی ئێمە وایە حەز دەكەین ببین بە كەوچكی هەموو كاسەیەك یان لە هەموو بوكێ ببین بە بەربووك.
ئیتر قسەكان تا چەند ڕاستن یان ناڕاستن ئیتر ئەمە كێشە نیە گرنگ قسەی خۆمان بكەین تەنانەت گەر ببینە هۆی گەورەكردنی كێشەكان ئەوە هەر بابەت نیە، زۆر كات زۆر لە ڕووداوەكان دووڕین تەنانەت نازانین چۆن و كەی و لەكوێ ڕوویداوە بەڵام قسەی خۆمانی هەر لەسەر دەكەین و بە دڵی خۆمان بەرگی بەبەردا دەكەین و یەكێ باش بیری لێ دەكاتەوە و یەكێ خراپ بیری لێ دەكاتەوە لەوانەشە هیچ كامیان ڕاست نەبن.
كاتێ ڕووداوێ ڕوودەدا ئیتر بازاری تۆرە كۆمەلایەتیەكان گەرم دەبێت و هەر ئەكاوەنت و پەیجێ بە دلی خۆیان شیكردنەوەی بۆ دەكەن، ئەم پەیج و ئەكاونتانە دابەش دەبن بۆ سێ كۆمەڵە، كۆمەلەی یەكەم ئەوانە بە باشی بیر لە بابەتەكان دەكەنەوە تا باش لێ تێنەگەن قسەی لەسەر ناكەن ئەمانە ڕێژەی كەمیان پێكهێناوە، كۆمەلەی دووەم ئەوانە بازاریان زۆر گەرمترە ئەوانە بە خراپ بیر لە بابەتەكان دەكەنەوە قسەی لەسەر هەموو شتێك دەكەن بێ بیركردنەوە لە باشی و خراپی ئەو شتە و مێشێ دەكەن بە گامێش، كۆمەڵەی سێیەم ئەمە سەر لێشێواون ئەمانە تەنیا سەیر دەكەن و گوێبیست دەبن نازانن باوەر بە كێ بكەن سەیری كۆمەڵەی یەكەم دەكەن دەلێن ئەوانە ڕاستن سەیری كۆمەڵەی دووەم دەكەن دەڵێن ئەوانە ڕاستن گیریان خواردوە لە نێوان ئەو دوو كۆمەڵەیە، ئەم پەیج و ئەكاونتانە گەر حەز بكەن بابەت وا گەورە و بلند دەكەن بە هیچ شتێ دەستمان ناگاتێ یان وا بچووكی دەكەنەوە دەیكەن بە پووشی بەر بـــا.
ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسیەكان ئەوانیش وەك هەمووان لە بەرژەوەندی خۆیان شیكردنەوە بۆ بابەتەكان دەكەن، لایەنە سیاسیەكان ئەوانەی دەسەڵات وا شیكردنەوەی بۆ دەكەن كە دەسەلاتی خۆیانی پێ بە قوەت بكەن و زیاتر لە دەسەڵات بمێنەوە و ئەوان نایانەوێ نەشیش بسۆتێ نە كەباب، وە ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن كار لەسەر هەستی خەلك دەكەن وا لێكدانەوە بۆ بابەتەكە دەكەن كە هەستی خەڵك بجولێنن و هەموو شتێك بخەنە ملی دەسەڵاتەوە، ڕاگەیاندنیش لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندنی ڕكابەری قسەیەكی كردوە بۆ ئەو بابەتە ئەو دەچێت قسەكەیتر دەكات دژی ئەوە ئیتر ئەمەیە بانێك و دوو هەوا.
تەنانەت منداڵە كانیشمان هێشتان پێیان نەگرتوە وا فێربوون لە جیاتی یاری و قسەی مناڵانە قسە لەسەر ئەو شتانە دەكەن كە بۆ ئاستی تەمەنی ئەوان ناگونجێت ئەمەش هۆكارەكەی هەر گەورەكانن چۆن هێندە لە بەردەم ئەوان مناقەشەو گفتوگۆیان لەسەر ئەو شتانە كردوە كە پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە ئیتر گەورە ئاو ئەرێژێ و بچووكیش پێی لێ دەخشێنێت.
پێویستمان بە خوێندنەوە و شارەزا بوونی باش هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باش شیكردنەوە بۆ بابەتەكان بكەین، با زۆر خۆمان تێكەڵی هەموو كارێك نەكەین جێیان بێلین بۆ كەسە شارەزاكان با ئەوان شیكردنەوە و لێكۆلینەوە بۆ بابەتەكان بكەن، من نالێم هەر قسە مەكە و ببە بە بووت نا با تۆش قسەی خۆتت هەبێت و بیر بكەوەو بزانە بۆ قسە ئەكەیت قەیچیە با تۆش خاوەنی قسەی خۆت بی بەڵام نەك ببیت بە قیر و بەنێشت بە هەموو بابەتێكەوە بنوسێیت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو