كوشتنی قاسم سلێمانی لێدانێكی بەهێز بوو بۆ ئێران

كوشتنی قاسم سلێمانی لێدانێكی بەهێز بوو بۆ ئێران

زاری كرمانجی-سۆران: بەگۆتەی چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەكاران، كوشتنی قاسم سلێمانی دانانەوەی تەڵەیەكی گەوەریە بۆ لێدانی ئێران، بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە رابكێشنە ناو جەنگێكی بێ‌ كۆتایی، ئەو وڵاتانەش كە هاوپەیمانیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئامۆژگاری ئەو وڵاتەیان كردووە، كە كاردانەوەكانی وانەكات، كە سەربازی ئەمریكی بكوژرێت، ئەگەرنا رەنگە خۆی بكەوێتە تەڵەكەوە.
هەڵو حەسەن جێگری مەڵبەندی 6ی سۆرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەزاری كرمانجی گووت " هەرچەندە سەروەری عێراق هەیەو ئاساییە، بەڵام ئەگەر وڵاتێك بیەوێت كردەوەیەكی سەربازی لە چوارچێوەی وڵاتێك ئەنجام بدات و پرسی سەرۆك وەزیرانی كرد، ئەوە نابێتە شكاندنی سیادەی سەروەری عێراق، چونكە پرسی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە، لە لێدانی قاسم سلێمانی، وەك دیاریشە لە رووی مەزهەبیەو زۆرینەی شیعە لە عێراق هۆكاری یەكەمە، بۆ ئەوەی ململانێی ئەمریكاو ئێران لە خاكی عێراقدا بوونی هەبێت، چونكە ئێرانییەكان ستراتیژیەكێكیان هەیە، بۆ ناردنە دەروەی شۆرش واتە بۆ دروستكردنی هێلی بەرگری لە دەرەوەی دەوڵەتی ئێران، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە عێراق و ئۆردەن و سوریاو یەمەن، بونەتە پێگەیەك بۆ ئێران، لەبەر ئەوەی شیعە لەو وڵاتانەدا دەژین، ئەو شیعانە لەرووی مەزهەبیەوە بەكاردەهێنن وەك سەنگەری پێشەوەی بەرگری كردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بۆتە هۆی نانەوەی ئەو ئاڵۆزیانە بەتایبەتیش لە عێراقدا، كە ژمارەیەكی زۆر شیعەی تێدا هەیە پاڵپشتی ئێران دەكەن، لە ململانێی دژی ئەمریكا، هاوكات شیعەكانی عێراق ئینتیمایان زۆر بۆ مەزهەب زیاترە لە وڵاتەكەیان، ئەمریكاش خۆی وەك رزگاركەری گەلانی عێراق دەزانێت، كە لەساڵی 2003 تووانی رژێمی بەعس بڕوخێنێت، بۆیە نایەوێت بە ئاسانی دەست بەرداری بێت".
ئەوەش دەخاتەروو " كوشتنی قاسم سلێمانی، بە ئاگاداری یان رێكەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران نەبووە، هەستیش ناكەم ئێران ئەمریكای لە هێرشە موشەكییەكانی بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی ئەمریكا ئاگادار كردبێتەوە، بەڵكو دەكرێت لەلایەن لایەنی سێیەمەوە ئاگادار كرابنەوە، چونكە ئەمریكا و ئێران دژایەتیەكی لە مێژویانەیان هەیە، كوشتنی قاسم سلێمانیش لێدانێكی بەهێز بوو بۆ ئێران، بە قسەی زۆربەی شرۆڤەكارانی سیاسی دانانەوەی تەڵەیەكی گەوەریە بۆ لێدانی ئێران دانراوەتەوە، بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە رابكێشنە ناو جەنگێكی بێ‌ كۆتایی، هەموو كەسێكیش دەزانێت ئەگەر هەڵی بەسەنگێنین لەو جەنگەدا ئێران دۆڕاو دەبێت، بۆیە سەركردەكانی ئێران بە هێمنی بیردەكەنەوەو بە هێمنیش بڕیار دەدەن، ئەو وڵاتانەش كە هاوپەیمانیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئامۆژگاری ئەو وڵاتەیان كردووە كە كاردانەوەكانی وانەكات، كە سەربازی ئەمریكی بكوژرێت، ئەگەرنا رەنگە خۆی بكەوێتە تەڵەكەوە".
لەلایەن خۆیەوە سالار هاودیانی یاساناس، بەزاری كرمانجی راگەیاند " لە رووی یاساییەوە هەموو وڵاتێك سەروەری تایبەت بەخۆی هەیە، كەواتە بۆ هیچ وڵاتێكی ترەوە نییە دەستێوەرتان لەناو خاكی ئەم وڵاتە ئەنجام بدات، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر عێراقی ئێستا بكەین، دیارە سەروەری ئەم وڵاتە زۆر دەمێكە پێشەل كراوە، واتە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی ناتوانێت بەرگری لەسەروەری وڵاتەكەی خۆی بكات، ئەو ئاڵۆزیانەی لە عێراق هاتونەتە ئاراوە هۆكارێكن كە هیچ سەروەریەك بۆ ئەم وڵاتە نەمێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەو عێراقەی ساردەمێك لە لوتكەی قیمە دابووە ئێستا دووچاری ئەم بارودۆخە بۆتەوە، دیارە ئەوەش بۆ هۆكاری مەزهەبی و شیعەگەری و چەند پرسێكی دیكە دەگەڕێتەوە".
گووتیشی " ئەمریكا لەوە ئاگادار كراوەتەوە كە لەدوای روخانی رژێمی بەعس، ئەوانەی لە عێراق دەستەڵات دارن، كەس و لایەنەێكن سەربە ئێرانن، ئەوەندەی ئێران لە عێراق حكووم دەكات، ئەوەندە لە سوریا دەستەڵات دارنییە، ئەوەش وای كرد كە ئەمریكە لەسەر خاكی ئەم وڵاتە قاسم سلێمانی و چەند كەسێكی دیكە بكاتە ئامانج، هەرچەندە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی ناڕەزایی زۆر دروست بوو، لەلایەن ئێران و شیعەكانەوە، بەڵام دوای ئەوەی چەند موشەكێك لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی بنكەو بارەگاكانی ئەمریكییەكان كران لە عێراق، بارودۆخەكە لە ئێستادا بەرەو هێور بوونەوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەی گوایە ئەمریكییەكان پێشتر لەلایەن ئێران ئاگادار كراونەتەوە كە ئێران مووشەك ئاراستەیان دەكات، ئەوەش وەك ئەوەیە بەكەسێك بلێی من هاتم تۆ هەڵێ‌، بەپێی زۆرێك لە ئاماژەكان ئێرانی ئێستا توانای شەڕكردنی نییە بۆیە دەیویست شتێك نیشانی گەلی خۆی بدات، چونكە ناڕەزایەتییەكان لەناو خاكی ئێران، زۆرن و قاسم سلێمانی لەو وڵاتە پێگەیەكی گەورەی هەبووەو كەسی دووەمی ئێران بووە".

 

بابەتى پەیوەندیدار سیاسەت

زۆرترین بینراو