كوێت داوا لە هاووڵاتیانی دەكات عێراق بەجێبهێڵن

كوێت داوا لە هاووڵاتیانی دەكات عێراق بەجێبهێڵن

بەهۆی ئاڵۆزبوونی رەوشی عێراق و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان، باڵیۆزخانەی كوێت لە بەغدا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد گەشت بۆ عێراق نەكەن.

باڵیۆزخانەی كوێت لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لەپێناو پاراستنی گیانیان بەهۆی ئەو رەوشەی ئێستا عێراق بەخۆیەوە دەبینێت، هاووڵاتیانی کوێت سەردانی عێراق نەکەن و ئەوانەیشی ئێستا لە عێراقن دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن.

باڵیۆزخانەی كوێت لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوون بە یاسا كارپێكراوەكان لە عێراق كردووەتەوە و دەڵێت، سەرپێچیكردن لە یاساكان سەرپێچیكاران رووبەڕووی سزادان دەكاتەوە.

زیاتر لە دوو مانگە دژی پارتە سیاسییەكان، حكومەت و گەندەڵی، عێراقییەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور خۆپیشاندانیان دەستپێكردووە و داوای دابینكردنی هەلی كار، هەمواركردنەوەی دەستوور، پەسەندكردنی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردنەكان دەكەن كە كۆتایی بە هەژموونی فراكسیۆنە سیاسییە گەورەكان لەنێو پەرلەمان بهێنێت.

هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد و لە سەرەتای ئەم مانگەش پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسندکرد.

زۆرترین بینراو