كوێستان لەتیف: دەوڵەتی عێراق بەرگەی سزاكان ناگرێت و هەڵدەوەشێتەوە

كوێستان لەتیف: دەوڵەتی عێراق بەرگەی سزاكان ناگرێت و هەڵدەوەشێتەوە

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : بەهۆی پەسەندكردنی بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، سەرۆكی ئەو وڵاتە هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر عێراقدا دەكات، بەشێوەیەك كە سزاكانی ئێران لەچاو ئەو سزایانەی بەسەر عێراقدا دەسەپێندرێن زۆر بچووك بن. بە بڕوای چاودێرێكی سیاسی، عێراق بەرگەی سزاكان ناگرێت و بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت.
كوێستان لەتیف, مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە زاری كرمانجی گوت:" دەبێت رووداوەكان لێك جیابكرێنەوە، مێژوویەك بۆ پێش كۆشتنی قاسم سولەیمانی و مێژوویەك بۆ دوای كۆشتنی كە بووە هۆی گۆڕینی پێوەرەكان, كە پێشتر عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕۆیشت، بەڵام دوای رووداوەكانی كوشتنی قاسم سولەیمانی وا دەكات بەتەواوەتی رووی راستەقینەی عێراق دەربكەوێت كە لە بنەڕەتدا هیچ پڕەنسیپێكی دەوڵەتبوونی تێدا نەبووە و عێراق كەوتۆتە دۆخێك كە هەرگیز جارێكی تر ناكەوێتە سەر پێیەكانی خۆی بەدابەشكردن نەبێت، ئەمریكا یەكێكە لە دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان ئابووری جیهان بەدەستیەتی نە ئێستاو نەپێشتر، نەداهاتوو كەس نەبووە ركابەری ئەمریكا بكات، بۆیە ئەگەر ئەمریكا سزای ئابووری بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، ئابووری ئەو وڵاتە وێران دەكات، بەهۆی ئەوەی هەموو داهاتی عێراق لە سامانی نەوت دایە، ئەویش لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكادایە، عێراق وەكو ئێران بەرگەی سزا ئابووریەكان ناگرێت و دەڕووخێت، بەهۆی ئەوی هیچ پڕەنسیبێكی دەوڵەتبوونی تێدا نیە، بۆیە عێراق بەرەو هەڵدێر و هەڵوەشانەوە دەچێت".
كوێستان، گووتیشی :" شیعەكانی عێراق لە بڕی ئەوەی پرسیاری ئەوە بكەن بۆ قاسم سولەیمانی لە عێراق كوژرا و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەن یەكسەر بریاری ئەوەیان دا كە دەبێت سوپای ئەمریكا لە عێراق بچێتە دەرەوە پێویست بوو سەرەتا عێراق داوای چوونە دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بكات، نەك ئەمریكا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریكا لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، كاروانێكی چەكداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا بۆردومان كرد، بەهۆی بۆردومانەكەوە، هەریەكە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەكداری دیكەی حەشدی شەعبی كوژران".
”دەبێ عێراق داوای چوونە دەرەوەی سوپای پاسداران بكات نەك ئەمریكا“

بابەتى پەیوەندیدار سیاسەت

زۆرترین بینراو