كچێكی تەمەن ساڵ لە لایەن 6 كەس لە خزمانییەوە دەست درێژی كراوەتە سەر

كچێكی تەمەن ساڵ لە لایەن 6 كەس لە خزمانییەوە دەست درێژی كراوەتە سەر

زاری كرمانجی- سپی میدیا: كچێكی تەمەن 10 ساڵانی دانیشتووی سنووری هەولێر، لە تەمەنی 8 ساڵییەوە لەلایەن شەش خزمی خۆیەوە دەستدرێژیی سێكسی دەكرێتەسەر.
بەرنامەی( بەرپرسیاری) كەناڵی رووداو پەردە لەسەر كەیسێك ئاشكرا دەكات كە كچێكی تەمەن 8 ساڵە دان بەوەدا دەنێت كە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەرو، دەڵێت "ژیانم كراوەتە دۆزەخ". باوكیشی دەڵێت "تازە بەوە دەزانم و نازانم هانا بۆكێ ببەم و چ بكەم؟".
(ی. س) ناوی ئەو كچە منداڵەیە، كە دوو ساڵە دەستدرێژیی سێكسی دەكرێتەسەر و ئێستا تەمەنی 10 ساڵە. بەوتەی باوكی منداڵەكە لەمێژە هەڵسوكەوتی گۆڕاوەو "هەموو رۆژێك ئاهی سارد هەڵدەكێشێت و ناخی پڕە لە رق".
هەروەها باوكی كچەكە سەبارەت بە كەیسی منداڵەكەی رایگەیاند، لە رۆژی 15ی ئایاری ئەمساڵەوە زانیویەتی كچەكەی دەستدرێژی دەكرێتەسەر و دەڵێ "لەلایەن چەند خزمێكی نزیكی خۆشم كراوە".
بە وتەی باوكی كچەكە، ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە، یەكێكیان زاوایەتی و مێردی خوشكیەتی، دوو كوڕی پووری خۆی و كوڕە پوور و ئامۆزایەكی دایكی بوون، لەگەڵ كەسێكی دیكەی گوندەكە و تاوەكو ئێستاش لە گوندەكەدا ماون.
باوكی (ی) جگە لە بیركردنەوە لەو تاوانەی بەرامبەر كچەكەی كراوە، بەردەوام ئەو پرسیارەش لەخۆی دەكات: بۆچی وایان لە كچەكەی كردووە؟ لەبەرامبەر چی؟.
باوكی كچەكە چەند جارێك جەختیكردەوە، "تكا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بەدەم داواكارییەكەمەوە بچن و نەهێڵن كەیسی كچەكەم بە لاڕێدا ببرێت".
ئەلمێرا ئەحمەد، لە رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان پارێزەری دۆسیەی كچەكەیە (ی.س). ڕایگەیاند، ئەوان مافی منداڵەكەیان لا گرنگە و "دەشبێت مافی منداڵەكە بسەندرێتەوە". بەڵام پارێزەرەكەش هەمان قسەی باوكی منداڵەكە دەكات و دەڵێت "تاوەكو ئێستا دادگا هەر دۆسیەكە دوادەخات و ئێمەش نازانین هۆكارەكەی چییە".
پارێزەرەكەش ئەوە دووپات دەكاتەوە، كە لەلایەن شەش كەسی خێزانەكەیەوە كە هەر لە گوندەكەی ئەودا دەژین دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر منداڵەكە. دەشڵێت "هەموو دەستدرێژییەكان لەڕێگەی كۆمەوە كراوە".
چیرۆكی دەستدرێژییەكان لە زاری كچە 10 ساڵانەكەوە ئەو كچەی دەستدرێژییەكانی كراوەتەسەر قوتابییە و لەدایكبووی ساڵی 2010ـەیە، خۆی باسی رووداوەكان دەكات و دەڵێت "رێكەوتی رووداوەكانم لەبیر نییە، بەڵام یەكەمجار كە دەستدرێژیم كرایەسەر چووم بۆ دووكانی كاك (س) شت بكڕم، دواتر كەسێك بەناوی (ب) دەستدرێژی كردەسەرم، هەرچەندە هاوارمكرد، بەڵام دەستی لەسەر دەمم دانا و دواتر ئازادی كردم."
ئەو كچە بەردەوام بوو لە قسەكردن و سەبارەت بەوەی چەندجارێكی دیكە لە چەند شوێنێكی جیاواز دەستدرێژی كراوەتەسەر و دەڵێت "كەسێكی دیكە بەناوی (ب) منی بردە لای خانوویەكی تەواونەكراو و لەوێ هێرشی كردەسەرم و دەستدرێژی كردەسەرم."
لە رووداوەكانی دیكەشدا وەك خۆی باسی دەكات، كەسێكی دیكە بەناوی (ر) دەستدرێژی سێكسی كردووەتەسەر و چەند جارێك بە هەڕەشە لە سەربانی ماڵەكەیان و لەنێو حەمام دەسدرێژی سێكسی كردووەتەسەر.
باوكی ئەو كچە داوا دەكات تۆمەتبارانی رووداوەكە چ سزایەك دەیانگرێتەوە بەسەریاندا بسەپێندرێت و بەزووترین كات دەستگیربكرێن و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە. هەرچەندە باوكی دەڵێت "دادگا زۆر بێدەنگە بەرامبەر كەیسەكە و داوادەكەین بەزووترین كات تۆمەتباران دەستگیربكرێن".
توانا بورهان جاف، پارێزەر لەبارەی ئەو دۆسیەوە ڕایگەیاند "سەبارەت بەو كردەوەیەی روویداوە لەلایەن دەستدرێژی كارانەوە، لە پاش كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە دۆسیەكە، لە دەسەڵاتی بەڕێز دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەیە دیاركردنی ماددەی یاسایی، بەڵام ئەم كردەوەیە بەپێی یاسای سزاكانی عێراق ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە تاوانەكانی لادان لە رەوشت و ئاكارە گشتییەكان هەژماركراوە لە رووی یاساییەوە".
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەدات "ئەم كردەوەیەی بەرامبەر كچەكەكراوە، دەكەوێتەوە ژێر ركێفی ماددەی 393 (تاوانی بەزۆركاری جووتبوون)، هەردوو بڕگەكانی (1و2/ ا.ب.ز)ی لەسەر جێبەجێدەكرێت. كە سزاكەی دەگاتە 15 ساڵ زیندانی. چونكە ئەم تاوانە بە بارودۆخی سزاتوندكار هەژماردەكرێت. چونكە تاوانلێكراو تەمەنی 18 ساڵ كەمترە و تۆمەتباران لە خزمی تاوانلێكراون."
هەروەها ئەو پارێزەرە راشیدەگەیێنێت، تۆمەتبەران لە دوو كەس زیاترن و هاوبەش بوون لە ئەنجامدانی تاوانەكە. بەپێی ماددەكانی 47 و 48 و 49 لە هەمان یاسای ناوبراو وەكو هاوبەش لە تاوان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو