كچە یاریزانێك گرێبەستی لەگەڵ تیپێكی پیاوان مۆر كرد

كچە یاریزانێك گرێبەستی لەگەڵ تیپێكی پیاوان مۆر كرد

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یوكی ناگاساتۆی خانمە یاریزانی ژاپۆنی لە یانەی شیكاگۆ رێد ستارەوە پەیوەندی بە یانەی هایابوسا ئیلێڤنی ژاپۆنییەوە كرد كە یانەیەكی تۆپی پێی پیاوانە.
یانەكە لە بارەگای تایبەتی خۆی پێشوازی لە خانمە یاریزانەكە كردو بە درێسی یانەكەوە بە مێدیاكانی ناساند، ئەم گواستنەوەش بە یارمەتی جینكی ناگاساتۆی برا گەورەی یوكی بوو.
گرێبەستەكەی یوكی بە خواستنەو ئاماژە بە بڕی گرێبەستەكە نەكراوە، بەڵام بۆ وەرزێك ئەو خانمە یاریزانە لەگەڵیاندا یاری دەكات.
یوكی تەمەنی 33 ساڵەو پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی ژاپۆن بووە لەگەڵیدا نازناوی مۆندیالی ساڵی 2011ی بەدەستهێناوەو لە 132 یاریدا بۆ هەڵبژاردەی سامورای 58 گۆڵی تۆماركردووە.
دوای پێشكێكردنی وەكو یاریزانی یانەكە یوكی ناگاساتۆ گووتی" لە راستیدا نازانم تاوەكو كەی دەتوانم لە یانەی پیاواندا یاری بكەم، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەم و بە هەموو توانامەوە یاری دەكەم و دەمەوێ سەركەوتووبم لەم كارەمدا، وەكو مێگان راپینۆی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەمریكا دەمەوێ پەیامی خانمان رابگەیەنم كە ئەوانیش دەتوانن شانبەشانی پیاوان لە هەموو كارێكدا سەركەوتووبن، هەستێكی باشم هەیە سوپاسی یانەكەم دەكەم كە دەرفەتی ئەوەیان رەخساند بتوانم لە تیپی پیاواندا یاری بكەم، هەروەها پێشبینی ئەوەم نەدەكرد ئەم هەنگاوەی من كاردانەوەی وا گەورەی هەبێت، فیفاش پاڵپشتی زۆری كردم، ئەمە زیاتر بە پەرۆشی كردم، ورەم زیاتر بەرز بوو، خەونەكەم هاتەدی و دڵنیام سەركەوتوو دەبم لە كارەكەمدا".

بیروڕا

زۆرترین بینراو