كۆتایی یاری فۆتساڵ كێشە و گرفتی تێكەوت

كۆتایی یاری فۆتساڵ كێشە و گرفتی تێكەوت

فۆتۆ: رۆژنامەنووس و فۆتۆگراف سانی ناسیح
یاری كۆتایی فیناڵ لە شاری سلێمانی بەرێوە چوو، هەردوو یانەی چۆمان و سیروانی نوێ‌ خاوەن یاری كۆتایی خولە بوون، یارییەكە بە ئاستێكی بەرز و بەهێز دەستی پێكردو یاریزانانی یانەی چۆمان بە ورەیەكی بەرز یارییەكەیان ئەنجامدا، بەر لە تەواوبوونی یارییەكە بە چەند خولەكێك یارییەكە لە بەرژەوەندی كچانی چۆمان بە ئەنجامی 4-2 بوو، بەپێی زانیارییەكانی ئامادەبووی یارییەكە و خۆشم لە تەلەفزیۆنی وار تی ڤی سەیرم دەكرد، چوار لێدانی پاناڵتی بۆ یانەی سیروانی نوێ‌ هەژمار كراو جیاوازی گۆڵەكانیان بۆ یەك گۆل كەم كردەوە، لە دوا ساتەكانیشدا لێدانێكی دیكەی پاناڵتی بۆ كچانی سیروانی نوێ‌ لێدراو گۆڵی یەكسانبوونیان تۆمار كرد.
بۆ یەكلایی كردنەوەی یارییەكە و دیاركردنی پاڵەوانی خولی پلە نایابی كوردستان بۆ یاری فۆتساڵ لە سەر ئاستی كچان، بریاری لێدانی یەكلاكەرەوە ئەنجامدرا بەڵام وەك دیاربوو كێشەو گرفتی و ئاژاوەیەك لە نێو هۆڵەكە لە نێوان پۆلیسی چالاكییە مەدەنیەكانی نێو هۆڵ و هاندەران بوونی هەبوو، نەتواندرا لێدانەكان جێبەجێ بكەن.
لەو كاتەدا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بریاریدا یارییەكە دوابخات بۆ وادەیەكی نادیار، دواخستنەكەشی لە سێ‌ خاڵ كۆكردەوە.
كشانەوە و ڕۆیشتنی هێزی چالاكییە مەدەنییەكان لە هۆڵی یارییەكە.
یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەلامەتی یاریزانان و هاندەرانی وەرزشی لە خولەكە بە گرینگتر دەزانێت.
تاریك بوونی هۆڵەكە و نەبوونی بلاجكتۆر (رووناككەرەوە) لە هۆڵەكەدا.
سەرۆكی یانەی چۆمان و چەند ئامادەبوویەكی یارییەكە بیرو بۆچوونی تایبەتیان لە سەر ناوبژیوانان و بەرێوەچوونی یارییەكە هەیە.
سەرۆكی یانەی چۆمانیش لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان تی ڤی گووتی: دوای ئەو غەدرە زۆرەی لە یاری كۆتایی لێمانكرا، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بڕیاریدا یاری كۆتایی بۆ كاتێكی نادیار دوابخات، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان لەجیاتی پاراستنی ئەمنیەتی هۆڵەكە و گیانی ئامادەبووان بپارێزن، بەداخەوە لەنێو هۆڵ و لەدەرەوە كەوتنە گیانی هاندەرانمان، بە دەمانچەی كارەبایی پێنج هاندەرمان بریندرا بوون، كە سێ كەسیان ڕەوانەی نەخۆشخانە كران و دووان لەوانە ماوەی دوو كاتژمێر لە ژێر چاودێری پزیشكی مانەوە، یەكێكیش بەهۆی سەختی برینەكەی لە نەخۆشخانە مایەوە.
ئەوكاتەی هێزە ئەمنیەكان پەلاماری هاندەرانی ئێمەیاندا، (هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی لەجیاتی هێوركردنەوەی دۆخەكە، هۆڵەكەی بەجێهێشت و پۆلیسەكانیش لە دەرەوەی هۆڵ بازگەیان دانابوو بە دەمانچەی كارەبایی پەلاماری هاندەرانیان دەدا و ڤیدیۆكانیش بەڵگەی دروستن لەسەر قسەكانمان.
زانا رەزانی دەڵێت: لە یارییەكەدا هەڵە هەبوو بەڵام لە داوەری شتێك هەیە كە پێی دەگوترێت (بەپێی لێكدانەوەی داوەر) زۆرجار ئەو لێكدانەوەی داوەرە هەڵەی تێدەكەوێت، بۆ نموونە وەك ئەوەی شاجوانی گۆڵپارێزی سیروانی نوێ دوو جار لەدەرەوەی 6 یاردە یارییەكی توندو مەترسیداری كرد دژی یاریزانانی چۆمان كەچی كارتێكی زەردیشی پێ نەدا!!
یانەی چۆمان بە ئاستێكی ناوازە دەركەوت بەجۆرێك گێمی یەكەمی بە گۆڵێكی بێبەرامبەر تەواوكرد، سەرەتای گێمی دووەمیش گۆڵێكی ترو گۆڵی سێیەمی بەدوادا هات، دوای ئەوە سیروانی نوێ گۆڵی یەكەمی خۆی كرد پاشان گۆڵی چوارەم بۆ چۆمان تۆماركرا، یانەی چۆمـان خاوەنی ٤ گۆڵ بوو تا 12 خولەكی كۆتایی، بە لێدانی فیكەی سزا، سیروانی نوێی كردە خاوەنی گۆڵی3، ئەمە پاش ئەوەی 2 لێدانی سزای تر گیرا بوو هەردووكی فەوتێنرا بوون.
بەڵام ئەم بەر دەست كەوتنی تۆپە گۆمانێكی زۆری لەسەر بوو بەوەی تۆپ بە ئاراستەی دەست چووە نەوەك دەست بە ئاراستەی تۆپ جوڵابێت، خۆی پاش فاوڵی ژمارە 6 ئیدی هەر فاوڵێك تۆمار كرا لە هەر جێگەیەكی یاریگادا بێت لێدانی سزای 10 مەتریە، بەشێكی گلەیەكان لە سەر ئەو دروست بوو، كە٤ لێدانی سزای10م بۆ یانەی سیروانی نوێ گیرا، ئەمە هاندەرانی توڕەو هەراسانتر كرد، ئەو هێزە بەرێزانەی كە دێنە ناو یاریگاكانیش بۆ پاراستنی ئارامی و ئەمنیەتی ناو یاریگاكان، لە بێ ئەزموونی خۆیان دەبنە هۆكاری توندوتیژی و ئاژاوەكان.

زۆرترین بینراو