كۆرۆنا ئەو ڤاپرۆسەی جیهانی داڕماند


محەممەد مەحموود
ئێستا گەرمترین باس و خواسی هەموو دونیا بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، ئەو ڤایرۆسەی بە كوشندەترین پەتا دادەندرێت لە سەرتاسەری جیهان، چین یەكەم وڵات بوو ڤایرۆسەی لێ‌ بڵاو بووەوە، چیرۆكەكانی سەر هەڵدانی ئەم ڤایرۆسە جۆراوجۆر بوون، بەو پێیەی هەرشتێكی نوێ‌ كە پەیدا دەبێت تاوەكو دەناسرێت قسەو باسی زۆری لەبارەوە دەكرێت، ڤایرۆسی كۆرۆناش هەر وابوو، سەرەتا چەندین لێكدانەوەو دەنگوباسی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا، ئەوە كاری من نییە قسە لەسەر چۆنییەتی درووست بوونی ڤایرۆسەكەو دیوە شاراوەكانی پشت ئەم ڤایرۆسە بكەم، مەبەستمە باسی ئەو لێكەوتانە بكەم كە كۆرۆنا درووستیكردن بە باش و خراپەوە.
هیچێك لەو وڵاتانە خۆیانە بۆ سەرهەڵدانی ڤایرۆسێكی لەمجۆرە ئامادە نەكردبوو، وەك روونیشە كۆرۆنا یا هەر ڤایرۆسێكی تر كە دێت كەس ئاگادار ناكاتەوە بۆ ئەوەی خەڵك و وڵاتان ئامادەكاری خۆیان بكەن، بۆ چۆنییەتی رووبەڕوو بوونەوەو شەڕكردن لە دژی ئەم ڤایرۆسە، ئەویش بە هەبوون و درووستكردنی دەرمان و چارەسەرە تەندروستییەكان دژی ئەو ڤایرۆسە.
كۆرۆنا زۆر بەخێرایی سنوورەكانی بڕی و گەیشتە تەواوی دونیا، دوایی ئەوەی لە وڵاتی چین خۆی ناساندو ئەو وڵاتە بووە سەرچاوەی لە دایك بوونی،كۆرۆنا لەوێ‌ چووە گیانی زۆر خەڵكەوە، زۆرێك لە خەڵكی نەخۆش خستن و كۆتایی بەژیانی زۆرێكیش هێنا، خەڵكی لە سەرەتادا باوەڕیان بەوە نەبوو كۆرۆنا بتوانێت بگاتە هەموو ماڵێك و شوێنێك،بۆیە لەسەر ئاستی حكوومەتەكانیشەوە بگرە ئەو رێوشوێنانە نەگیرانەبەر كە لەئێستادا ناچار بوون بیگرنەبەر وەك، راگرتنی دەوام ، قەدەخەی هاتووچۆ، داخستنی سنوورەكان،داخستنی فڕۆكەخانەكان و گرتنەبەری چەندین رێوشوێنی تر بۆئەوەی بتووانن رێگری بكەن لەتەشەنەكردنی ئەو ڤایرۆسە.
دواجار كوردستانیش بەدەرنەبوو لەگەیشتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پلانە خێراو ئامادەكەرییەی كە كردی بۆ تەشەنە نەكردن و پێشلێگرتنی ئەو ڤایرۆسە دڵخۆشكەرن بۆئێمەی خەڵكی كوردستان كە حكومەتی كوردستان بەو توانا سنوردارەی كە هەیەتی لە بورای كەرتی تەندروستی چۆن دەتوانێت رووبەڕووی ڤایرۆسێكی كوشندەی وەك كۆرۆنا ببێتەوە كە وڵاتانی دونیای تووشی چەندین قەیرانی ئابووری و تەندروستی كردۆتەوە و ژیانی بەجۆرێك لە جۆرەكان وەستاندوە.
هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم سەلماندی كە ئێمە لە پێشەوەی زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانین ، لەرووی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخە ، ئەوەی لەكوردستان كرا تازە زۆرێك لە وڵاتانی دونیا كاری پێ‌ دەكەن ، هەر لە قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی قوتابخانەكان و راگرتنی دەوامی داموودەزگاكان و داخستنی سنوورەكان و فرۆكەخانەكان.
لای هەمووان روونە كاتێك حكومەت بە روونی بە هاووڵاتیانی خۆی دەڵێت" خۆتان بپارێزن و پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی بن و لەماڵ بمێنەوە، دیارە ئەوان دەزانن چ بارو دۆخێك هەیە، كەچی بەشێك لە هاووڵاتییان بێ باكانە سەرپێچی رێنماییەكان دەكەن و پابەند نابن و ژیانی خۆیان و خەڵكانی تریش دەخەنە مەترسییەوە.
ئێستاشی لەگەڵ بێت كەسانێكمان هەیە گاڵتەی بە هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا دێت و دەڵێت شتی وانییە، كەچی كاتێك خۆی تووشی هات و ڤایرۆسەكەی هاتە گیانی ئەوكات دەبێت گلەیی لەكێ‌ بكات؟
بەراستی ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن و رێلێگرتن و تەشەنە نەكردنی ئەو ڤایرۆسە جێگەی دەستخۆشییە ، چونكە هەموو ئەو رێكارانەی گیراونەتە بەر بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیانی كوردستانە ، ئەگەربێت و حكومەت وای نەكردبا دواتر خەڵكانێك دەیان گووت بۆ حكومەت لەسەرتادا وای نەدەكرد ، تەواوی رێكارەكان كە لە كوردستان گیراونەتە بەر، وایان كرد بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە زۆر بەخێرای بڵاو نەبێتەوە و سنووردار بكرێت .
وەك دیارە قەدەغەی هاتووچۆ و راگرتنی دەوام وایكردوە كە گرفت بۆ زۆرێك لە خەڵكی درووست ببێت بەتایبەتی ئەو خێزانانەی كەم دەرامەت و هەژاران بۆ دابینكردنی ژەمە نانێك پێویستیان بەكاری رۆژانەی بەردەوام هەیە، بەڵام بەدەنگەوە هاتنی سەرمایەداران و خێرخوازان و رێكخراوەكان وایكرد كەمێك ئەركی سەرشانی ئەو كەسانە سووك بێت كە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بێ‌ كار ماونەتەوە ، بەدەنگەوە هاتنی خەڵكی سەرمایەدارو خێرخواز لە درووستكردنی نەخۆشخانەو دابینكردنی پێداویستی بۆ نە خۆشخانەكان كارێكی پیرۆزە لەم كاتەدا كە حكومەت تەواوی داهاتی ناوخۆیی لەدەستداوە بەهۆی راگرتنی دەوامەوە.
وڵاتە زلهێزەكانی جیهان تووشی داڕمانی ئابووری هاتن و گرفت یان بۆدرووست بووە چۆن كوردستانێك كە چەندین ساڵە لە قەیران دایە دەتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە دژوارە ئابووریە سەختە بگرێت كە وڵاتان هاواریان لێهەستاوە لەدەست ڤایرۆسی كۆرۆناوە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر لەسەرەتاوە رووبەڕووی قەیرانێكی سەخت بووەوە كە لەگەڵ دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسە نرخی نەوت بەشێوەێكی بەرچاو دابەزی، داهاتی ناوەخۆنەما، وێرای دابینكردنی خەرجی پێویست بۆ كەرتی تەندروستی بۆئەوەی بتوواندرێت بەهەر جۆرێك بێت گیانی هاووڵاتییانی كوردستان پارێزراو بێت لە بەڵای كۆرۆنا.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو