كۆرۆنا مرۆڤایەتی یەك دەخات

ئیسماعیل ئیبراهیم

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان بڵاو بۆتەوە، ناوەندی چاودێری كردنی تەندروستی جیهانیش مەترسی ئەو ڤایرۆسەی رایگەیاند، وڵاتانی زلهێزی ئابووری وەك ئەمریكا، چین، بریتانیا، ئەڵمانیا و... هەتد بڕی ملیاردان دۆلاریان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم پەتایە تەرخان كردووە، تا ئێستا زیانی ملیاردها دۆلاری بەر ئابووری جیهانی داوە، هەندێك وڵاتیش باری نائاساییان راگەیاند، گەشت و پرۆسەی ئابووری رووبەڕووی چەقبەستوویەكی نموونەیی بوونەوە، تەواوی وڵاتانی جیهان بۆ خۆپارێزی رێ و شوێنی زۆر توندیان گرتۆتەبەر، داخستنی مۆڵ و شوێنە گشتییەكان و راگرتنی هەموو ئەو بۆنانەی كە مرۆڤەكان لە یەكتری كۆدەكاتەوە، هەموو ئەو هەنگاوانە تەنها بۆ كمتر كردنەوە و خۆپاراستنە لە مەترسییەكانی ئەم پەتایە، كە بەرۆكی جیهانی گرتووە.
لە كوردستانیش لە لایەن حكومەت و دەزگا پەیوەندارەكان بە هەمان شێوە هەوڵی زۆر بەرچاو دراوە تا بە كمترین زیان لەم بەڵایە رزگارمان بێت، رێكارەكانی حكومەتی هەرێم بەو ئیمكانیاتەی هەیە لە رووی پێداویستی پزیشكی و شارەزایی تەندروستی زۆر باشن و جێگەی دەست خۆشییە.
مەترسی كوردستان بۆ ئەگەری بڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە هەر وڵاتێكی دیكە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئێمە دراوسێی وڵاتێكین كە بەرێژەیەكی بەرچاو ئەو ڤایرۆسەی لێ بڵاوبۆتەوە، هاتووچۆ كردن و پەیوەندی ئابووری نێوانمان ئەوەندە قوڵ و هەمەچەشنەیە كە بەرگرتن لە هاتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ كوردستان زۆر ئەستەمە، ئەگەر هاووڵاتییانی كوردستان بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هاوكار نەبن.
حكومەتی هەرێم لەسەرەتای هەست كردن و درك كردن بە مەترسی هاتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ كوردستان چەندین بڕیاری گرنگی دەركرد تا تاك بەتاكی كۆمەڵگە پارێزراو بن، هەر لە داخستنی خوێندنگەكانەوە بگرە تا ئەو دامەزراوانەی كە خەڵكێكی زۆر بۆ رایی كردنی كارەكانیان رووی تێدەكەن و دەتوانن بۆ كاتێكی دیكە دوای بخەن، داخستنی ئەو شوێنانە و كردنەوەی نەخۆشخانەی خێرا لە هەر سێ پارێزگای هەرێم و هەندێك قەزای دیكە ئاماژەن بۆ مەترسییەكانی ناو هەرێمی كوردستان.
بە بەراورد بە مەترسییەكانی ئەم نەخۆشییە و تایبەتمەندییەكانی لە خێرا بڵاوبوونەوەی و هاوسنووری لەگەڵ ئێران، ژمارەی تووشبووان تا ئێستا زۆر كمن، تاكە چارەسەریش بۆ رێگری لە زیاتر نەبوونی ژمارەی تووشبووان تەنها خۆپارێزی لە لایەك و جێبەجێ كردن و پابەندبوونی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمە.
دەبێ هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە هەست بە مەترسییەكانی ئەم پەتایە بكات و بزانێت كاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، دەبێ بزانین ئێمە هەرێمێكین كە ئەگەر ئەم ڤایرۆسە گەشە بكات هێزی بەرگری كردنمان بە بەراورد كردن لەگەڵ باقی وڵاتانی دیكە ئەوەندە لاوازە كە ناتوانین بە ئاسانی و بێ كارەساتی هەژێنەر لێی دەرباز بین.
كاتێك پایەكانی ئابووری، تەندروستی، كۆمەڵایەتی وڵاتێكی وەك چین بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە دەكەونە لەرزین، كاتێ ئەمریكا زیاتر لە 8 ملیارد دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بابەتە تەرخان دەكات، كاتێ ئێران حاڵەتی نائاسایی رادەگەیەنێت، دەبێ هەست بە گەورەیی مەترسییەكانی بكەین، بۆیە ئەركە لەسەر هەر یەكێكمان لە خۆبڕدووانە و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بكەین.
ناكرێت قوتابخانە دابخرێن تا منداڵانمان پارێزراو بن، بەڵام دایك و باوكان بیانبەنە سەیران و ناو قەرەباڵغی، سنوور توند دەكرێت تا پەتاكە نەگوازرێتەوە كەسێك بە قاچاغ دێتەوە و كەس و كاریشی لە مەترسییەكانی تێنەگەن و رادەستی تیمی پزیشكی نەكەن، ژمارەیەك دامەزاوەی حكومی دادەخرێن، لەو لاوە شەوانە هاووڵاتییان بە كۆكە و پەسیو و فنە فنی لووتیان لە تەنیشت یەك خەریكی قرۆمە كردن بن.
ئەوەی لە سەر حكومەتە بە پێی توانا كردوویەتی، دەمێنێتەوە خودی هاووڵاتییان تا چەند لە خەمی خۆیان و منداڵ و كەس وكاریان دان.
كۆرۆنا ئەگەر هیچ سوودێكی بۆ مرۆڤایەتی نەبێت، لایەنی كم دەبێ ئەو سوودەی هەبێت هەموومان بە جیاوازی رەنگ، نەتەوە، ئایین و رەگەز یەكمان دەخات، پێچەوانەكەی دانی باجی قوورسە و لە دەست دانی ئازیزانمانە.

زۆرترین بینراو