كۆرۆنا گورزێكی قورسی لە كەرتی پەروەردە دا

كۆرۆنا گورزێكی قورسی لە كەرتی پەروەردە دا

عیسامەدین عوبەید : ئەو زیانانە بۆ ساڵی داهاتووش كاریگەری دەمێنێت


رەمەزان هەرنی – دهۆك : كۆرۆنا تەواوی بوارەكانی راگرت و كەرتی پەروەردە بێبەش نەبوو لەو وەستانە كاتییەی، دوای چاوەروانییەكی زۆر دواجار ژمارەیەك قوتابخانەو پەیمانگا و زانكۆ بیریان لە بەردەوامیدان لە خوێندن كردەوە بە شێوەی ئۆنڵاین و ئەلیكترۆنی، بەڵام بە رای زۆربەی قوتابییان و مامۆستایان ئەو سیستەمە نوێیە هیچ ئامادەكارییان بۆ نەكراوە، بۆیە زیانی زۆر بەر پرۆسەی خوێندن گەیشت.
عیسامەدین عوبەید، پسپۆر لە بواری پەروەردە لە سنووری دهۆك بە زاری كرمانجی راگەیاند" كۆرۆنا زیانی زۆری گەیاندە ئاستی زانستی قوتابییان، بەهۆی ئەوەی ماوەی دابڕانی قوتابییان لە هۆڵەكانی خوێندن زۆر درێژەی كێشا، نزیكە دوو مانگە قوتابییان لە هۆڵەكان دابڕاون كاتێك ماوەی نێوان قوتابی و خوێندن درێژ دەبێت لە كەش و هەوای خوێندن دوور دەكەوێتەوە تا دەگەرێتەوە سەر ئاستی پێشوی زۆر قوورسە، ماوەی مانەوەی قوتابی لە ماڵەوە زۆر درێژ بوو، هیچ سوودی لە خوێندن نەبینی، بەڵكۆ زیاتر كاتەكانی بە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و ئامێرەكانی زیرەك بەسەر برد، بەتایبەت یاری پۆپجی، ئێستا بەشێكی زۆری قوتابی خوێندنیان لە خەیاڵدا نەماوە، لە هەمانكاتدا بابەتی ئابووری بەشێكی تری كێشەكە بوو كە رووبەڕووی قوتابی و خێزانەكانیان بوویەوە، پێش ئەم هەموو كێشانەی كەرتی پەروەردە، بەگشتی كەم و كوری زۆر هەبوو لە رووی كمی مامۆستا و شوێنی خوێندن، بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز هەبوو لە هەمانكاتدا هیچ جێگرەوەیەك نەبوو بۆ قوتابخانە، حكوومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان زۆر هەوڵیاندا بە رێگای ئۆنڵاین یا ئەلیكترۆنی كێشەكان كم كەنەوە، بەڵام ئەو ژێرخانەمان نییە كە قوتابی وانە بەئۆنڵاین و ئەلیكترۆنی بخوێنێت" .
گووتیشی" سیستەمی خوێندن بەئۆنڵاین و ئەلیكترۆنی لێك جیاوازە و تا ئێستا لای قوتابییان و هاووڵاتییان روون نییە، سیستەمی ئۆنڵاین ئەوەیە كە ژمارەیەك قوتابی راستەوخۆ وانە لەگەڵ مامۆستا بخوێنن لە قوتابخانەو پەیمانگا و زانكۆ ئەمە لەتوانای حكوومەت دا نییە ئەم سیستەمە جێبەجێ بكات، بەڵام هەرچی سیستەمی ئەلیكترۆنییە حكوومەت كارێكی زۆری كرد بۆ ئەو مەبەستە و خوێندنی ئەلیكترۆنی ژمارەیەكی زۆر وانە تۆمار كران بەشێوەی ڤیدیۆ ماڵپەڕێكی گەورەی دروستكرد تا ئەوەی ئارەزو بكات سوودی لێ ببینێت، سیستەم مەرج نەبوو بەڵكۆ پاڵپشتی بوو بۆ قوتابییان بەهۆی ئەوەی هەر لەماڵەوەن و گووتییان ئەوەی توانای هەیە و دەستی پێ رادەگات سوودی لێ ببینێت، وەزارەت پڕۆژەی راگەیاند وەك پاڵپشتی كە بەرێگای كۆد و ژمارە سیستەمەكە خرایە كار، بۆ یەكەم جار بوو ئەم حاڵەتە رووبدات، هیچ ئامادەكارییەكی پێش وەختە نەبوو بۆیە تەنیا پاڵپشتی بوو" .
ئاماژەی بەوەشكرد " ئەو زیانەی ئەمساڵ بە هۆی كۆرۆنا بەر كەرتی پەروەردە گەیشتووە بۆ ساڵی داهاتووش كاریگەری دەمێنێت، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ قوتابییان تا 25 ی شوبات وانەیان وەرگرتووە باقی وانەكان ماونەتەوە، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە تەنیا ئەو بەشانە بۆ تاقیكرنەوەكان بخوێنن و پرسیاری لێدێتەوە كە تا رۆژی دیاركراو خوێندراون، بەشێوەیەكی گشتی پرۆگرامەكانی خوێندن زۆر درێژن چەندینجار هەوڵمانداوە كورت بكرێنەوە، وەرزی یەكەمی خوێندن ئەمساڵ بەتەواوی خوێندرا، بەڵام وەرزی دووەم زۆر كەم خوێندرا، مامۆستا هەبووە لە وەرزی دووەم تەنیا یەك وانەی بەقوتابییان گووتووە، بۆ نموونە بیركاری و ئینگلیزی و زمانەكانی تر قۆناغ بەقۆناغ پێكەوە بەستراون، بۆیە ئەمساڵ بەتایبەتی بابەتی زمانەكان و زانستی زۆر زیانیان دەبێت بەسەر ئاستی زانستی قوتابی كە كارێكی چاوەروانكراوە بێ چارەینە لەم بابەتە" .
ئەوەشی خستەڕوو" قەرەبوو نەكردنەوەی ئەو زیانانەی ئەمساڵ بەر پرۆسەی خوێندن و كەرتی پەروەردە كەوتووە زۆر قۆرسە پر بكرێتەوە، مەگەر ساڵی خوێندن درێژ بكرێتەوە، بەپێی قسەی كەرتی تەندروستی رێگە قوتابخانەش نادەن قوتابی زۆر لەیەك كۆببنەوە، ئەگەر رێگا بەمە نەدەن چۆن ماوەی ساڵی خوێندن درێژ دەكرێتەوە، سێ مانگ پشووی هاوین هەیە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەوامكردن زۆر زەحمەت دەبێت، هیچ چارەیەك نییە جگە لەم بڕیارەی وەزارەت كە دەست بە تاقیكرنەوەكان بكەن، ئەگەر وەزارەتی تەندروستی رێگا بدات مانگێك كاتی خوێندن زیاد بكرێت زۆر باش دەبێت و زیانەكان كەمتر دەبنەوە".

زۆرترین بینراو