كۆرۆنا یاخود هەژاری، كامیان مەترسیدارترن

نەجات ئەحمەد

رۆژ بەرۆژ بابەتی جیاجیا درووست دەبێت و مرۆڤایەتی پێوە سەرقاڵ دەبێت، دوایین بابەت نەخۆشی (كۆڕۆنا)یە، كە زۆر دڵڕەقانە مرۆڤەكان دەتوێنێتەوە و خەریكە دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی و جیهان، بێگومان ئەم نەخۆشییە زیاد لەپێویست گەورەكراوە و خەڵك زیاتر ترسێنراوە. بەڕایی من، ئەمە پەیوەستە بە چەند مەرامێكی سیاسی دیاریكراوەوە. چونكە ئەگەر بەوردی سەیر بكەین و لێی رابمێنین سەرەتا نەخۆشییەكە لەشارێكی وڵاتی چین بڵاوبۆوە و سنوری شارێكی تێنەپەڕاند بۆ شارێكی تری وڵاتەكە، كەچی پەڕییەوە بۆ وڵاتێكی دیكەی جیهان! كە ئەمە جێگەی پرسیارە، جگە لەمەش مرۆڤایەتی بەدرێژای مێژوو قەیران و دەردی زۆر لە كۆرۆنا گەورەتری بینیوە و هەرگیزیش وەك ئێستا خەڵك نەترساوە، راستە نەخۆشییەكە ترسناكە و بێڕەحمانە مرۆڤەكان لەناو دەبات، بەڵام ئەمە ئەوە ناهێنێ كە تا ئەو رادەیە خەڵك بترسێنرێت كە كار بكاتە سەر هێز و ئیرادەیان و لەرووی دەروونییەوە تێكبشكێنرێن، لەبەرامبەر ئەوەشدا هەژاری لەگەڵ تەمەنی ئەم زەوییەدا رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە. رۆژانە هەزاران كەس بەدەست برسییێتی و تینوێتییەوە دەناڵێنن و كەسێك، سەركردەیەك، رۆژنامەڤانێك...هتد، نایەت قسەی لەسەر بكات و بیكاتە تەوەری هەموو بەرنامەكان و رووداوی رۆژی گشت كەناڵەكان. ئەمە نادادی و باڵادەستبوونی سیستەمی سەرمایەدارییە بەسەر هەموو كونجێكی ئەم زەوییەدا. لەراستیدا سیستەمی سەرمایەداری هیچ بوارێكی بۆ ژیان و هەست و سۆز و مرۆڤایەتی نەهێشتۆتەوە. ئەوەی گرنگە بەلای مرۆڤی ئەم سەردەمەوە تەنها دەسەڵات و پارەیە. ئیتر كێ باكی بەوەیە منداڵێك لەوڵاتێكی ئەفریقی و لەدووری هەزاران كیلۆمەتر تینوویەتی یان برسییەتی یاخود خەریكە لەبێهێزیدا گیان دەسپێرێت! مرۆڤایەتی و دەسەڵاتدارانی جیهان دەستیان بەچاویانەوە گرتووە لەئاست ئەم هەموو مرۆڤە بێلانەیەدا، لەئاست ئەم هەموو منداڵە برسییانەی كە شەوانە بە حەسرەتی پارووە نانێك و ژوورێكی گەرم لە كوڵانە ساردەكاندا رۆژ دەكەنەوە. ئەوەی گرنگە بەلای ئەوانەوە بستێك زەوی زیاتر و لیترێك نەوتی زیاترە، جگە لەهەژاری، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر مرۆڤ بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ و جگەرەكێشان و خراپی كوالێتی خواردنەكان، گیان لەدەست دەدەن، كەچی هیچ یەك لەم كێشانە وەك كۆرۆنا گەورەنەكراون و گرینگییان پێنەدراوە. ئەمە خۆی جێگەی سەسوڕمان و پرسیارە! بۆیە بە دووری نابینین ئەم(كۆرۆنا)یەش دروستكراوی دەسەڵاتدارانی جیهان خۆیان بێت و گەمەیەكی دیكەی سیاسی بێت، كە بەسەر مرۆڤی بەدبەختی ئەم سەردەمەدا دەیبارێنن. لەپێناو گەیشتن بە مەرام و مەبەستەكانی خۆیان. هەر بۆیەش بەو رادەیە گەورەكراوە و هەموو دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە. لەكاتێكدا خەڵك خەریكی شین و ڕۆڕۆیە لەدەست كۆرۆنا ئەوان لەژێرەوە خەریكی پیلان و بەرنامە داڕێژتنن لەسەر پشتی ئەم زەوییە بەدبەختە.

زۆرترین بینراو