كۆریای باكوور دوو یاریزانی دووانەی سڕكرد

كۆریای باكوور دوو یاریزانی دووانەی سڕكرد

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: دوو یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتیمانی خانمانی كۆریای باشوور بەیەكجاری سڕكران، كە دوو خوشكی دووانەن و سەركردایەتی هەڵبژاردەی خانمانی كۆریای باشووریان كردووە بۆ گەیشتن بە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆ 2020 كە ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
لی دای یون و لی جای یون، تەمەنیان 24 ساڵە، یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی خانمانی كۆریای باشوورن و یاری بۆ یانەی هینكۆك سانمییۆنگ دەكەن، كە یەكێكە لە بەهێزترین یانەكانی ئەو وڵاتە.
ئەو دوو یاریزانە سزادران، دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت كە لە قۆناغی خوێندنی ئامادەییدا، چەقاوەسوو بوونە، تووندو تیژییان بەرامبەر هاوڕێكانیان بەكارهێناوەو لە ژێر هەڕەشەی چەقۆدا پارەیان لە هاوڕێكانیان وەرگرتووە.
ئەم سزادانە چەند رۆژێك دوای ئەوە هات كە بەكارهێنەرێكی ئینتەرنێت، كە كچێكەو ئەو دوو ئەستێرەی بالەی بە چەقاوەسوویی و فێڵبازی لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی تۆمەتباركردو دووپاتیكردەوە ئەو دوو یاریزانە توندوتیژی جەستەیی و ترساندنیان بەرامبەری بەكارهێناوە، هەروەها بەوەشی تۆماتباركردن كە پارەیان لە هاوڕێكانی دیكەیان دزیوەو بە هەڕەشەكردن بە چەقۆ ترس و تۆقاندنیان لەنێو قوتابییە كچە هاوڕێكانیاندا بڵاوكردۆتەوە بۆ ئەوەی پارەیان پێبدەن.
چەند رۆژێك دواتر چوار خوێندكاری دیكەی كچ لە هەمان قوتابخانە، رایانگەیاند كە ئەو دوو كچە دووانەیە بەرامبەر ئەوانیش هەمان شتیان ئەنجام داوە.
لەو ساتەوەی بڵاوكراوەكان لەسەر ئینتەرنێت دەركەوتوون، ئەو دوو كچە ناتوانن لە شوێنە گشتییەكان دەربكەون، لە هەڵبژاردەی كۆریاش دەركران و یانەكەشیان گرێبەستەكەیانی هەڵوەشاندەوەو لە ئەنجامدا هەر یەكێكیان نزیكەی 900 هەزار دۆلاری لەدەستدا بۆ ئەو گرێبەستە ساڵانەی كە لەگەڵ یانەكەدا واژۆیان كردبوو.
جگە لەوەش ئەو خەڵاتانەی لە پێشبڕكێكانی پێشوودا وەریانگرتووە لێیان وەرگیرانەوە، هەموو ئەو بەرنامەو هەپەیڤینانەی لە میدیاكاندا لەگەڵیان كراون رەشكرانەوە، خەڵاتی دایكیش لە دایكیان وەرگیرایەوە، كە پێشتر بەهۆی رۆڵی لە پەروەردەكردن و ئامادەكردنی دوو وەرزشكاری پرۆفیشناڵ وەریگرتووە، چونكە لەو وڵاتە خەڵات بە هەر دایكێك دەدرێت كە منداڵێكی ببێتە وەرزشوانێكی پیشەگەر، چونكە لەوێ وەك قوتابخانەیەك سەیری دایكی وەرزشوانان دەكرێت.
دوای ئەوەی هەموو شتێك ئاشكرابوو، ئەو دوو یاریزانە هەر زوو داوای لێبوردنیان لە هاوڕێكانیان كرد، بەڵام داوای لێبووردنێكی درەنگ بوو، هیچی بۆ نەكردن.

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو