كۆلینا: پەشیمانم كە ئەوەم نەكرد

كۆلینا: پەشیمانم كە ئەوەم نەكرد

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: پێرلویجی كۆلینا، ناوبژیوانی پێشووی ئیتاڵیاو سەرۆكی دەستەی ناوبژیوانانی سەر بە فیفا، لە هەڤپەیڤینێكی نوێدا، باسی كاریگەرییەكانی ڤار بەسەر تۆپی پێ و پرسی دەستپێكردنەوەی یارییەكانی تۆپی پێ بەبێ هاندەر دەكات، دەشڵێت" پەشیمانم كە ناوبژیوانیەتیم بۆ هیچ یارییەكی مارادۆنا نەكردووە".
كۆلینا باسی سەرەتای بوونی بە ناوبژیوان دەكات و دەڵێت" لە تەمەنی 31 ساڵی لە خولی پلە یەكەكانی ئیتاڵیا، دەستم بە پیشەی ناوبژیوانی كرد تەمەنم زۆر بوو ئەگەر بە تەمەنی یاریزان بەراورد بكەی، بەڵام ئەو تەمەنە بۆ ناوبژیوان جیاوازە، لەوانەیە ئەوكات پیر دەركەوت بم، بەڵام لە راستیدا گەنج بووم".
كۆلینا، كە 6 جار بە باشترین ناوبژیوانی جیهان دەستنیشانكراوە، باسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەستێرەكانی تۆپی پێ دەكات، بەتایبەتیش دیێگۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی و رۆناڵدۆی بەڕازیلی و دەڵێت" پەیوەندییەكی جوانم لەگەڵ هەمووان هەبوو، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەستێرەو كەسایەتییە گەورەكان، هەرگیز ناوبژیوانیم بۆ یارییەكی مارادۆنا نەكرد، پەشیمانم كە ئەوەم نەكرد، ئەو ساڵێك بەر لە هاتنی من خولی ئیتاڵیای جێهێشت. لە سەردەمی من رۆناڵدۆ باشترین بوو، بەهرەمەندیی ئەو باوەڕپێنەكراو بوو".
سەبارت بە ڤاریش، كۆلینا دەڵێت" ڤار و پشتیوانی تەكنەلۆجیا زۆر یارمەتی ناوبژیوانانی ئێستا دەدەن، وەك هەموو شتە نوێیەكان، ناوبژیوانان دەتوانن و پێویستە خۆیان باشتر بكەن، پێموایە كارێكی زۆر دروستە ئێستا ڤار لە یارییەكانی تۆپی پێدا بەكاردەهێنرێت".
لەبارەی ئەگەری دەستپێكردنەوەی یارییەكانی تۆپی پێش بەبێ هاندەر، ناوبژیوانە بەناوبانگەكەی ئیتاڵیا، دەڵێت" بەڕێوەچوونی یارییەكانی تۆپی پێ بەبێ جەماوەر هەڵوێستێكی زۆر نامۆو تایبەتە، تەنانەت دەنگەكانیش جیاوازن، بەڵام ئەمە بڕیارە دروستەكەیە، ئێستا بارودوخەكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە زۆر زەحمەتە، ئەگەر لەنێوان دوو یارییدا سەرپشكم بكەن بۆ ئەوەی یەكێكیان بەڕێوە ببەم، یەكێكیان بەبێ هاندەرو ئەوەی دیكە بە هاندەرەوە، بێگومان دەڵێم ئەوەی بێ هاندەر زەحمەتترە بۆ ناوبژیوان".
كۆلینا، تەمەنی 60 ساڵە، لەدایكبووی شاری بۆلۆنیایە لە باكووری ئیتاڵیا، خێزندارەو دوو كچی هەیە، ئەو بەهۆی نەخۆشییەكەوە هەموو قژی لەدەستداوە، كە ئەوەش یارمەتیدەری بوو بۆ ئەوەی لەنێو یاریگەدا هەیبەت و سامێكی زۆرتری هەبێت.

زۆرترین بینراو