كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دەڵێت: رووداوەكەی باڵەكایەتی دەستی سیخوری ئێرانی لە پشت بووە

كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دەڵێت: رووداوەكەی باڵەكایەتی دەستی سیخوری ئێرانی لە پشت بووە

 

زاری كرمانجی- باڵەكایەتی: دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو لە رووداوێكی تەمومژاویدا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بارەگایەكیاندا لە بناری هەڵگورد بە دەستی پێشمەرگەیەكی خۆیان كوژراو یەكێكی دیكەیش بریندار بوو، سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دوای روونكردنەوەی ستادی نیزامی كۆمەڵە، روونكردنەوەیەك لەسەر رووداوەكە بڵاو دەكاتەوە و دەستی سیخوڕی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پشت كارەساتەكە ئاشكرا دەكات.

لە ڕاگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتكێشان سەبارەت بە ڕووداوەکەی ھەڵگورد هاتووە: وێڕای سپاس و پێزانین بۆ ھاوسۆزی و بە دەربەست بوونی دۆستان و دڵسۆزان و چالاکوانانی سیاسی لە دەرەوە وناوخۆی وڵات، حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵات و کاربەدەستانی حکومەتی ھەڕێم لەو ناوچەیە. بەمجۆرە ھەموان ئاگادارتان دەکەینەوە کە لەو کارەساتەدا دەستی سیخوڕی و خیانەت بە پیلانگێریی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و، کەمتەرخەمی و ناوشیاری و کەموکوڕی خۆمان ھۆکاری رووداوەکە بوون.

راشیدەگەیەنێت: پڕۆسەی بە دواداچوون ھەر وەک پێشوتریش وتبومان، بەردەوامە و لە ڕۆژانی داھاتودا ھەموو ھۆکاری ڕووداو و پیلانەکە بە ئاگاداریی ڕای گشتیی دەگەیەنین.
بەرەبەیانی رۆژی 17-5-2020 لە بارەگایەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بناری هەڵگورد لە دەڤەری باڵەكایەتی، بەهۆی دەمەقاڵێ شەڕ لە نێوان چەند پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە دروستبوو، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك بەناوی (ئاروین ئەرسەلانی) خەڵكی سنە، گیانی لەدەستدا و یەكێكی دیكەیش بەناوی (موسا) بریندار بوو، دوای رووداوەكە تەرمی ئەو پێشمەرگەیە لە ناوەندی سكرتاریەتی ئەو حزبە بەخاك سپێردرا و بریندارەكەش رەوانەی هەولێر كرا.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، دوای رووداوەكە لەو رۆژەوە شەش پێشمەرگەی ئەو حزبە لە بارەگاكەیان دیار نەماون و بارەگاكەیان جێهێشتووە.

زۆرترین بینراو