كۆندۆم چیە و سوودەكانی چین؟

كۆندۆم چیە و سوودەكانی چین؟

كۆندۆم تەنها شێوازێكە لە ڕێگری كردن لە منداڵبوون كە دوو سوود لە بەركارهێنانی هەیە، هەم وەكو ڕێگری كردن لە دووگیان بوون بەكار دەهێنرێت، هەروەها وەك هۆكارێك بەكاردێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەكانی كۆئەندامی زاوزێ (sexually transmitted infections (STIS)). دوو جۆری سەرەكی كۆندۆم هەن و بەربلاوترینن لە بەكارهێنانیان، كۆندۆمی پیاوان كە ئەندامی نێرینەی پیاو دادەپۆشێت، وە كۆندۆمی ئافرەتان كە لەناو بۆڕی زێ جێگیر دەكرێت. كۆندۆمی پیاوان لە مادەیەكی زۆر تەنكی كوالیتی بەرز دروست دەكرێت، لە كاتی جووتبوون ڕێگری دەكات لەوەی سپێرمی پیاو تێپەربێت بۆ ناوەوەی كۆئەندامی زاوزێی ئافرەت.
ئەگەر كۆندۆم بە شێوەیەكی دروست بەكاربهێنرێت، بە ڕێژەی 98 لەسەدا ڕێگری دەكات لە دووگیانبوون، ئەمە مانای وایە لە ساڵێكدا لە نێوان سەد ئافرەت دو ئافرەت دەشێ سكپڕ بن سەڕەڕای ئەوەی كە كۆندۆمیان بەكار هێناوە. بۆ ئەمەش لە ڕووی پزیشكییەوە چارەسەرییەكی دیاری كراوە هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە لە كاتی دڕان، تەقین یا تێكچوونی كۆندۆم مەترسی سكپڕبوونیان هەیە. جۆرە حەبێك بەرهەمهێنراوە بەناوی حەبی فریاكەوتن بۆ رێگەگرتن لە سكپڕی نەخوازراو، كە پێویستە حەبەكە لە ماوەیەكی كەمتر لە 72 كاتژمێر دوای جووتبوون بەكار بهێنرێت.(ئەو جۆرە حەبە ئەبێ دكتۆری پسپۆری ئافرەتان بینوسێت تا ڕێگری بكرێ لە خراپ بەكارهێنانی حەبەكە).
كۆندۆم پێویستە لە شوێنی گونجاو و پلەی گەرمی گۆنجاو هەڵبگیرێت (نە زۆر گەرم نە زۆر سارد). دوور بێ لە شتی تیژ و گڕ تا نەبێتە هۆی دروست بوونی كون لە كۆندۆمەكەدا.
بەكارهێنانی كۆندۆم لە چێژی كرداری سەرجێیكردن كەمناكاتەوە بەڵكو دەشێ بەپێی جۆری كۆندۆمەكە هەندێ سوودی تری هەبێت. ئەوەی زۆر پیوستە لێرە باسی لێوە بكرێت كۆندۆم ناكرێ لەیەك جار‌ زیاتر بەكاربهێنرێت. هەروەها وەك هەموو شتەكانی تر ‌پێویستە ڕەچاوی بەرواری بەسەرچوونیش بكرێت.
چۆنییەتی بەكارهێنان:
لە كاتی دەرهێنانی كۆندۆم لە پاكەتەكەی پێویستە بە هۆشیاریەوە دەربهێندرێت تا كۆ یا دڕانی تێدا دروست نەبێت، بەتایبەت بەهۆی حەلقە و خشڵا و كەلوپەلەكانی ڕازاندنەوە یان نینۆك. هەرگیز پاكەتی كۆندۆم نابێت بە هۆی دەم بدڕێندرێت. ئەگەر بڵقی هەوا لە سەری كۆندۆمدا بێت پێویستە بەتاڵ بكرێتەوە. دوای ئەوە كۆندۆمەكە لەسەر سەری ئەندامی نێرینەی پیاو دائەنرێت وە بۆ لای خوارەوەی رادەكێشرێت ، ئەگەر لە راكێشانەكەدا كێشە دروستبوو ئەوا بە شێوەی هەلە بەكارهێنراوە پێویستە فرێ بدرێت وە كۆندۆمێكی تر بە ئاراستەی دروست بەكاربهێنرێت.پێویستە كە بەكارهێنەر ئاگاداری ئەمە بێت كە دوای لابردنی كۆندۆم بە هیچ شێوەیەك ناكرێ ئەندامی نێرینە بەر ئەندامی مێینە بكەوێت ڕەنگە چووكی پیاو هێشتاش سپێرمی پێوەبێت.
* سپێرم واتا تۆی پیاو
كۆندۆم، لە كوردی بە كیف یان بەرگە چووك ناودەبرێ.
ئامادەكردن: هەرمان جەعفەر
سەرچاوە: www.nhs.uk/conditions/contraception/male-condoms/

 

زۆرترین بینراو