كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی ئیبن و ئادەمی باڵەك بەڕێوەچوو

كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی ئیبن و ئادەمی باڵەك بەڕێوەچوو

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ
بە بەشداری دەیان كەسایەتی زانستی و ئایینی لە زانكۆی سۆران كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی ئیبن و ئادەمی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كۆنفڕانسەكەدا دكتۆر مسلیح مستەفا، سەرۆكی زانكۆی سۆران وتارێكی پێشكەشكرد و لەسەرەتای وتارەكەیدا باسی لە كەسایەتی ئیبن و ئادەم كرد.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا سەرۆكی زانكۆی سۆران باسی لەوەكرد كەوا گەلی كورد ژمارەیەكی زۆری زانا و كەسایەتی ئاست بەرزی هەبووە، بەڵام بەهۆی لەناوچوون و ونبوونی بەرهەمە زانستییەكانیان نەمان توانیوە سوود لە زانست و زانیاری ئەوان وەربگرین، بۆیە پێویستە زانكۆ و ناوەندە زانسییەكان هەوڵ بۆ دۆزینەوە و پاراستنی بەرهەمی ئەو زانایانە بدەن.
سەرۆكی زانكۆی سۆران گوتیشی:" دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ كۆكردنەوە و پاراستنی بەرهەمی زانستی كەسایەتییە كوردەكان، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كوردی.
دكتۆر هێمن عومەر، بەڕێوەبەری كۆنفڕانسەكە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:" بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی زانكۆیەكانی كوردستان زانكۆی سۆران دەستی بە پڕۆژەی دەستنووسخانە كرد، ئەم دەستنووسخانەیە دۆزینەوەی دەستنووسەكان و كۆكردنەوەیان و پاراستنی بەرهەمە زاستییەكان بە ئەركی خۆی دەزانێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەدەیان زانا و ناوداری كورد هەیە كەوا مێژووی كورد و توێژەری كورد لێی بێئاگایە.
ئەمە سێیەمین كۆنفڕاسی زانستی نێودەوڵەتییە كەوا لە لایان دەستنووسخانەی زانكۆی سۆرانەوە بەڕێوەدەچێت. ئەم كۆنفڕانسە دوو رۆژ دەخایەنێت، ژمارەیەكی زۆری توێژەر لە هەر چوار پارچەی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی بەشداربوونە، لەم كۆنفڕانسەدا 27 توێژینەوەی زانستی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی و هەروەها بە لاتینی پێشكەش دەكرێن. ئەمە لە كاتێكدایە دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران لەم كۆنفڕانسەدا دوو دەستنووسی ئیبن و ئادەمیان نوێ كردوتەوە و بە چاپگەیاندووە، جگە لەوەی دوو پەرتوكی تریشمان بەچاپ گەیاندووە. بەڕێوەبەری كۆنفڕانسەكە راشیگەیاند: ئەركی زانكۆیەكانە ئەم سەرمایە زانستییە كۆبكاتەوە و وەك سەرمایەكی نەتەوەیی بپارێزرێت، وەك دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران بەردەوام دەبین بۆ گەڕان بەدوای بەرهەم و زانستی كەسایەتی و زانا كوردەكان.
لای خۆشیەوە عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان و نوێنەری بنەماڵی ئیبن و ئادەم گووتی:" كۆنفڕانسی ئیبن و ئادەم كەوا لە لایان زانكۆی سۆرانەوە رێكخراوە بە هەنگاوێكی گرنگ و بایەغداری لە قەلەم دەدەین، چونكە زۆر گرنگە لە ئێستادا زانا دێرینەكانی كورد بە نەوەی نوێ بناسێنرێت و بتوانرێت سوود لە زانستی ئەوان وەربگرن، چونكە بەشێكی زۆری نەوەی نوێ بێ ئاگان لە هەبوونی دەیان زانای وەكو ئیبن و ئادەم، كەوا ئەم زانایانە كەسایەتی گەورە و بەرهەمدارن، ئەگەر بتوانرێت سوود لە زانستی ئەوان وەربگیردرێت، ئەوا گرنگیەكی زۆری بۆ توێژەر و خوازیارانی زانست دەبێت.
عەبدوڵڵا سەعید راشیگەیاند: ئیبن و ئادەم لەو سەردەمەدا كاری لەسەر هەر یەك لە بواری ( زمانەوانی، ڕەوانبێژی، فیهق و ئۆسۆڵ، عیلمی مەنتق، علمی عەقیدە، شەریعەت، مێژوو، فەلەك ناسی، شیعر) كردووە، بۆیە ئەركی ناوەندە زانستییەكانە كەوا نەوەی نوێ ئاشنای زانستی ئەو زانایانە بكات.
سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان ڕاشیگەیاند: زۆر گرنگە مامۆستایانی ئایینی و زانایانی ئایینی بەشداری لەم جۆرە كۆنفڕانسانەدا بكەن و سوودی زۆری لێوەرگرن، ئەمەش بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئایینی بتوانن زیاتر خۆیان ببەستنەوە بە سەرچاوە كوردییەكان و توێژینەوەی زیاتر لەسەر بابەتە ئایینییەكان بكەن.

زۆرترین بینراو