كۆچی گەنجان مەترسی بۆ داهاتووی هەرێم درووست دەكات

كۆچی گەنجان مەترسی بۆ داهاتووی هەرێم درووست دەكات

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: یەكێك لەو پرسانەی ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردی بۆتە جێگای قسە لەسەر كردن، ئەویش كۆچی گەنجان و كەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەر گیرییە، بە پێی ئەو ئامارانەی هەن ساڵ بە ساڵ خەڵكێكی بەرچاو كوردستان جێ دەهێڵن و روو لە دەروەی ووڵات دەكەن بۆ قسە كردن لەسەرە ئەم پرسە زاری كرمانجی پرسیاری ئەوەی  ئاراستەی ژمارەیەك چین و توێژی كۆمەڵگە كردووە، *ئایە كۆچی گەنج و كەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەر گیری تا چەند كاریگەری دەبێت لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی؟ ئەوانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

هەوار محەمەد: ئەوانەی كۆچ دەكەن بەزۆری رەگەزی نێرن


 هەوار محەمەد، ئافرەتێكی دانیشتوی سلێمانیە ئەو چەند ساڵێك لەمەوبەر لەگەڵ خانەوادەكەی روویان لە وڵاتی ئەڵمانیا كردوو دواتر گەڕانەوە كوردستان، هەوار كتێبێكی بە نێو نیشانی رێگەی هات و نەهات بڵاوكردەوە لە بارەی كۆچی گەنجان و كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دەڵێت" بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێكە دیاردەی كۆچ دەستی پێكردوە، كۆچی گەنجان لە دیاردەوە بۆ نادیار هەروەها جێهێشتنی ماڵ و خێزان ونیشتیمان و ئەوەی هەیان بێ جگە لە گیانیان ، خۆ دانە دەست قەدەرێكی نادیارو بێ بەرنامە رۆیشتن و بەخەیاڵ وابزانی ووڵاتی خەونەكان لە جێهێشتنی ووڵاتی خۆت دەست دەكەوێت، بێگومان هەڵەیەكی زۆر گەورەیە چونكە  كۆچی ئەوان زیان بە ئابوری وكۆمەڵایەتی دەگەیەنن ئەوانەی كۆچ دەكەن بەزۆری رەگەزی نێرن، ئەمەش تەرازووی كچان و كوڕان لاسەنگ دەكات، لەبەرامبەردا كچان ئەمێننەوە و ئەبێتە هۆی قەیرەبونی ئافرەتان و هەروەها كوڕانیش، چونكە ئەوانەی كۆچ دەكەن ئایندەیان دیار نیە وەك منداڵێكیان لێ دێت لە ئەوڕوپا چونكە كلتوور و ئای و زمانیان جیاوازە تا لەگەڵیان رادێن و فێرەبن كاتێكی زۆری دەوێ جگە لەوەش مەرج نیە ئەو كوڕانە ئافرەتی كورد بهێنن ئەگەریش بیهێنن تەمەنێكی زۆر مناڵتر لەخۆیان دەهێنن، پێویست لایەنی پەیوەندیدار زیاتر گرنگی بە گەنجان بدەن وهەلی كاریان بۆ بڕەخسێنن تا چیدی نیشتیمان خۆشەویست بێت و هەستی نەتەوایەتی بەهێزبێت وچیدی گەنجەكان رێگەی هات ونەهات نەگرنەبەر.


زبێدە رەشید: بە كەمبوونەوەی هاوسەرگیری ئاسایشی كۆمەڵایەتی شلۆق دەبێت 


زبێدە رەشید، قوتابی زانكۆی سۆران گووتی" كۆچی گەنجان بۆتە دیاردەیەكی دیاری ئێستای كۆمەڵگەی كوردی، بەهۆی  چەندین فاكتەرو هۆكاری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، دەروونی.. ئەمەش وادەكات ڕێژەی گەنجان كەم بێتەو و كەمبوونەوەی ڕێژەی گەنجیش بێگومان كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری  هەیە، هەموو شتێك  كە ببێتە دیاردە كاریگەری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگە درووست دەكات، بە تایبەتیش  كاتێك دیاردەكە پەیوەستە بە دیارترین كلتووری كۆمەڵگە و ژیانی كۆمەڵایەتی و بابەتێكی وەك هاوسەرگیری، كە پێشتر باسمان لە گرنگی ئەم پڕۆسە كۆمەڵایەتییە كرد بۆ سەر ژیانی كۆمەڵایەتی، بێ گومان كاریگەرینەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی و كۆی ئەو گرنگییە هاوسەرگیری هەیەتی  كەم ببێتەوە، كەواتە بەپێی ئەم لێكدانەوەیە بۆمان دەر دەكەوێت كە پڕۆسەی هاوسەرگیری خاوەن كاركرد و فەنكشنێكی كۆمەڵایەتییە، هەر كردێكی كۆمەڵایەتیش بەرپرسیاریەتیەكی سەقامگیری كۆمەڵایەتی دابین دەكەن، بۆیە بەنەمان یا كەمبوونەوەی هاوسەرگیری ئاسایشی كۆمەڵایەتی شلۆق دەبێت و دەكەوێتە بەر لاسەنگ بوونی ئاسایشی ژیانی كۆمەلایەتی.


نیشتیمان هەڵەبجەیی:  كەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیریی كاریگەریی  هەیە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی


نیشتمان هەڵەبجەیی، چالاكوای مەدەنی لە پارێزگای هەڵەبجە لەسەر هەمان پرس ئەوەی خستەڕوو" كۆچی گەنجان و كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیریی كاریگەریی زۆری  هەیە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەم رووانەوە نەمانی متمانەی گەنجان بە ئایندەیان كە هۆكارە بۆ تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، نەوەیەكی بێ سەروبەر دروست دەبێت و دوایی سەرەنجامیشی باش نابێت و چەندین دیاردەی دزێو لە كۆمەڵگەدا سەرهەڵدەدات، لەوانە: پەنابردنە بەكاری ناشەرعی و ناباوی كۆمەڵایەتی و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر و جگەرە و نێرگەلە، بردنەسەری زۆربەی كاتە زێڕینەكانی گەنجان لە كافتریا و نێرگەلەخانە و یانەكانی شەوان و بێهوودەبوون لە ژیاندا، تێكچوونی شیرازەی خێزان و سەرهەڵدانی كێشە خێزانییەكان بەهۆی مانەوەی كچانێكی زۆر لە ماڵەكاندا و كوڕانێكیش كە ناتوانن پرۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن، هەروەها كەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیریی سەردەبات بەرەو دیاردەی دزێو و ناپەسەندی ناو كۆمەڵگەی كوردەواریی، دوا ساتیش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی دەستدرێژیی و شەڕ و ئاژاوە و هەندێ جاریش سەردەبات بەرەو كوشتن و دڵەڕاوكێ و ژیانێكی ناسەقامگیر.


هەژار مەجید: لێرە بەتەنیا گەنج كۆچ ناكات بەڵكوو هەموو تەمەنێَك لە خۆ دەگرێت


هەژار مەجید، رۆژنامەنوس و پارێزەر، بۆ چونێكی جیاوازتری هەیە لەسەر ئەم پرسەوە ئەو پێی وایە وشەی كۆچی گەنجان دروست نیەو رایدەگێنێت" وشەی كۆچی گەنجان هەڵەیە بۆ دەرەوەی ووڵات بەتایبەت ووڵاتانی ئەوڕوپا چونكە ئەوەی كە كۆچ دەكات تەنها گەنج نیە وە هیچ داتا و ئامارێك نیە ئاماژە بەوە بكات كە ژمارەی و ڕێژەی ئەو كەسانەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە كۆچ دەكەن گەنج بن چونكە خەڵكانی خاوەن خێزان و منداڵیش كۆچ دەكەن وە كۆچی ئەو جۆرانە ئێستا بەرچاوترە لە كۆچی گەنجان، راستە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ئەو كەسانەی كە كۆچیان دەكرد گەنج و لاوەكان بوون بەڵام ئێستا لە هەموو توێژەكان كۆچكردن بوونی هەیە وە ئەگەر بێن قسە لەبارەی ئەوە بكەین كە ئایا كۆچ كردنی خەڵك بۆ دەرەوەی عێراق كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری یان كەمبوونەوەی ڕێژەی پڕۆسەی هاوسەرگیری من پێم وانییە ئەو كاریگەرە بەرچاوەی هەبێت ئەگەر هەشیبێت ڕێژەیەكی كەمە، بۆ نمونە ئەو گەنجەی كۆچ دەكات دوای چەند ساڵێك مانەوەی لە ئەوڕوپا دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ئیقامە و تەنانەت رەگەزنامەی ئەو ووڵاتەش كە ژیانی لێبەسەردەبات كە دەگەڕێتەوەش بە دڵنیاییەوە هاوسەرگیری دەكات، بەڵام ئەوەی كە گرفتی بۆ كەنبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری دروستكردوە قەیرانی داراییە، ناسەقامگیری ناوچەكەیە، نەبوونی كارە، دانەمەزراندنە ئەوە كاریگەریەكی زۆری دروست كردووە و دەتوانین بڵێین: ئەوانە هۆكاری سەرەكین بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی دروستبوونی پڕۆسەی هاوسەرگیری لە كوردستان تەنانەت هەندێك جار بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكانیش، ئەگەر سەیربكەی ئاماری داداگاكانی باری كەسی لە هەرێمی كوردستان وەربگری دەبینین ژمارەی جیابوونەوەی هاوسەرەكان ساڵ لە دوای ساڵ رووی لە زیاد بوونە، پێم وایە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان قەیرانی دارایی و نەبوونی هەلی كارە سەرباری كۆمەڵێك گرفتی تری كۆمەڵایەتی، بۆیە واینابینم كە رۆیشتنی گەنجان ئەو كاریگەرییە بەرچاوەی هەبێ ئەگەر هەشیبێت بەو ڕێژەیە نیە كە شایەنی باسكردن بێت، چونكە وەكو باسم كرد ئەو خەڵكانەی كە كۆچ دەكەن زۆربەیان بە خاو و خێزانەوە كۆچ دەكەن واتا پێشتر پڕۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجام داوە و بەشێكیان تەمەنییان روو لە هەڵكشانە.

غەریب حسێن: ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ دۆخێكی مەترسیدارە

توێژەری كۆمەڵایەتی غەریب حسێن، لە قەزای سۆران  رایگەیاند" كۆچكردن بریتیە لە جێهێشتنی خاك و نیشتمان و نیشتەجێ بوون لە خاك و نیشتمانێكی تر، كۆچكردن چ كاریگەرەكی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی هەیە، گەنجان توێژێكی گرنگی كۆمەڵگەن و سەرمایەكی گەورەی مرۆین ئەگەر بینیمان كۆچكردن لە ووڵاتێك بوە لێشاو و پۆل پۆل نیشتمانیان جێ هێشت ئەوا جێی هەڵوەستە و پرسیارە، ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ دۆخێكی مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەرێكی خێرایە، لە هەموو دونیا گەنجان داینەمۆی گۆڕانكاری و ئومێدن، بەڵام لە كوردستان خەریكە گەنجان چیتر نابنە ئەو توێژە گرنگە چونكە بەتەواوی لە كەرتی گشتی و تایبەتی پەراوێزخراون ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری  لەسەر  ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەبێت و تێك دەچێت، چونكە گەنجانن دەبنە هێزی كارو بەرگری و پێشكەوتن، كۆچی گەنجان  دیاردەیەكی  جیهانیە لە ووڵاتێك بۆ ووڵاتێكی تر، بۆ ئەوەی داخوازی خۆیان بەدەست بێنن  ژیانێكی خۆشتر بژین." سەبارەت بە هەرێمی كوردستان دۆخەكە مەترسیدارە  چونكە بێ ئومێدی گەنجان لە ئایندەی كوردستانە، دۆخی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و نایەكسانی و ناعەدالەتی بەشێوەیەكە گەنجانی بێ ئومێد كردوە، لەلایەكی ترەوە بەڵێنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و دەسەڵاتدارەكان لە لەڕابردو بەرامبەر داواكاریەكانی گەنجان وایكردوە بێ متمانەیی تەواو دروستبووە كارو ژیانیان بۆ فەراهەم ناكرێ، لێرەدا ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە ئاستێكی مەترسی و ناتەندروست چونكە بێ متمانەیی لەنێوان تاكەكان تەواو دروست بووە دوركەوتنەوە لە نێوان حزبەكان و هاووڵاتیان دروست بووە سایكۆلۆژیای تاك توشی شپرزەیی بووە، هیچ لایەن و بوارێك مانیفێست ناكەن، ئاسایشی كۆمەڵایەتی یەكێكە لەپایە هەرە گرنگەكانی ئاسایشی نیشتمانی لێرەدا ئەو پایە گرنگە توشی ڕوخان هاتوە و گەنجان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری و هەڵی كار ودەرونێكی ئارام دوركەوتونەتەوە، بۆیە كاریگەری كۆچكردنی گەنجان زۆر بەڕوونی بەكۆمەڵگەكەمان دیارە."


غەریب حسێن ئەوەشی گووت" دیاردەی كۆچكردن لە عێراق و كوردستان بۆ ووڵاتانی ئەوڕوپا و ئەمریكا بەهۆی ناسەقامگیری  ووڵات لەڕوی سیاسی و ئابوری  كۆمەڵایەتی و زیادبوونی  توندووتیژی و شەڕ بووە، دواجار بەردەوامبوونی ئەو دۆخە هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگە و تێكچوونی تەواوی كایەكانی ژیانی بەدوادادێت، بۆیە بەگۆڕینی شێوازی دەسەڵاتداری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری ئەتوانرێت ئاهێكی تر بەبەر كۆمەڵگەیەكەمان بداتەوە و بەشێكی گرنگی ئەو گۆڕانكاری و چارەسەریانەش هاووڵاتیانن و گەنجانن بە تایبەتی، هەرچی زووە پێویستە ئاوڕێكی جدی لە كۆچی گەنجان و هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگە بدەنەوە.

زۆرترین بینراو