كێشەی ژن لە ژێر چەتری سیستەمی خێڵدا


هێڤی عومەر
ژن ئەو مروڤەی بەشێكی گرینگی كومەڵگەی پێكهێناوە، بۆتە سەرچاوەی ژیان، بەڵام زوور جار ڕوبەڕووی كومەڵێك كێشە دەبێتەوە لە كومەڵگەدا، ئەم كێشانەش بۆ كۆمەڵێك بیركردنەوەی نەرێنی دەگەرێتەوە كە دبنە ڕێگرو نایەڵن ڕوڵی خۆی لە سێكتەرە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگەدا ببینێت. ئەم بیركردنەوە نەرێنیانەی سەبارەت بەژن هەن، دەرهاوێشتەی پەروەردەیەكی شكست خواردووی نەریتی خێڵن، چونكە نەریتی خێل تایفەگەریە و سیستەمەكەی كومەڵێك ڕێساو یاسای تێدایە نەك تەنها ژن، بەڵكو پیاویش ژێردەستەیە و ناتوانێت ڕوڵی خۆی بگێرێت. چونك سیستەمەكە دەربەگایەتیە و یەك تاكە ئەقڵ حوكم دەكات و بیركردنەوەو بیروڕای جیاوازی تیادا نییە.
ژن لەكومەڵگەی خێلدا بەپلە دوو هەژمار دەكرێت و لەیاساو نەریتی خێڵدا بەپشت هەژمار نەكراوە، ژن لە كومەڵگەدا بەرەگەزێكی لاواز سەیری دەكرێت لەڕووی جەستەوە، چونكە پێیان وایە كەوا ژن لاوزە ناتوانێت بلوكێك هەڵگرێت، بیر لەوەناكەنەوە كەوا ژن بلوك هەڵناگرێت، بەڵكو مروڤ هەڵدەگرێت لەزكیدا بۆ ماوەی نۆ مانگ.
لەكولتووری خێلدا، كچ موڵكی باوكە، باوك بۆی هەیە وەكو كاڵایەك بەكار بهێنرنَت و مامەڵەی پێوە بكرێت، جاچ بۆ خۆی و كوڕەكانی بە ژنی دابا، بێ ئەوەی بۆچوونی و رازمەندی ئەو ئافرەتە وەر بگیرێت، ئەمە لە كاتێكدا ژنیش وەكو پیاو مروڤە، مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، ئەم دیاردەیە بە ژن بەژنی ناسراوە، زۆر جار كێشەی كومەڵایەتی لێكەوتوتەوەو بۆتە هۆی لێكترازانی خێزان، هەر بەهۆی دەمارگیری تاكایەتی و ڕەگەزی و تایفەگەری و بوونی كێشە لەنێوان خێلەكاندا، ژن و ژن خوازی نەدەبوو، ژن دەبووە قوربانی دەری كێشەی نێوان خێڵ و بنەماڵەكان، زۆر جار بەهۆی بوونی ئەم كێشەیە، ئەگەر هاتبایە كەسێك لەدەرەوەی بازنەی خێڵدا هاتبایە داوای كچێك ئەوا ئەوكچە ڕووبەڕووی كێشەی خێزانی دەبووە ئەشكەنجەدەدرا و لەلایەن خێزانەكەیەوە زۆر جار بەهۆی ئەشكەنجەی زۆرەوە ئەم كچە گیانی لەدەستدەدا و یانیش لەژێر فشاری دەروونیدا كوتایی بەژیانی خۆی دەهێنا.
كێشەژن لێرەدا تەواو نابێ، بەڵكو لە كۆمەڵگەیەكی بازنە چەقبەستووی داخراودا، بەچاوێكی كەم سەیر ژنی تەڵاقدراو دەكرێت، ئەگەر ژن لەماڵی هاوژینەكەی چەند ئەشكەنجە بدرێت و توندوتیژی دژی بكرێت، ئەوا ئەو ژنە بۆی نیە و عەیبەیە گلەیی بكات و داوای مافی خوی بكات، كاتێكیش ژن هاوژینەكەی وەفاتی كردبا، ئەوا بە زۆر لە لایەن شوبراكەیان مارە دەكرایەوە.
لە نەریتی خێڵ و دەرەبەگایەتیدا، عەیبەبوو بخوێنێت، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كومەڵێك شاعیری كورد لە ڕێگەی شیعرەكانیەوە كۆمەڵگە هوشیار بكەنەوە هەریە كە لە حاجی قادری كویی ، پیرەمێرد و بێكەس. لەم شیعرەی بێكەسدا دەردەكەوێت و داوا دەكات كە نەریت تێك بشكێندرێت و كچیش بخوێنێت و دەڵێت:
مەڵێ من كچم توش وەكو منی
موحتاجی عیلم و فەنو خوێندنی
مەجبووری ئیش و خزمەت كردنی
هەستە تێكوشە تاخوێنت گەرمەسەرپوش فرێدە چ وادەی شەرمە
دیاردەیەكی تری هەرە زەق و بەرچاو ئەوەیە كەوا عەیبە ژن كار بكات، ئەگەر كاریش بكات تەنها كومەڵێك ژن وەكو مامۆستاو دكتۆر دامەزراون كاریتر وەكو دوكاندارو كاری سەربازی لە لایەن زۆربەی خێزانی كومەڵگەوە عەیبەیە ئەگەر هەشبێت تەنها تاكەكەسێكن، ئەمەش وای كردووە ژن بێتە بونەوەرێكی بەكار بەر نەك بەرهەم هێنەر خاوەن كەسایەتی سەربەخۆی خۆی نەبێ، ببێتە پاشكۆی پیاو پشت بەخوی نەبەستێت.

زۆرترین بینراو