كێ جاشە و كێ كورد فرۆش تكایە قەلەم و زمانتان كەرەنتینە بكەن

ئیسماعیل ئیبراهیم

ویستی نەتەوەی عەرەب بۆ لاوازتر كردنی كیانی سیاسی هەرێم تا دێت بەهێزتر دەبێت، جگە لە گوشاری سیاسی و ئابووری كاری جددی دەكات بۆ درز خستنە نێو ماڵی كورد، ئەمە لە هزری شۆفینزمی عەرەبی چەقیوەو بە پاڵپشتی ئیران و توركیا كاری جددی لەسەر دەكرێت.
پێویستە ئەركی لە پێشینەی سەركردایەتی سیاسی و دامەزراوە پەیوەندارەكان و رۆشنبیر و نووسەرانی هەرێمی كوردستان رووبەڕووبوونەوەی ئەم پیلانە بێت، نەك خزمەتكردن بە ئامانجەكانیان.
پیلانی عێراقی عەرەبی دەستەمۆكردنی نەتەوەی كوردە تا ئەندازەی نەهێشتنی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆسپ درووستكردن لەبەردەم ئەم ویستەی حكومەتی عێراقیش جگە لە پلانی هەمەچەشنەی حكومەت و لایەنە سیاسییەكان، یەكڕیزی نێو ماڵی كوردی پێویستە، لەم قۆناغە مەترسیدار و هەستیارە ئەركی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و نووسەران زۆر زیاتر نەبێت كمتر نییە لە لایەنە سیاسییەكان، رەخنەگرتن لە هەڵوێستی لایەنێكی سیاسی یا نووسەرێك زۆر ئاساییە و دەشێ سوودی لێ ببیندرێت.
بەڵام تەخوین كردنی خەڵك بە جاش و خائین و وڵات فرۆش لەم دۆخەی ئێستا خزمەت بە نەتەوەیی كورد ناكات، بە پێچەوانە بەرپرچدانەوەی توندتری لێ دەكەوێتەوە.
ئەو كەناڵ و ماڵپەڕانەی بە بەردەوامی خەریكی ئەم كارەن و دەبنە سكۆی بە خائین ناساندنی ئەم و ئەو پێیان وانەبێت تەنها زیان بە لایەنی بەرامبەر دەگەینین، بە پێچەوانەوە بەر لە هەموو لایەن زیان بەو لایەنە دەگەینێت كە لە پشت دامەزراوەكەیەتی، لەویش مەترسیدارتر زیان گەیاندنە بە ئاسایشی نەتەوەیی و نەهێشتنی ئینتیما.
بۆیە پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبەكانی دیكەش رێگە لەو دەم شڕییەی هەندێك قەلەم بەدەستی نێو دامەزراوەكانی فەرمی و سێبەر بگرن كە بۆ نان و پیوازێك هەر خەریكی بەشینەوەی ناسنامەی نیشتمانپەروەری و خیانەتن بە ئەم و ئەو، هانی داواكاری گشتی بدەن بۆ نەهێشتنی ئەم ڤایرۆسەی لە ناو راگەیاندنەكانەوە هەیە.
سیستەمی بەڕێوەبەردن لە كوردستان بێ كەموكورتی نییە، شێوازی حزبایەتی و سیاسەتكردنیش پڕە لە خەوش.
لایەنی سیاسی ژیر دەبێ بیر لەوە بكاتەوە هۆكاری تیر تێ گرتنی نەیارانی چین نەیانهێڵیت و خزمەتی زیاتر بكات.
كەسێك یا لایەنێك خیانەتی نەكردبێت، هەموو سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەكانی سێبەر بەكار بخەیت ناتوانی قەناعەت بە خەڵك بێنی كە خیانەتی كردووە.
خزمەتكردنیش بە میدیا و سۆشیاڵ میدیا ناشاردرێتەوە، ئەركی راگەیاندنیش گەیاندنی رووداوەكانە وەك خۆی ئیتر خوێنەر، بینەر و بیسەر دەبێ بڕیار بدەن خیانەتە یا خزمەت.

زۆرترین بینراو