كەبابی مام دەروێش سەوقاتی سۆران

كاروان كەریمخان گوندەژۆری
‎بەرێوەبەری ناحیەی خەلیفان

هەر وڵات و شارێك سەوقات و خواردنێكی هەیە یان بە پیشە و كارێك بەناوبانگە. بۆ نموونە چەرمی ئیتاڵیا، چوكلیاتی سویس، عەتری فەڕانسا، كەوچكی دارینی ڕۆمانی، قاوەی توركیا، عەقیقی یەمەن، لەعلی بەدەخشان، گەزی ئیسفەهان، لە كوردستانیش ماستی هەولێر، گەزۆی سلێمانی، كەلاشی هەورامان، گێلاسی شنۆ، شەڕابی سەردەشت لە دەڤەری سۆرانیش شەربەت ئەخشۆ، كەبابی مام دەروێش، ڕێواسی باڵەكایەتی، گوێزی مەلەكان و... دیانا یان سۆران ئەو شارەیە كە زەمانێك بە شەربەت ئەخشۆ و تا ئەم چەند ڕۆژەش هەر بە كەباب دەروێش ناوبانگی رۆیشتبوو. شاری سۆران و گەورەبوونی زیاتر بەرهەمی دوای ڕاپەرین و حكومەتی هەرێمی كوردستانە. پێشتر ئەم شارە هەندێك ناسنامەی تایبەت بە خۆی هەبووە. یەكێك لەو ناسنامانە شارێك بووە لە ئەنجامی ڕاگواستن و گوند سووتاندن لە لایەن عێراقییەكان فراوان بووە. هەروەها شاری پێكەوە ژیانە پێكەوە ژیانێكی خۆڕسك كە بەبێ دامەزراوەی ڕێنیشاندەر ڕیشەی لە ناو فەرهەنگی خەڵك دابووە. یەكێك لە هۆكارەكانی ناوبانگی ئەم شارە هەبوونی فەرهەنگی خواردنی تایبەتی و درووستكاری بووە. شەربەت ئەخشۆ، كەبابی مام دەروێش و شتگەلی لەم چەشنە هێما و سەوقاتی ئەو شارە بوون. ئەڵبەتە ناكرێ ڕەخنە لەو قسەیە بگیرێ و بگووترێ بۆ مەگەر ئەو شارە جگە لە كەباب هیچی دیكەی نیە. ئەم شارە دەیان كەس و شتی بە نرخی تێدایە، بەڵام فكوسی ئەم نووسینە لە سەر سەوقات و ناوبانگە ئابووری و توریستییەكەیەتی. مام دەروێش ئەو كەسە بوو كە بە حەزەوە بۆ بژێوی خۆی دڵی بە كاردەدا و كەبابخانەیەكی بەناو بانگی دانابوو. ئەم كەبابە ڕاستە داهاتی بۆ خۆی هەبوو بەڵام كاری جیدی و پڕ لە حەز و سەلیقەی ئەو وای كردبوو كە ناوبانگی شار بڕوا و خەڵك بۆ كەبابێك ڕێگای سۆران بگرنەبەر. لە ڕاستیدا مام دەروێش گوڵە گەنمێك بوو كە دەیان گوڵەجۆ لە ڕێی ئەو ئاوی دەخواردەوە. بۆ نموونە ئەو گەشتیارانەی دەهاتنە ئەم شارە تا كەبابێكیان دەخوارد پارەی خۆیان لەم شارە خەرج دەكرد و چەندین دوكانی دیكەش لەم خێروبێرە بەشدار دەبوون. بە واتایەكی دیكە كەبابی ئەو ببووە هۆی ئەوەی ناوبانگی دیانا بڕوا و خێری ئابووری گەشتیاریشی بۆ ئەم شارە هەبێ.
وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پیاوێكی دروستكاری وەك مام دەروێش پێویستە دەسەڵاتی شار تواناكانی ژێر پێستی شاری سۆران باشتر بناسێ بۆ ئەوەی بتوانین لە توانا شاراوەكان كەلك وەرگرین و ئەو توانایانە بكەینە ڕاكێشەری داهات بۆ ئەم ناوچەیە. پێویستە ئەو توانایانە وەگەڕ بخرێن و هان بدرێن بۆ ئەوەی شار بەناو بانگ و زیندوو و بزواو بێت. بە واتایەكی دیكە دەبێ ناوبانگی سەوقات و كواڵێتی بەرهەمێك بكرێتە پۆتانسیەلی ڕاكێشانی پارە بۆ ئەم شارە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە دەسەڵاتی شار بە تایبەت شارەوانی دەبێ چی بكا بۆ ئەوەی تواناكانی ناو كوچە و كۆڵانی شار دیار بن و بێنە بەرچاو و بكرێتە برەند و داهاتیان پێوە بێ؟ وەڵام ئەوەیە كە پێویستە سەرەتا ئەو توانایانە بناسرێن و وەگەر بخرێن بۆ ئەوەی پارەی وردە بەردەوام بێتە شار و كەڵەكە بكات و شار وەڕەونەق كەوێ. میكانیزمی ئەو وەڕەونەق خستنە ئەوەیە كە دوای ناسینی تواناكان كار و كاركەرەكان هان بدرێن، ئیمتیازی مادی و مەعنەوی بدرێتە خاوەن ئەو پیشەیەی كە بە تەمای درووستكردنی شوناسی ئابووری شارە. هەروەها شێوازی درووست ڕیكلام كردن جێ بكەوێ و میوانی بیانی و وەفدی فەرمی بچنە ئەم شوێنە تایبەتیانە. چاودێری كوالێتی بەرز بكرێتەوە. بەم شێوەیە تەكنیكی ئابووری وردەی بازاڕ هەڵسوڕێ. ڕەنگە قەڵەمی ئەم نووسینە سادە بێ، بەڵام دەبێ بزانین كە بە جیهانی بوونی كۆكاكۆلا لە سەرەتادا بڕی كەبابی مام دەروێشی نەبوو و ساڵی یەكەمی بەرهەمی تەنها چەند دانەیەكی كەمی لێ فرۆشرا، تەنانەت لە هەندێك وڵاتی ئیسلامی زانایانی ئایینی تەحریمیشیان كرد ئێستاش نەك هەر بۆتە كەڵە كۆمپانیایەكی دێوئاسا بەڵكو بۆتە فەرهەنگێكی ئەمریكایی و كاڵایەكی هەناردەیی و گشتگیر و لە وڵاتە ئیسلامییەكان برەوی زۆرە. دنەی ئەم نووسینە نەك هەر بۆ كەبابی دیانا و ناوبانگی شاری سۆران و ڕەونەقی كار و ئابوورییە بەڵكو خۆزگەی ئەوەیە كە ڕۆژێك دابێ پەنیر و ژاژی و لۆركی ڕۆنی زەنگەی كوردستان لە هەموو جیهان ناوبانگی هەبێ و فەرهەنگی كوردستان بە جیهانی بكرێ. نموونەی سەركەوتووی ئەم خۆزگەیە لە ئەمریكا مەكدۆناڵدە. مەكدۆناڵد خورادنێكە جگە لە داهات و متمانەی فەرهەنگی ئەمریكا بۆتە نموونەی ئابووری بە جیهانی بوو. واتا خەون نیە ئەگەر بڵێم با درووست كار بكەین و كاری ڕۆشەنبیری هەر كلیپ و گۆرانی نییە، بەڵكو جگە لە ئەدەبیات و مۆسیقا و هەڵپەركەی جوانی كوردی هەناردە كردنی ژاژی بە بیزاش متمانەی فەرهەنگی كوردی دەباتە سەرێ و داهات دەڕێژێتە ناو بودجەی ناوخۆیی و فەرهەنگی كار پتەو دەكات. ئەگەر بەم دیدگایە كار بكەین دوور نییە پەنیری سەرك و ژاژی و فرۆ و لۆركی كوردستان بكرێتە خواردنی نێودەوڵەتی و لە ئەوروپا بڵێن:
Please give‏ me three kilos of Kurdish cheese.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو