كەسانێك رەخنەیان لێدەگرتم پێیان وابوو ئەم وێنانە بۆ كۆمەڵگای كوردی گونجاو نین

كەسانێك رەخنەیان لێدەگرتم پێیان وابوو ئەم وێنانە بۆ كۆمەڵگای كوردی گونجاو نین

هوژین شەوكەت دری
دەتوانین بڵێین لە دونیای ئەمڕۆدا لە گشت بوارەكاندا ناتوانین بێ وێنە گرتن هەڵبكەین، وێنە وەك سێبەری هەورێك باڵی بەسەر هەموو لایەنە تایبەتەكانی ژیاندا كێشاوە، بوەتە پێویستیەكی تری ژیان.
ئالان حوسێن دانیشتووی شاری سۆرانە، بەهۆی سەرقاڵی بە كاری فوتوگرافییەوە ئێستا لە هەولێر دەژیت، یەكێكە لە فوتوگراف و دیزاینەرە دیارەكان بە ماوەیەكی كەم خەڵكێكی زۆر لە كارەكانی رازیبوون.
ئالان حوسێن بە زاری كرمانجی گووت:" حەزێكی زۆرم بۆ وێنەگرتن هەبوو، سەرەتا بە موبایلەكەم وێنەم دەگرت دواتر دەسكاری وێنەكانم دەكرد و بڵاوم دەكردەوە، ئەم حەزەم وایلێكردم بەردەوام بم لەسەری و زیاتر شارەزایی پەیدا بكەم، وەك دیزاینەرێكی فوتوگرافی دەستم پێكرد دواتر بەهۆی پەیداكردنی شارەزایی زیاتر و دەركەوتن وەك دیزاینەر و رازیبوونی خەڵك لە كارەكانم، هەوڵمدا خۆم كاری تایبەت بەخۆمم هەبێت و وێنەكانم بە كامێرایەكی تایبەت بە خۆم بگرم، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنم بە كاری تایبەت بەخۆم خەڵكانێكی زۆر داوای وێنەگرتنیان لێكردم، كەسانی دەورووبەرم زۆر پاڵپشتم بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم كارەم، لەسەر هەموو جۆرە ستایلێكی وێنەگرتن كار دەكەم، بەڵام زیاتر پوڕترەیت چونكە ئێستا باوترین جۆری وێنەگرتنە، هەندێك جار كێشەی نەبوونی شوێنی وێنەگرتنمان هەیە بەڵام ناكرێت ئەمە بكەینە هۆكارێك بۆ ئەنجام نەدانی كارەكانمان و وەك ئاستەنگیەك بێت لەبەردەممان، خۆشترین كاتەكانم ئەو كاتانەن كە كار لەسەر كامێراكەم دەكەم و وێنەی پێدەگرم دەبینم خەڵكانێك دڵخۆشدەكەم، ئەمە بۆمن چێژێكی تایبەتی هەیە و دڵخۆشم دەكات، وێنەگرتن هەموو شتێكی باشی پێبەخشیوم چونكە ئەمە گەورەترین ئاواتم بووە كە پێی گەیشتووم".
ئالان لە درێژەی قسەكانیدا گووتی:" جگە لە وێنەگرتن لەگەڵ چەندین هونەرمەند كاری كلیپم كردووە وەك نوسینی سیناریۆ، كاری ڤیدیۆ بۆ كلیپەكان و هەندێكجاریش وەك دیزاینەری دیكۆر لە كلیپەكاندا كارم كردووە، ئێستاش وەك فوتوگراف لە یەكێك لە كەناڵەكانی تیڤی وەك فوتوگرافی پرۆگرام كاردەكەم ، زۆر سەرسامم بە كارەكانی داریان ساڵح، سەختی زۆرم بینی تا گەیشتم بەم ڕۆژە، هەمیشە ڕوبەڕووی ڕەخنە دەبوومەوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەم و بڵاو كردنەوەی وێنەكانم كەسانێك رەخنەیان لێدەگرتم چونكە پێیان وابوو ئەم جۆرە وێنانە بۆ كۆمەڵگای كوردی گونجاو نین، بەڵام من بەردەوام بووم لەسەر كارەكەم، ویستم كۆمەڵگاكەم پێشبكەوێت بەرەو ئاستێكی تر هەنگاو بنێین، هەمیشە ئامانجم ئەوەبووە ببم بەو كەسەی خۆم دەمەوێت، ویستوومە خزمەتێك بكەم میلەتەكەم شانازیم پێوەبكات".

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

بیروڕا

زۆرترین بینراو