كەمال دەرباس: ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان پێویستیی زۆریان بە دەرمان و شیری منداڵان هەیە

كەمال دەرباس: ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان پێویستیی زۆریان بە دەرمان و شیری منداڵان هەیە

كەریم سمكۆ- رۆژئاوای كوردستان
ئەندامێكی بەڕێوەبەری مانگی سووری كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی زاری كرمانجیدا رایگەیاند: بەهۆی ئاڵۆزییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و بەردەوامی شەڕ لەنێوان هێزەكانی سەر بە دەوڵەتی توركیا و شەڕڤانانی هەسەدە، تەنها لە ناوچەكانی گرێسپی و سەرێ كانیێ نزیكەی 300 هەزار كەس بەهۆی هێرشی دەوڵەتی توركیا ئاوارەبوون و ئێستا لە ژیانێكی سەختدان.
كەمال دەرباس، ئەندامی بەڕێوەبەری مانگی سووری كورد لە رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند ئێستا بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما ئاوارەكان لە ژیانێكی سەخت و دژواردان و پێویستی زۆریان بە پێداویستی زستانە و دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان هەیە.
گووتی: رێژەیەكی زۆری ئاوارەكان ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە، ژیانیان پڕ زەحمەت و سەختە، ئێستاش لە دەروبەری گرێسپی و سەرێ كانیێ و چەند ناوچەیەكی تر، روبەڕوبوونەوە و شەڕ هەیە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بن و نەتوانن لە شارەكانی خۆیان ژیان بكەن، ئیدی بەناچاری روو لە ناوچە ئارامەكانی و دێرك و حەسەكە و قامشلۆ دەكەن.
دەرباس سەبارەت بە هاتنی وەرزی سەرما و رەوشی ئاوارەكان، دەڵێت: هەتا دێت دۆخی ئاوارەكان زەحمەتتر دەبێت، چونكە وەزری سەرما دەستپێدەكات و ئاوارەكانیش پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی زیاترە، بەتایبەتی كەلوپەلی وەرزی زستان و پێخەف و جلوبەرگی زستانە.
سەبارەت بە هاوكاری خەڵكی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەكان، كەمال دەرباس رایگەیاند: بەراستی خەڵكی هەرێمی كوردستان خەمخۆرانە دەستیان بە كۆكردنەوەی هاوكاری و راگەیاندنی كەمپین كردووە، ئەمە جێگای دەستخۆشی و رێزگرتنە، ئەمە ئەوپەڕی هەستكردن بە ئازاری خوشك و براكانیانە لە شارەكانی رۆژئاڤای كوردستان، ئێمە ماندووبوون و كۆمەك و هاوكارییەكانیان بەرز دەنرخێنین و رۆژانەش كاروانی ئەو هاوكارییانەمان لە دەروازەی سێمالكاوە بەدەست دەگات و ئێمەش بۆ خێزانە ئاوارەكان لە كەمپەكانی قامشلۆ و دێرك و حەسەكە بەڕی دەكەین كە لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە تا ئێستاش هاوكارییەكانیان دەگەیەننە دەستی ئێمە، وەهەروەها رێكخراوەكانی ناو هەرێمی كوردستان و نێودەوڵەتیش هاوكارییەكی باشیان گەیاندۆتە ئاوارەكان.
وەك ئەو ئەندامەی مانگی سووری كوردی دەڵێت: تەنها لە گرێسپی و سەرێ كانیێ نزیكەی 300 هەزار ئاوارەمان هەیە، زۆرینەی ئەو ئاوارانە لە حەسەكە نیشتەجێ كراون، لەناو ئەو ئاوارانەدا رێژەیەكی زۆری منداڵان هەن، پێویستییان بە جلی زستانە و دەرمان و چارەسەری هەیە، چونكە بەهۆی سەرما نەخۆشی لەناو منداڵاندا هەیە، وە شیری منداڵان یەكێكە لە هەرە پێداویستییە گرنگەكان،
سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن لە رۆژئاوای كوردستان و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی شەڕ هەیە، دەرباس دەڵێت: ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا هەیە، خەڵك ناتوانن لەوێ بژین و خەڵكی مەدەنی هەمووی ئاوارە بووە، ئەو ئاوارانەی كە روو لە ناوچە ئارامەكانیش دەكەن یان دەچنە كەمپ و خێوەتگاكان، یان لەناو بینایەی قوتابخانەكان نیشتەجێ كراون، هەتا ئێستا نزیكەی 52 قوتابخانە ئاوارەی تێدا نیشتەجێ كراون و تێیدا دەخەون، ئیدی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە لە زۆربەی ئەو شوێنانەی ئاوارەی تێدان پەكی كەوتووە.
دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن لەو ناوچانە، دەرباس دەڵێت: لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانەی لە قوتابخانەكان نیشتەجێ كراون، كەمپیان بۆ بكەینەوە، بۆ ئەوەی هەم بینایەی قوتابخانەكان وەگەڕ بخرێنەوە و قوتابییەكان لە پڕۆسەكە بێبەش نەبن، هەمیش لەو كەمپانەی كە بەرنامەرێژیمان بۆ كردوون بۆ ئەوەی دروست بكرێن بۆ ئاوارەكان، لەوێش قوتابخانە بكەینەوە بۆ ئەوەی منداڵی ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە سەر پڕۆسەی خویندن.
كەمال دەرباس، داواكاری بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە ئەوانەی بەنیازن هاوكاری ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەن، ئەو پێداویستییانە كۆبكەنەوە كە ئاوارەكان پێویستییانە، گووتی: داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم ئەگەر هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆبكەنەوە، شیری منداڵان و پێداویستی زستانە لە پێداویستییە هەرە لە پێشەكانە بۆ ئاوارەكان، چونكە وەكو باسمكرد وەرزی زستانە بەڕێوەیە، نەخۆشی لەناو منداڵان هەیە پێویستییەكی زۆرمان بە دەرمان و پێداویستییە چارەسەرییەكانە، لەگەڵ شیری منداڵان.

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو