كەنعان خەیلانی: كاری ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ڕاگیرا

كەنعان خەیلانی: كاری ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ڕاگیرا

دیمانە- ڕائیب شێروانی : كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" تا ئێستا پڕۆژەكەی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كارایە و ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندی حكوومەت و هاووڵاتیاندایە، بەڵام دەبێت ئەو بڕیارە حكوومەت بدات. دەشڵێ:" كاری ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ڕاگیراوە، دەكرێت پێداچوونەوەیەكی باشتر بەو یاسایە بكرێت و ئەنجوومەنی شارەوانییەكان رێكبخرێنەوە، كە جێگەی گرنگ و بایەخە لە داهاتوودا بە جوانترین شێوە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان كارا بكرێنەوە.
خەیلانی، دەڵێ:" ئەنجوومەن بەپێی یاسا كارەكانی رێكخراوە، بە پێی یاسای ژمارە 3، كارەكانیشی بەدواداچوون و چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەتی خۆجێیە، هەروەها دەركردنی رێنمایی و چاودێریكردنی كۆیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ساڵێك و نیو لە بۆشایی یاساییدا بووین، دواتر پەرلەمانی كوردستان یاساكەی هەموار كردەوە و درێژیش كردەوە، دووبارە دەست بە كاروبارەكانی خۆمان دەكەین، هاوشان لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئێمە بەدواداچوونەكان لە رێگەی لیژنەكانەوە دەكەین، لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمان هەماهەنگیەكی باشمان هەیە، چونكە پەرلەمانی كوردستانیش هەم بەدواداچوون دەكات، هەمیش یاسار دەردەكات، بۆیە كارەكان لەرووی بەدواداچوون هاوبەشن، بۆیە لەو روویەوە دەمانەوێت زیاتر هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمان، بەتایبەتی ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەن، لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە داهاتوودا كۆمەڵێك دانیشتن دەكەین، لەسەر ئەو كێشە و گرفتانەی كە هاوبەشن لەسەر ئاستی حكوومەتی هەرێم و لەسەر ئاستی حكوومەتی خۆجێ، بەرنامەیەكی نوێیە كە بڕیارمان لەسەر داوە، هاودەنگ دەبین بۆ خزمەتكرنی خەڵكی كوردستان، كارەكانیشمان هەتا ئێستا بەردەوامی پێ داوە، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفتی زۆرمان هەیە، لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی هەیە، كێشە و گرفت هەیە، پڕۆژەكان تا ڕادەیەك خەریكە كاركردن تێدا دەست پێ دەكاتەوە، حكوومەتی نوێ خەریكە كۆی داهاتەكانی خۆی رێكدەخاتەوە، دواتر بە پلانێكی نوێ لەسەر ئاستی حكوومەت كار دەكرێت، بەگشتی ئەوەی كە گرنگە لە داهاتوودا ئێمە وەكو ئەنجوومەن بتوانین خزمەت بە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر بكەین، لە رێگەی لیژنەكانمانەوە ئەو داواكاری و پڕۆژە و پێشنیارانەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە، یان لەلایەن فەرمانگەكانی حكوومەتی خۆجێ هەیە، ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا بیان كەینە یاداشت و بە نووسین لە ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر بەدواداچوونی بۆ بكەین و بودجەی بۆ تەرخان بكرێت و بكەونە خزمەت هاووڵاتیانەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" ئەو كات پرۆژەی نوێمان لەبەر دەست دەبێت كە میزانیە و بودجەی تایبەت هەبێت، پرۆژەیەك بێنیە بەرباس و گفتوگۆ بە تەئكید پێویستی بە میزانیە هەیە، حكوومەتی هەرێم ماوەی پێنج ساڵە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە میزانیەی بڕاوە و رەوانە ناكرێت، كە میزانیە نیە، ئێمە تەنیا بەدواداچوونی ئەو كێشە و گرفتانە دەكەین، كە رۆژانە رووبەڕووی هاووڵاتیان دەبنەوە، بەڵام وەكو پرۆژەی گەورە كە ئێمە بتوانین كاری لەسەر بكەین، پێویستمان بە میزانیەی تایبەت هەیە لەسەر ئاستی حكوومەتی خۆجێ، ئەوەش ئایا لە ساڵی داهاتوو لە میزانیەی حكوومەت پرۆژەكان چۆن دابەش دەكرێن، ئێستاش هێشتا زووە كار لەسەر ئەوە بكەین، چونكە تا حكوومەتی هەرێم میزانیەی حكوومەتە خۆجێیەكان دانەنێت، ناتوانین باسی پرۆژەكان بكەین و پرۆژەی نوێمان لەبەر دەست بێت، چونكە پرۆژەی نوێ ئەو كاتە دەبێت كە میزانیەی حكوومەتە خۆجێیەكان دیاری دەكرێت.
سەبارەت بە ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دیاركرد:" لەناو یاسای ژمارە 3ی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، زۆر دانیشتنمان كرد لەسەر ئەو بابەتە، لە ساڵی 2014 ئێمە هەر وەكو فراكسیۆنی پارتی، ئێستاش نووسراوەكان ئامادەن، كە لە پاش دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پاش هەڵبژاردن، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی یاداشتێكمان دا بە دەستەی سەرۆكایەتی، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كرا، ئەو ئەنجوومەنەمان هەڵپەسارد، ئێمە هەڵبژێردراوین، كەواتە ئەنجوومەنی شارەوانیەكان دەبێت بوەستێنرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێك كێشە و گرفتەوە كارەكانیان بەردەوامی پێدا، بەڵام ئێستا وەزیری شارەوانی، ئێمە هەم وەكو فراكسیۆنی پارتی دەستخۆشیشی لێ دەكەین كە ئیش و كارەكانی ئەنجوومەنی شارەوانەییەكانی راگرتووە، چونكە دەبێت پێداچوونەوە بكرێت، بەپێی یاسای ژمارە 3، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری شارەوانی، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بۆ یەكە كارگێڕییەكان دووبارە سەرلەنوێ بە پەیڕەوێكی ناوخۆ دابنرێن، ئێستا وا خەریكین ئەو بابەتە گفتوگۆ دەكەین و چاوەڕوانین لەگەڵ وەزیری شارەوانی پەیڕەوی ناوخۆ كە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی تێدایە، لەرووی دانانی ئەو خەڵكەی كە دێنە ناو ئەنجوومەن شارەزا بن، یەكێك لەو كارانەیە كە بتوانین لە داهاتوودا ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دروست بكەینەوە، بە پەیڕەوێكی ناوخۆ، كەسانی شارەزا و تایبەت بەو سێكتەرانە دابنرێن لە ئەنجوومەن، نەك خەڵكێك بێت كە شارەزا نەبێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەنجوومەنێكی نوێ، بە پسپۆرایەتیەكانی خۆیان و لێهاتووی خۆیان بتوانن خزمەتی خەڵك بكەن، بۆیە دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی دەكەین كە هەنگاوێكی باشی نا، چونكە هەر هەڵبژاردنێك دەكرێت هەڵبژاردنی پێشووتر باتڵە، بەڵام بەداخەوە بە هەر هۆكارێك بێت ئەوان ئیش و كارەكانیان رانەگرت، دەبوایە راگیرابانە، چونكە بە نووسراوی فەرمی داوای راگرتنمان كردبوو، بەڵام ئێستا كە وەزیری شارەوانی ئەو كارەی كردووە و ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی راگرتووە ئێمە دەستخۆشیی لێ دەكەین، چونكە دەكرێت پێداچوونەوەیەكی باشتر بەو یاسایە بكرێت و ئەنجوومەنی شارەوانییەكان رێكبخرێنەوە، بۆیە ئێستا بە بڕیارێكی وەزیری شارەوانی راگیراون، كە جێگەی گرنگ و بایەخە لە داهاتوودا بە جوانترین شێوە ئەنجوومەنەكان كارا دەكرێنەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كرد:" كەمكردنەوەی لیژنەكانی ئەنجوومەن یەك لەو گفتوگۆیانەیە كە بەردەوام لە ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەم ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی گفتوگۆمان لەسەر كردووە، هەمیش وەكو ئەنجوومەن گفتوگۆمان لەسەر كردووە، بزانین چۆن لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندایە وا كار دەكەین، لەو ماوەی كە كارمان كردووە، بەخۆمان دەزانین كە كەموكوڕی لەكام شوێنی پەیرەوی ناوخۆ هەیە، جا ئەو كەموكوڕیانەی كە لە پەیڕەوی ناوخۆ هەن، بە شێوازێكی دیكە رێك دەخەینەوە و چۆن لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بێت وا بڕیاری لێ دەدەین.
كەنعان خەیلانی، جەختی لەوەشكردەوە:" پڕۆژەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران سێ ساڵ بەر لە ئێستا ئەو پرۆژەیە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجوومەنەكانی دهۆك و سلێمانی، پێشكەش كرا كە چۆن بتوانین پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران رێك بخەینەوە، وردەكاری زۆری تێدا بوو ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندی حكوومەت و هاووڵاتیان بوو، دواتر دەبێت ئەو بڕیارە حكوومەت بدات، ئەوەی لەبەردەم ئەنجوومەنە تەنیا ئەوەیە بەپێی یاسا پرۆژە یاسا پێشنیار بكەین و پرۆژەكە پێشكەش بە حكوومەت بكەین، ئەو كات حكوومەت گفتوگۆی لەسەر كرد، ئێستاش ئێمە هەر چاوەڕوانین بزانین لە كابینەی نۆیەم ئەو پرۆژەیە هەتا چەند گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بە تەئكید پرۆژەكە هەیە، حكوومەتی هەرێم كابینەی نۆیەم كە كات گونجاو بوو گفتوگۆی لەسەر دەكات، ئەگەر پێویست كرا دووبارە ئێمە وەكو ئەنجوومەنەكان ئامادەین گفتوگۆ بكەین لەگەڵ وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەر لایەنێكی پەیوەندیدار كە پێویست بكات لەگەڵ گفتوگۆ بكەین لەسەر ئەو بابەتە، چونكە هەر شتێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت، هەروەها بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو ئەوە بووە كە خزمەتی هاووڵاتیان بكەین لە هەموو سێكتەرەكان، ئەوەش یەكێكە لەو بابەتانەی لەسەر ئاستی حكوومەت ئەگەر چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، خزمەت بە هاووڵاتیان دەكرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆكی حكوومەت چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت كە كۆمەڵێك بڕیاری باش دراوە لەم ماوەیەدا لە داهاتووشدا بڕیاری باشتر بدات، ئێمەش شانازی دەكەین كە بتوانین بەردەوام خزمەتی هاووڵاتیان بكەین".

بیروڕا

زۆرترین بینراو