كە دراوسێكەم بابی مرد چی ڕوودا

ڕەهێل دزەیی

 


لە ساڵی دووهەزار بوو ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەكەكی تری شارەكەمان لە ووڵاتی نەرویج، لەبەرامبەر خانووەكەمان ماڵێك هەبوو خێزانێكی بەڕێز بوون و خاوەن سێ منداڵ بوون، یەكەم ڕۆژ ژنەكە كە ناوی (كارین)بوو هات بۆ بەخێر هاتنی ئێمە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دراوسێیەتیمان، لەگەڵ كوڕەكەی(مایدل) كە لە تەمەنی( ڕابێژ)ی كوڕم بوو و لە هەمان قوتابخانە و پۆل بوون، ماڵمان بەرامبەر یەكتر بوو، لە ووڵاتی نەرویج ماڵەكان شوورەیان نییە بۆیە هەردەم یەكترمان دەبینی، ئەگەر پەردەكانمان دانەخستبا لە ناو ژوورەكانیش بەجوانی ئاگاداری جموجۆڵی یەكتر دەبووین. دوو رۆژ بوو كارینم نەدەبینی لە هیچ شوێنێك، بە رابێژم گووت : بڕۆ لە مایدل بپرسە بۆ دایكی دیار نییە، نەوەك نەخۆش بێت. كە هاتەوە گووتی " باپیری مایدل مردووە، واتا باوكی كارین".
منێك كە تازە هاتبووم بۆ وڵاتی نەرویج هێشتان شارەزای داب ونەریت و كلتووری نەرویج نەبووبووم و هەر بەم شێوازە كوردەوارییەی لە سەری پەروەردە ببووم بیرم دەكردەوە، ئەركی دراوسێیەتی یەكێكە لەم ئەركە پیرۆزانەی كە دەبێ پێی هەستم، ئاوا فێركرا بووم و ببوو بە بەشیك لە شێوازی بیركردنەوەم كە دەبێ لە بۆنە خۆش و ناخۆشەكان بەشدار بین لەگەڵ دراوسێكانمان. زۆر بێرم كردەوە چی بكەم و چۆن لەگەڵ دراوسێكەم بوەستم لەم كاتەدا، دبێ بچم بۆ پرسەكە و هاوكاری بكەم و منداڵەكانی بهێنم بۆ لای خۆم لەم كاتەی ئەو لە پرسە دایە، زۆر شتی دی دەهات بە خەیاڵم، هاوڕێیەكی نەرویجیم هەبوو زۆر نزیك بووین ژنێكی زۆر باش بوو هەر شتێك لەلام نامۆبا لەوم دەپرسی، تێلم بۆی كرد و پێم گووت كە كارینی دراوسێم بابی مردووە بۆ ناێیت بچین بۆ پرسەكە؟
پێكەنی و گووتی پێویست ناكە بچین، كە هاتەوە لە كۆڵان بینیت پێی بڵێ بەخۆت خۆشبیت!!!
منیش گووتم چۆن پێویست ناكات، ئەو بابی مردووە دەبێ لەگەڵی بین لەم كاتە ناخۆشە، گووتی تۆزێكی تر دێم بۆ لات تێت دەگەێینم بۆ پێویست ناكات بچین.
كە هات باسی مردن و شێوازی پرسە لە كلتووری نەرویجی بۆ كردم، منیش بۆتانی باس دەكەم.
خەڵك لە وڵاتی نەرویج گەیشتوونەتە ئاستێك مادام لەدایكبوون هەیە مردنیش واقعێكە و دەبێ ڕووبدات و بەئاسایی وەری دەگرن، ئازاری لەدەستدانی خۆشەویستەكانیان لە ڕێگای یادەوەرییە خۆشەكانیانەوە دڵنەوایی خۆیانی پێ دەدەنەوە. لە كاتی مردنی كەسێك، كەسی مردوو ڕەوانەی شوێنی تایبەت بە مردووان لە نەخۆشخانە دەكرێت بۆ ماوەیەك لەوێ دەمێنێتەوە تا خاوەن مردوو ڕێوشوینی بەخاكسپاردن ئامادە دەكات. لەم ماوەیە هەواڵ دەنێرن بۆ كەسە نزیكەكانی مردووەكە، لە رۆژنامە رۆژی بەخاك سپاردنی بڵاودەكەنەوە، لەو رۆژەدا هاوڕێ ودۆست و كەسە نزیكەكانی مردووەكە لە كلیسە ئامادە دەبن بۆ ماڵئاوایی كردن لە ئازیزەكەیان. ئەگەر كەسی مردوو باوەری ئایینی هەبوو بێت ئەوە قەشە دەست بە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییەكە دەكات و سروودە ئایینەكان دەخوێنێتەوە، ئەگەر باوەڕی ئایینی نەبێت كەسیك لە خێزانی مردوو دەست بە ڕێورەسمەكە دەكات. لەوێ وتار دەخوێندرێتەوە، باس لە بەسەرهاتە خۆشەكانیان دەكەن كە لەگەڵ كەسی مردوو بەسەریان بردبوو، باس لە هەڵوێستە باش و جوامێرییەكانی مردووەكە دەكەن، ئەو مۆزیكە دەژەنن كە مردووەكە حەزی لێبووە، دواتر یەك بە یەك دێن بۆ دواجار سەیری ئازیزەكەیان دەكەن.
دووجۆر لە ناشتن هەیە لە وڵاتی نەرویج، یەكێكیان بە خاكسپاردنە، ئەوەش دوای كۆتایی هاتن لە كلیسە هەموو بەیەكەوە مردووەكە دەبەن بۆ گۆڕستان و بە خاكی دەسپێرن وهەریەكە و چەپكە گوڵێك لەسەر گۆڕەكەی دادەنێن، دواتر خەڵكەكە سەرەخۆشی لە خاوەن مردوو دەكەن، كەسە هەرە نزیكەكان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵی خاوەن مردووەكە و لەوێ نانی نیوەڕۆ دەخۆن وباس لە رەفتارە باشەكانی مردووەكە دەكەن لە كاتی نان خواردنیان. بەمشێوەیە پرسەكە كۆتایی دێت.
شێوازی دووەم، كەسی مردوو پێش مردنی بڕیار بدات تەرمەكەی بسووتێندرێت، لەم كاتەدا خەڵكەكە لەناو هۆڵی كلیسە ماڵئاوایی لە مردووەكە دەكەن. كۆمپانیای پەیوەندیدار بە سووتانی مردووەكان، مەیتەكە دەبات بۆ شوێنی تایبەت بە سووتانی مردوو، دواتر خۆڵەمێشەكەی دەهێنەوە بۆ خاوەن مردوو. خۆڵە مێشەكە لە گۆڕستان دەنێژن و كێلێكی بۆ دادەنێن و لەسەری ناو و ساڵی لەدایك بوون و ساڵی كۆچی دوای كەسەكە دەنووسن.
دیارە داب ونەریتی و كلتوری هەر گەلێك لەگەڵ ئەوەی تر جیاوازە، هەر گەلە و بە شیوازی خۆی لەگەڵ خۆشی وناخۆشییەكانی مامەڵە دەكات. لە كلتووری كوردەواریدا لەگەڵ ئەوەی باوەڕیان بە ژیان و مردن هەیە، بەڵام لە كاتی لە دەستدانی ئازیزەكانیان غەمبارییەكی زیاتر لە ڕادە دایان دەگرێت. بەشیوازی گریان بە دەنگێكی بەرز و لەهەندی جار بە شین و رۆڕۆ غەمباری خۆیان دەردەبڕن، بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە شوێنێك كۆدەبنەوە پرسە دادەنێن، هەموو ئەوانەی دەیانناسن دەچن بۆ پرسەكە. رۆژانە بە سەدان كەس ئامادەی پرسەكە دەبن. دوای پرسەكە خەڵكانێكی زۆر لەگەڵ خاوەن پرسە دەچن بۆ سەرگۆڕی مردووەكە، بەم جۆرە كۆتایی بە پرسەكە دەهێنن، بەڵام دوای پرسەكەش بۆ ماوەیەكی زۆر خەڵك هەر سەردانی خاوەن مردووەكە دەكەن.
لە كاتی لەدەست دانی ئازیزان دا خاوەن مردوو لە بارێكی دەروونی ناجێگر دەبێت، ئازاری لەدەست دانی ئازیزەكەی غەمێكی زۆری لەلا دروست كردووە كە بێ هێز و لاوازی دەكات، پرسەیەك لە شێوەی ئەوەی لە كۆمەڵگای كوردەواری بەڕێوە دەچێ، بارگرانییەكی زۆر زیاتر دەبێت بۆ خاوەن مردووەكە، بە پێچەوانەی ئەوەی كە خەڵك بیری لێدەكەنەوە كە بۆ دڵنەوایی سەرەخۆشی دەچن بۆ لای خاوەن مردوو. دەكرێ لە رێگای پەیوەندی تەلەفۆنی یان لەڕێگای ناردنی نامە هاوخەمی خۆمان دەربڕن، هەركاتێك گونجاو بوو بۆ خاوەن پرسە بیخوێنێتەوە و هەست بكات كە بەتەنیا نییە و ئێمەش بەشداری خەمەكانین.
با ئێمەش لەجیاتی بە شین وڕۆڕۆ ماڵئاوایی لە ئازیزانمان بكەین، بیركردنەوەمان بیگۆڕین بە شێوازێك كە هەست بە كۆتا دیداریان بكەین و بە بیركردنەوە لە ساتە خۆشەكانمان لەگەلی و هەردەم باس لەم كارە باشانەی كردوویەتی بۆ كۆمەڵگە و خێزانەكەی و هاوڕیكانی بكەین. با بارگرانی دەروون و جەستەی و مادی زیاد نەخەینە سەر خاوەن مردوو، شێوازێكی تر دابنێن بۆ ڕێوڕەسمی پرسەكە لەگەڵ كلتور وداب و نەریتی كوردەواری بگونجێ وئەم بارگرانییە كەم بكاتەوە لەسەر خاوەن پرسە.
 ٨/٤/٢٠٢٠

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو