لاهوور و كانییەكان زمانتان بگرن

ئیسماعیل ئیبراهیم

زمانی ئاخاوتن و شێوازی دەربڕین هونەری دەوێت، بە تایبەتی بۆ ئەو كەسانەی نوێنەرایەتی لایەنێك یا گرووپێك و توێژێك دەكەن، ئەوانەی سیاسین و بەرپرسیارییەتییان لە ئەستۆ دایە دەبێ زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ وشە و رستە یا وەڵامدانەوە بكەن، لاهۆر شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی هەمیشە لەكاتی نزیك بوونەوەی پارتی و یەكێتی كە دوو هێزی سەرەكی كوردستانن بە وتارەكانی كۆسپی دروستكردووە، وەك ئەوەی بە ئەنقەست ئەو كارە بكات، تا دوو هێزی سەرەكی كوردستان كۆنەبنەوە، هەڕەشەكانی لاهوور و شێوازی دەربڕینەكانی لێوان لێو لە هەڵچوونی دەروونین و زیاتر بازاڕی و بەتاڵن لە هونەری وتار دان و لە بەرپرسیارییەتی، قسەكانی لەكاتی سەردانی كردنی بۆ هەولێر نەك دیپلۆماسی نەبوون بەڵكو رێك نییەتی شەڕانگیزی لێ دەخوێندرا، ئەو پارتی لە كۆمەڵێك بابەتەوە تۆمەتبار كرد، كە هەم پارتی هەمیش حزبەكانی دیكە ئەو و حزبەكەی لە سلێمانی بە هەمان رەفتار تۆمەتبار دەكەن.
قسەكانی لاهوور هەرگیز زانستی و دیپلۆماسی نەبووە، زۆریش ئاساییە چونكە ئەو خاڵییە لەو شتانە.
لە بەرامبەریشدا بەرپرسی لقی دووی پارتی ئەحمەد كانی و چەند كەسێكی دیكە بە هەناسە سووارییەوە وەڵامی لاهووریان دایەوە، ئەمەش دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد، تا ئەو ئەندازەیەی كە ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیار بوو لە سەرۆكایەتی هەرێم لە نێوان ئەم دوو حزبە ئەنجام بدرێت، دیسان دوا خرا.
ئەم جۆرە كەسانە واتە (لاهوور و ئەحمەد كانی)یەكان ئەوەندە كورت بینن، نازانن ئەم جۆرە لە قسە كردنە دواجار شۆڕ دەبێتەوە بۆ دامەزراوەكانی خوارووی حزبەكانیان و لایەنگیرانیان و كاریگەری لەسەر پلانی پێكەوەیی بوونیان دروست دەكات و دۆخێكی نالەبار دەخوڵقێنێت.
هەولێر و بادینان بە قسەكانی لاهوور سەراو ژێر ناكرێت، ئاوەدان كردنەوەی ئەو زۆنەی پارتی لێ باڵا دەستە بە هەموو تێبینییەكانیشەوە زۆر بەرچاوە، بۆیە نەدەبوو بەم جۆرە وڵامی لاهوور بدرێتەوە، ئەو لەبەردەم كادیرانی حزبەكەی قسەی حەماسی دەكرد بۆ ئەوەی ورەیان بداتەوە، ئەمەش وەك وەڵامێك بوو بۆ سەردانەكەی كاك مەسروور بارزانی كە سەردانی سلێمانی كرد و بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی ستراتیژی لەو شارە دانا، كاریگەرییەكانی سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ سلێمانی لە لایەك و سەركەوتنە مەزنەكانی سەرۆكی هەرێم لە كارە دیپلۆماسییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، لاهووری تووشی شۆك كردووە، بۆیە ویستی كارێك بكات تا باری خواربووی تا راددەیەك راست بكاتەوە، بەڵام پێچەوانە بوویەوە، ئەو بەجۆرێك باسی چاكسازی دەكرد، كە گوایە بەس ئەوان لە خەمی هاووڵاتییان دانە، وەك ئەوەی لەوێ نەوت نادزرێت، دەست بەسەر داهاتە سنوورییەكان داناگیرێت، یەكێتی نەچووبنە سەر هیچ حزب و بزووتنەوەیەك و... هەتد.
ئەگەر لاهوور تۆزێك دیپلۆماسییەتی هەبوایە، ئەو سەردانەی بۆ هەولێر دەكردە بنەمایەك بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی هەمیشە شانسی هەیە ئەوەی ناحەزانی بە نەزانی بۆی دەكەن، بەخۆیان نایكەن، بێ شانسی پارتیش ئەوەیە ئەو كارە باشانەی ناحەزانی بۆی دەكەن كادیرانی تێكی دەدەن.
بۆیە واباشترە لێدوان و وەڵام دانەوە لە هەندێك كادیری هەر دوولا قەدەغە بكرێت، بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد بحەسێتەوە.

زۆرترین بینراو