لاوازبوونی كلتو‌وری كوردی لە ژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێ

رۆمان فەرمان

نەتەوەی كورد بە درێژایی مێژوو خاوەن زمان و كلتو‌وری تایبەتی خۆی بووە و بە یەكێك لە جوانترین كلتو‌ورەكان هەژمار دەكرێت لە قالبی ئەدەبی و ئەتەكێتی كۆمەڵایەتی (social etiquette)دا، لە هەر كوچە و بنجێكی جیهاندا بەهۆی ئەو كلتو‌ور و ڕێسا نەریتیە گشت تاكێكی كورد پێی دەناسرێتەوە لە ژێر ستەم و داگیركاری نەیارانی كورد بەردەوام هەوڵدراوە بۆ سڕینەوەی نەژادی كورد و كلتو‌وری كوردی، ئەمە جگە لە داگیركردنی شوێنی جوگرافی و سرووشتی بە پیتی خاكەكەی، كە زۆرجار بۆتە پاروە نانێك لە سەر دەستی لایەنێكی زلهێز قوتدراوە و نۆشی بەرژەوەندی خۆیان كردووە، وەك داگیركردنی باشوری كوردستان لە لایەن بەعسەوە كە بووە هۆی بە تەعریبكردنی كورد و لاوازكردنی زمانی كوردی، هەروەها قەدەغە كردن و نەهێشتنی بۆنە و جلی كوردی تا ماوەیەك و زاڵكردنی زمانی عەرەبی بە فەرمی، كە ئەمانەش وەك دەرفەتێك لە ڕێگای بەكارهێنانی دینەوە زیاتر دەكرا كە وەك ئایدیۆلۆژیا خۆی بەسەر ناوچەكەدا دەسەپاند بە ڕێگای هەردوو شێوازی كۆلۆنی و ئیمپریاڵی، ئەمەش روونە كلتو‌ور لە دینەوە سەرچاوە دەگرێت و دواتر دیین خۆی دەبێتە كلتو‌ور و ڕێسا لە جێبەجێ كردندا و شوێنپێی خۆی دەگرێت تا ئاستی زاڵبوون بەسەر بنەما ڕەسەنیەكانی كلتو‌ور بە گشتی، كە ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردی ئەم جموجۆڵە چ لە كلتووردا یاخود لە زمان و ئاكاری كۆمەڵایەتیدا لە كلتو‌وری عەرەب پاك نەكراوەتەوە و، زیاتر لە دیاردە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان هەستی پێ دەكرێ، وەك دیاردەكانی (ژن كووشتن، كەمتەرخەمی پەروەردەی گشتی، گەنجان لە كافتریا، شێوازی ئیدارەدانی سیاسی، هونەری بەرێوەبردن، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان ...هتد) كە هاوشێوەن. لە بواری سیاسی كۆمەڵناسان پێیان وایە " هیچ حوكمرانیەكی نوێ لە عێراق ناتوانێت بەرگی دیموكراسی بپۆشێت و تاكەكانی گەندەڵ نەبن ئەگەر بە ویستی خۆشیان نەبێ ،چونكە ژینگەی ناوچەكە خۆی ئەمە دەخوازێت كە هەرێمی كوردستان لە مەیدانی سیاسی و دەستوردا بە بەشێكی گرنگی عێراق دادەندرێت بۆیە ئەمیش ناتوانێت خۆی بێ بەری بكات لەو شیكاریەی چاودێران " ئەمە لە لایەك، لە لایەكی تر ناتوانرێت دیاردەی ژن كووشتن
كۆتایی پێ بێت هەرچەندە رێخراوەكانی مافی ژنان و فێمێنیستەكان هەوڵ و ئاگاداری پێویستیان ناردووە بۆ لایەنەكانی پەیوەندیدار، بەڵام ئاماری ساڵانەی قوربانیان هەوالێكی دلخۆشكەری پێ نەبووە كە لە بەرژەوەندی ژنان و كۆمەلگە بێت ،كەواتە جێی گومانە كە ئەم هەوڵە سەربگرێت، چونكە سەرچاوەی ژن كووشتن و سزادانی خۆی لە دەق و بەها دینیەكانەوە دەبینێتەوە كە رێگەخۆشكەر بووە ببێتە كلتو‌ور بە تایبەت لە كلتو‌وری كوردی دا، بۆ چارەسەری ئەمەش زۆربەی توێژەران و رۆشنبیران پێیان وایە پێویستە ڕیفۆرمی دینی بكرێت بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی پیاو و نەهێشتی نێرسالاری بۆ ئەوەی چیتر دەسەڵاتی زالبوونیان بەسەر ئافرەتدا تەشەنە نەكات و شەرفی خۆیان لە ناو گەلی ئافرەتدا نەكەنە ئامانجی سەلماندنی پیاوبوونیان، ئەمەش ئەركی لایەنی پەیوەندیدارە بۆ دەركردنی یاسایەك بۆ هاوشانكردنی هەردوو رەگەز لە گرتنەخۆی یەكسانی ماف و ئەركیان بێ جیاوازی. شایەنی باسە سیستمی مۆدێرنیتە و جیهانگیری بە تەواوی جیهاندا پەرت و بڵاو بوە كە وای كردوە كار بكاتە سەر زۆرینەی كلتو‌وری نەتەوە جیاوازەكان وەك ( بە مۆدێلكردنی پۆشاك و خۆراك ، ئامرازەكانی بەكارهێنانی رۆژانە، یاسا پەروەردەییەكان، هتد) ،بەڵام سەرەڕای ئەم جیهانە نوێگەریەی ئێستا هەندێ لە وڵاتە هۆشمەندەكان توانیویانە كلتو‌وری خۆیان بپارێزن لە هەمبەر هەڕەشە زەقەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەم سۆزەوە ساڵانە بۆنە و ڤیستیڤاڵی تایبەت بە ناساندنی كلتو‌وری خۆیان یاد دەكەنەوە و پێشانگا میللیەكان ڕۆلێكی بەرچاویان هەیە لە نمایشكردنی شمەك و كەلەپوری رەسەنی خۆیان.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

لەپێناو تەندروستی

لەپێناو تەندروستی

دوای نۆ كابینە !

دوای نۆ كابینە !

بیروڕا

زۆرترین بینراو