له‌ساڵيادی بریاردان بوگشت پرسى، ئایا من له‌ بۆچوونه‌كانى خۆم په‌شیمانم؟

مه‌لا ماهر شه‌ریف ستونی

 فه‌ره‌نسا- پاریس

له‌ ڕوژی 3-6-2017  دوای هه‌وڵێكی چروپڕدا، سه‌رۆك بارزانی به‌ ئاماده‌وبونی چه‌ندین پارتی سیاسی كورد توانی بریار له‌ رۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندوم بده‌ن، ئه‌و خه‌ونه‌ میژويیه‌ی كه‌ هه‌موو كوردیك بگره‌ هه‌موو مروڤدۆستێك چاوه‌رێیان ده‌كرد.

له‌و رۆژه‌ی كه‌ كورد ویستی چاره‌نوسی خوی دیاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ خۆی ببـێته‌ خاوه‌نی خۆيه‌وه‌ چیتر كه‌سی تر خاوه‌نی ئه‌و نه‌بێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌خاوه‌نی زانی هه‌وڵی سرینه‌وه‌یان دا. من وه‌كو ماموستایه‌كی ئایینی له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی به‌رامبه‌ر ئایین و ویژدان ونه‌ته‌وه‌ی خوم، هه‌ر زوو خوم كرد به‌خاوه‌نی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ ته‌نانه‌ت نه‌م هێشت كه‌مێكیش دوابكه‌وێت.

هه‌موو دۆست و براده‌رو گوێگرێكی خومم ئاگا‌داركرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ به‌شداری ئه‌م پروسه‌یه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌سكه‌نده‌نافیا به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ ئیمامی مزگه‌وت بوم، هه‌ربۆیه‌ش سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ روبه‌روی ره‌خنه‌ی زور بومه‌وه‌و‌ له‌لایه‌ن زور كه‌س و لایه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكی خوممدا بۆ پشتگیری ئه‌م كه‌یسه‌ و ‌له‌دژی هه‌موو ئه‌و فه‌توایانه‌ش وه‌ستامه‌وه‌ كه‌ به‌ناوی ئایین له‌دژی گشت پرسی ده‌ركران.

  سه‌ره‌رای هه‌موو ده‌ره‌نجامه‌كان ئایا من هه‌ڵه‌بووم؟

  ئایا له‌ بیرو بۆچوونه‌كانی خوم په‌شیمانم؟

   له‌م چه‌نده‌ دیره‌ خواره‌وه‌دا ده‌مه‌وێت زۆر به‌ زمانیكی ساده‌و ساكار و زۆر به‌كورتی وه‌كو بیرهێانانه‌وه‌ و یادكردنه‌وه‌یك به‌پشتن به‌ستن به‌كه‌میك له‌ ئایین و كه‌میك له‌واقع، بلێم كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من په‌شیمان نیم و ‌من سورم له‌سه‌ر هه‌موو بیروبۆچوونه‌كانی خۆم، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌عاتیفه‌و سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌ڵكو قه‌ناعه‌تی ویژدانی و ئایینی خۆمه‌ و‌ هیچ ناشه‌رعیه‌ك نابینم له‌و نیوه‌نده‌دا. به‌ڵكو به‌هه‌موو پێوره‌ره‌كان به‌ره‌وا ده‌بینم.

هه‌ندێ بیروبۆچون و فه‌توام بیست كه‌ گوایه‌ كورد داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ ولاتێكی ئیسلامی ده‌كات و‌ وڵاتێكی ئیسلامی پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات و‌ چه‌ندین قسه‌ی ترى له‌م جوره. هه‌روه‌ك وابێ ‌ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمی ئیسلامی ده‌ژین و‌ هه‌موو جیهانی ئیسلامی یه‌ك ده‌وڵه‌ته‌، بۆیه‌ كورد ناتوانێ لێی جیاببیته‌وه‌، له‌بیریان چو كه‌ ئیستا جیهانی ئیسلامی دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر نزیكه‌ی 49 ده‌وڵه‌ت و ‌چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له‌ لایه‌ن روژئاواوه‌ دروست كراون و ‌چه‌ندین ده‌وڵه‌تیش هه‌ن كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان  بگره‌ روبه‌ری زه‌ویشیان ناگاته‌ نیوه‌ی كوردستان. جا ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ره‌وا و حه‌لال بێت ئه‌وه ده‌بێت بو كوردیش حه‌لال بێت. له‌لایه‌كی تر ده‌بیت دان به‌وه‌ بنێین كه‌ عیراقی ئه‌مرو هی شیعه‌یه‌ نه‌ك هی سوننه‌ هه‌ربویه‌ش هه‌رجیابونه‌وه‌یك به‌ جیابونه‌وه‌ له‌شیعه‌ داده‌نریت نه‌ك سوننه‌، جا كه‌وایه‌ ئه‌م دیفاع كردنه‌ له‌شیعه‌ له‌پای چی؟ یان ئێوه‌ بو مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌بن به‌برا!

ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن بارزانی كه‌سێكی عه‌لمانیه،‌ ئه‌وا ده‌بیت بزانن كه‌ بارزانى كه‌سێكى موسولمانه‌ و ‌له‌ خێزانێكی ئایین په‌روه‌رده گه‌وره‌بووه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌شی علمانی بێت ئه‌وا هه‌روه‌كو حكومه‌ته‌كانی تری ناوچه‌كه‌یه‌ نه‌كه‌متر ونه‌زیاتر، هیچ كامێك له‌وده‌وڵه‌تانه‌ حوكم به‌قورئانی پیروز ناكه‌ن، جا كه‌ بو ئه‌وان ره‌وابێت بوچی بو ئێمه‌ نا؟؟ هه روه ها له‌بیریش نه‌كه‌ن كه‌ كه‌یسێكی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن لایه‌نێكی ئیسلامی بێت له‌وانه‌یه‌ به‌زه‌ره‌ر بشكێته‌وه‌ وه‌ پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی له‌ده‌ست بدات.

ئه‌م میله‌ته‌ هه‌موو بن ده‌ستیه‌كی تاقیكردوته‌وه‌، جگه‌ له‌ كوشتن وناوبردن وئه‌شكه‌نجه‌دان وسرینه‌وه‌ی ناسنامه‌ وزمان وكه‌لتور هیچی تری بونه‌ماوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا هیچ دریغی نه‌كردبوو له‌روی ئایینی یه‌وه‌ بگره‌ په‌یره‌وكارێكی زور جوانی ئایینی پیروزی ئیسلام بووه‌.

له‌ دوای 2003، ئه‌و روژگاره‌ی عیراق له‌لیواری روخاندا بوو وه‌له‌فه‌راغێكی یاسایی وده‌ستوری وموئه‌سه‌ساتیدا ده‌ژیا كورد پشتی تێنه‌كرد بگره‌ خوی كرده‌ په‌ناگه‌ وماڵێك بوهه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان تا ئه‌و كاته‌ی توانیان عیراق سه‌ر له‌نوی بنیات بنینه‌وه‌، له‌كاتێكدا كورد ده‌یتوانی ئه‌و بارودوخه‌ی ئه‌و كاتی عێراق بقوزێته‌وه‌ وجیابونه‌وه‌ی خویان رابگه‌یینن.

كورد له‌لایه‌نی مروڤایه‌تی بوبو به‌په‌ناگه‌یه‌ك بوسوننه‌كان (سه‌ركرده‌، و خه‌لكی سڤیل) وه‌ ده‌رگای بو واڵاكردن وه‌ له‌ كوشتن رزگاری كردن به‌بی گویدانه‌ مێژووی تاڵ، وه‌به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له گیانی‌ توله‌سه‌ندنه‌وه‌.

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌روی واقعیه‌وه‌ش چاوێك بخشێنین به‌بارودوخی عێراق ئه‌وا بو هه‌موو خاوه‌ن عه‌قلێك دیارده‌بیت كه‌ پارچه‌ پارچه‌ بونی عیراق له‌ قازانجی هه‌موو خه‌لكی عیراقه‌ به‌تایبه‌تی سوننه‌ وكورد، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ عیراق ئه‌مرو له‌لایه‌ن حزبی شیعه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێت، وه‌هه‌موو شتیك له‌ده‌ستی ئه‌وان دایه‌ و به‌ویستی ئه‌وانه‌، نه‌ سوننه‌ ونه‌كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی فعلیان نیه‌ به‌تایبه‌تی سوننه‌ كه‌ته‌نانه‌ت هه‌رێمێكیشیان نیه‌ كه‌ بیان پارێزیت.

ئیمه‌ له‌ ئایین دا چه‌مكی (الضروریات الخمس) مان هه‌یه‌ واتا پێنج شته‌ زه‌روره‌كه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌حكامی شه‌ریعه‌ كار بو پاراستن وبه‌دیهێنانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش پاراستنی (1- ئایین2- جه‌سته‌ 3- عه‌قل 4- ناموس 5- ماڵ) ئه‌مانه‌ ئه‌و ئامانجانه‌ن كه‌ به‌شێوه‌ی زنجیره‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ئه‌حكانی شه‌ریعه‌ ي ئيسلامي هه روه ها ئاينه كاني تر باسيان ليوه كردوه وه كار بو پاراستنیان ده‌كه‌ن وه‌به‌هیچ شیوه‌یه‌ك قابیلی پێشیل كردن نین.

جا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا كورد له‌ مێژوی بن ده‌ستی خویدا هیچ كامێك له‌مانه‌ی پارێزراوبووه‌؟

 ئایا سوننه‌ی ئێستا هیچ كامیك له‌مانه‌یان پارێزراون؟

بومه‌سه‌له‌ی كورد به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خیر هیچ كامیك له‌مانه‌ی پاریزراونین میژو شاهیدی ئه‌مه‌یه‌، وه‌بوسوننه‌ش من هیچ ناڵێم له‌زاری خوم به‌ڵكو له‌زاری خودی سوننه‌كان گوێمان لێ ده‌بیت به‌به‌رده‌وامی كه‌ چون سوننه‌ روبه‌روی هه‌موو جوره‌ تاوانێك بونه‌ته‌وه‌ وه‌ چاره‌نوسی خه‌لكی سوننه‌ له‌ژیر مه‌ترسیدایه‌ بگره‌ له‌كوشتن، ئه‌شكه‌نجه‌دان، گرتن، رفاندن، توقاندن، به‌ شیعه‌كردن، داگیركردنی زه‌وی وزار ته‌نانه‌ت زور له‌ مولك واملاكی سه‌ر به‌وه‌قفی سوننی، هه‌تك كردنی كچ وژن و...هتد.

 ئه‌ی كه‌وایه‌ چ شه‌رعیه‌تێك له‌یه‌ك پارچه‌یی عیراقدایه‌ كاتێك هیچ كامێك له‌و پێنج زه‌روریاته‌ تێدا پارێزراو نه‌بن؟؟؟.

له‌كوتاییدا ده‌ڵێم واقع، سیاسه‌ت، به‌رژه‌وه‌ندی خوازی با بگوردرێن به‌ڵام خو ئایین و ویژدان ناكرێ بگوردرێن، بویه‌ رێگای راست بگره‌ سه‌ركه‌وتن خوی یه‌خه‌ت ده‌گرێت، مێژوش پاسه‌وانیت لیده‌كات و بزرت ناكات، زولم ئه‌گه‌ر درێژه‌ش بكێشی به‌ڵام قه‌ت تاسه‌ر نابیت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو