له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوو ٩٢ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر و ٦٥١ تۆمه‌تبار گیراوه‌

له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوو ٩٢ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر و ٦٥١ تۆمه‌تبار گیراوه‌

له‌ ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاشكرای ده‌كات، له‌ هه‌رێمی كوردستان مادده‌ی هۆشبه‌ر ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ و له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوو،٩٢ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیراوه‌ و ٦٥١ تۆمه‌تباریش ده‌ستگیر كراون.

٢٦ ی حوزه‌یران و له‌ ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ ئافاتی سه‌رده‌مه‌ و هه‌موو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، توانیومانه‌ له‌ ماوه‌ی كاركردنماندا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ره‌نگاری ببینه‌وه‌ و به‌ هه‌موو توانایه‌ك كار ده‌كه‌ین بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی و قه‌ڵاچۆكردنیان.
له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ تایبه‌ت به‌ (به‌كارهێنان و بازرگانیكردن و بڕی مادده‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگیراو)، له‌ هه‌رێمی كوردستان مادده‌ی هۆشبه‌ر ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ و به‌پێی ئاماری شه‌شمانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، ٦٥١ تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراوه‌ و ٣٢٥ كه‌سیش سزادراون و ٤١٦ كه‌سی دیكه‌ په‌ڕاویان له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ و تا ئێستا له‌ دادگا یه‌كلای نه‌كراونه‌ته‌وه‌.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا، ده‌ستبه‌سه‌ر ٩٢ كیلۆ گرام مادده‌ی هۆشبه‌ردا گیراوه‌، كه‌ ٨٧ كیلۆ و ١٥١ گرام هیرۆین و دوو كیلۆ و ٨٢٧ گرام كریستاڵ و كیلۆ و نیوێك تلیاك و ٧٢٣ گرام حه‌شیش بووه‌.
له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، هه‌ر له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا، ده‌ست به‌سه‌ر چوار هه‌زار و ٦٠٠ دۆلاری ئه‌مریكی ساخته‌ و دوو سه‌د هه‌زار دیناری عێراقی ساخته‌دا گرتووه‌.
هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان سوپاسی هاوڵاتیان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ هاوكاری كردنیان و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان پێویستی به‌ هاوكاری كردنی هه‌موو لایه‌ك هه‌یه‌ و داوا له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌ركێكی ئاینی و نیشتمانی هاوكارمان بن بۆ به‌دواداچوونی گروپ و بانده‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر.

زۆرترین بینراو