
لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان بەدواداچوون بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان دەکات
زاری كرمانجی - بەمەبەستی لهنزیكهوه ئاگاداربوون لهکێشەكانی یەکەی نیشتەجێبوون لەشاری مامۆستایانی کەلارو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەشارۆچگهی کفری، لیژنەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان لەپەرلەمانی كوردستان، لهگهڵ بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لەئیدارەی گەرمیان و یەکێتیی مامۆستایان و ژمارەیەک مامۆستا کۆبووەوە.
لەراگەیاندراوێكدا لێژنەكە بڵاوی كردەوە : كە لەكۆبوونەوەكەدا هاوڕێ مەلا ستار
سەرۆکی لیژنەی ئاوادانکردنەوەو وەبەرهێنان مهبهستی کۆبوونەوەكهی ڕوونكردهوه کەبۆ لهنزیكهوه ئاگاداربوونه لە کێشەكانیی یەکەی نیشتەجێبوون لەشاری مامۆستایانی کەلارو پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لەشارۆچكهی کفری و دۆزینهوهی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان.
دواتر گفتوگۆی ورد کرا لەسەر کێشەكانی یەکەی نیشتەجێبوون لەشاری مامۆستایانی کەلار، كه ئەمەش لەئەنجامی بەدواداچوونی لیژنهكهی پهرلهمان و ئەو داواکارییانەی كه مامۆستایانی كهلار کەئاراستەی لیژنەكهیان کردبوو گهڵاڵه ببوو کەچەند ساڵێکە ئەو کێشەیە بەردەوامیی هەیەو بۆیە بەپێویستیان زانی لیژنەی پەرلەمانی رۆڵی خۆی ببینێ.
نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان کورتەباسێکی لەسەر پڕۆژەکەو کێشەو گرفتەکان خستەڕوو، پاشان بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و پێشنیازی خۆیان لەسەر کێشەکانی ئهو یهكهی نیشتەجێبوونه خستەڕوو.
هەروەها سەرۆکی لیژنە سهبارهت بەدەستپێکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لەشارۆچكهی کفری پرسیاری کردو بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان روونیکردەوە رۆتینێکی کەمی ماوەو لەماوەی داهاتوودا دەستبەکارکردن دەکرێت تیایدا.
لهكۆتایی كۆبوونهوهكهشدا لیژنە بڕیاریدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی هەرێم کاری جدی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەروەها ئەو کێشە تەکنیکییانەی لەپڕۆژەکەدا هەیە.