لیڤەرپوول بووە پاڵەوان

لیڤەرپوول بووە پاڵەوان

 

کاتی دوورینەوەی بەرهەمی وەرزێکی دوور و درێژ و پڕ ماندووبوونە، کاتی بردنەوەی یەکەم یاریی کۆتاییە بۆ یۆرگن کڵۆپ دوای دۆڕانی لە شەش یاریی کۆتاییدا.

تەنیا 20 چرکە تێپەڕی دامیر سکۆمینا لێدانێکی سزای بۆ لیڤەرپوول هەژمارکرد، شانازی میسر و عەرەب، محەممەد سەڵاح تۆڕی هەژاند، بووە یەکەم یاریزانی میسری و دووەم یاریزانی عەرەب دوای رابح مەجەری جەزائیری لە یاریی کۆتاییدا گۆڵ تۆماربکات.

ئەم گۆلە لیڤەرپوولی بەرەو شەوێکی مێژوویی و لەبیر نەکراو برد، یانەکەی هاندا بۆ بەرگریکردن لەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکەشیکردووە و دواجار بێ هیوا و دەستبەتاڵ دەرنەچوو.

دوای ئەم گۆڵە هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامیان هەبوو، لەو یارییە داخرا و پڕ رکابەرییەدا کە لە واندا میترۆ پۆلیتانۆ بەڕێوەچوو، لیڤەرپوول بە ئامانجی بەرگریکردن لە ئەنجامەکە و تۆتێنهامیش بە ئۆمێدی گەڕاندنەوەی هیوا بۆ بردنەوەی یەکەم نازناو لە مێژوودا، بەڵام گێمی یەکەم لە بەرژەوەندی سوور پۆشەکان کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا، کڵۆپ ئارامتر هاتە نێو یاریگە و پۆچێتینۆ پلانەکانی گۆڕی بۆ ئەوەی هێرشی زیاتر بکات و زیاتر لە گۆڵ نزیکببێتەوە، بەڵام پێچەوانەی ویستی ئەو روویدا و دەیڤد ئۆریگی دوای چەند خولەکێکی کەم لە هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە لێدانێکی کۆشندەی لە تۆتێنهامدا و یارییەکەی لە بەرژەوەندی یانەکەی یەکلاییکردەوە.

لیڤەرپوول بۆ جاری شەشەم بووە پاڵەوان، سێیەم یانەیە زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە، دوای ریال مەدرید بە 13 نازناو و میلان بە 7 نازناو، یۆرگن کڵۆپیش کۆتایی بەو هەموو دەنگۆیانە هێنا کە ئەو پیاوی یارییە کۆتاییەکان نییە و ئەم وەرزەی لیڤەرپوولی پڕ کرد لە شای و پێکەنینێکی نەبڕاوە و لەبیرکراو.

 

ئامارەکانی تایبەت بە یارییەکە

یۆرگن کڵۆپ یەکەم راهێنەری ئەڵمانییە لەگەڵ یانەیەکی ئینگلیزی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە.

یۆرگن کڵۆپ دوای 7 یاریی کۆتایی یەکەم نازناوی بردەوە

کڵۆپ دووەم راهێنەری ئەڵمانییە دوای یۆپ هاینکس لە دەرەوەی یانەیەکی ئەڵمانیا ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ

یانەی لیڤەرپوول ژمارەی نازناوەکانی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد یەکسانکردەوە و بووە خاوەنی 42 نازناو

محەممەد سەڵاح، یەکەم یاریزانی میسری و دووەم یاریزانی عەرەبە، دوای رابح ماجەری جەزائیری لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا گۆڵ دەکات

محەممەد سەڵاح، سێیەم یاریزانی عەرەبە نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە، دوای رابح ماجەر و ئەشرەف حەکیمی.

محەممەد سەڵاح، ئەو گۆڵەی لە دوای 108 چرکە بەلێدانی سزا تۆماریکرد، بووە خێراترین لێدانی سزا لە چامپیۆنزلیگدا دوای میکۆ، کە بۆ ڤێردێر برێمەن لە 2006 بە 100 چرکە بەرامبەر پاناسینایکۆس تۆماریکرد.

ئەمە یەکەم یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە بەبێ بەرزکردنەوەی هیچ کارتێکی زەرد و سوور کۆتاییبێت

ئەلیسۆن یەکەم گۆڵپارێزە لە دوای جۆلیۆ سیزار لە 2010ـەوە لە چامپیۆنزلیگدا لە یاریی کۆتاییدا بەرگری لە گۆڵەکەی بکات

لە وەرزی 2006-2005ـەوە ڤێرجل ڤان دایک یەکەم یاریزانە 1080 خولەک یاریی بکات و هیچ یاریزانێک نەتوانێت بیبڕێت.

دەیڤد ئۆریگی دووەم یاریزانی بەلجیکییە دوای یانیک کاراسکۆ لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا گۆڵ بکات.

دەیڤد ئۆریگی لەم وەرزەدا 3 لێدانی بۆ گۆڵ هەبووە، هەرسێیان گۆڵ بووە.
سەرچاوە رووداو

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو