لەكۆی 111 ئەندامی پەرلەمان، تەنها حەوتیان خانەنشینیان رەت كردۆتەوە

لەكۆی 111 ئەندامی پەرلەمان، تەنها حەوتیان خانەنشینیان رەت كردۆتەوە

موڕشید برادۆستی – رەمەزان هەڕنی : لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە باس و خواسی خانەنشینی بە تایبەت خانەنشینی پەرلەمانتاران دەنگدانەوەی زۆری بەدووای خۆیدا هێناوە و لە سۆشیال میدیادا كاردانەوەی لێكەوتۆتەوە .
دوای ئەوەی لە رۆژی 30ی حوزەیراندا، لە گشتاندنیكدا كە واژۆی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستانی بەسەرەوە بوو ئاماژە بەوەدرابوو، بەپێی بڕگەی شەشەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020ـی یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، دەستبەرداربوونی ئارەزوومەندانە لە خانەنشینی پەرلەمانتاری خوولەكانی یەكەم، دووەم، سێیەم و چوارەمی پەرلەمانیش دەگرێتەوە، لە 1ـی 7 تاوەكو 30 رۆژی دیكە دەتوانن داوا بكەن خانەنشینی ئارەزوومەندانە رەتبكەنەوە، بەڵام لەم كاتەوە تا ئێستە تەنها حەوت ئەندامی پەرلەمان خانەنشینیان رەت كردۆتەوە، زاری كرمانجی لە راپۆرتێكیدا بۆچوونی چین و توێژەكان لەسەر ئەم بابەتەدا دەخاتەڕوو.
پەرلەمانی كوردستان 111 ئەندامی هەیە كە لە لایەن دە نگی جەماوەرەوە هەر چوار ساڵ جارێك هەڵدەبژێردرێن، شازدە حیزب و لیست لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشداربوون كە لە نوفێمبەری 2018 بەرێوەچوو. لە هەرێمی كوردستان كە یەك ملیۆن و 255 هەزار مووچەخۆر هەن، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی لە هەرێمی كوردستان دەست زاری كرمانجی كەوتووە، كۆی گشتی خانەنشینان پێكدین لە 244.000 كەس كە دابەش دەبن بەسەرفەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، پێشمەرگە، كەمئەندامی سەنگەر .
لە كوردستان پلە تایبەت یەكێكە لەو دەستەواژانەی زۆر دێتە بەرگوێ‌، بەتایبەت لەناو خەڵكدا و لە تەواوی ناڕەزایی و نیگەرانییەكان لە دواكەوتن یان كەمكردنەوەی مووچە راستەوخۆ ئەم دەستەواژەیە دەبیسترێت و بەردەوام وەك جۆرێك لە بارێكی قورس بەسەر شانی مووچەخۆران و خانەنشینانەوە وێنا دەكرێن. پلەتایبەت بەو كەسانە دەوترێت كە بە مووچەیەكی بەرز پێشتر خانەنشین دەكران كە رێژەی لەسەدا 80ی مووچەكەی خۆیان بوو كە پێكهاتبوون لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و جێگرەكانیان، وەزیر و پەرلەمانتاران، بریكاری وەزیر و راوێژكارپارێزگار و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان .
لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستانیشدا، یەكێك لە تەوەرەكانی دۆسیەی خانەنشینی بوو، بڕیاردراوە كە مووچەی پلە تایبەتەكان لە چوارچێوەی یەك بەڕێوبەرایەتی گشتیدا بە كەمكردنەوەیەكی رێژەیی بەرزەوە رێكبخرێنەوە. رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی كوردستان، رۆژی 7ی نیسانی 2020 دەقی پەیڕەوی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق، ژمارە 2ی ساڵی 2020 بڵاوكردەوە، لە رۆژی دەرچوونیەوە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. پەیڕەوەكە لە هەشت بەش پێكهاتووە و بەسەر 25 ماددە دابەشبووە؛ كە لە بەشی حەوتەم پەیوەست كراوە بە بواری خانەنشینی پلە باڵاكان .
بەڵام بەپێی ئەم یاسایە ئەوانەی كە ئەندام پەرلەمان و كارمەندی پلە باڵای حكومەت و پلە تایبەتن دەتوانن دوای تەواوبوونی ماوەی كاركردنیان بە مووچەیەكی بەرز بۆ هەتا هەتایە خانەشین بن بەبێ ئەوەی تەمەنی خانەشینی تەواوبكەن، لەكاتێكدا بەشی هەرەزۆری مووچەخۆران دوای نزیكەی ٣٠ ساڵ و زیاتر لە خزمەتكردن نزیكەی ٢٢٠ هەزار دینار وەردەگرن.
دلڤین شەماڵ، چاڵاكوان لە سنووری قەزای ئاكرێ‌ بە زاری كرمانجی گووت" زۆر گرنگ و پێویستە لەم بارودۆخەدا كە هەرێمی كوردستان تێدا تێدەپەڕێت پەرلەمانتاران و پلە باڵاكان بیر لەوە بكەنەوە كەیارمەتیی دەربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە كە جیهان و هەرێمی كوردستان گرتووتەوە، بابەتی خانەنشینی پەرلەمانتاران لەم كات و ساتەدا زۆر لە كێشە كان چارەسەردەكات ئەگەر رەتی بكەنەوە بۆ نموونە خۆلی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانەو هەر خۆلێك 111 پەرلەمانتار هەیە ئەگەر بەگشتی خانەنشینی رەت بكەنەوە داهاتێكی زۆر بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێتەوە ئەگەر قەیرانیش كۆتایی نەهێت لەسەر ئەو رەتكردنەوەیە بەڵام یارمەتی دەرێكی زۆرباشیش دەبێت و مانگانە برەپارەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت .
بە گووتەی دلڤین " پێویستە لەم دۆخە خراپەی ئابووریەی كە كوردستانی تێكەوتووە، بێ‌ پركردنەوەی فۆڕم سەرجەم پەرلەمانتاران خانەنشینی رەت بكەنەوە بۆ باشتر كردنی رەوشی دارایی هەرێمی كوردستان، دەڵێ" پەرلەمانتاران نوێنەری خەڵكی هەرێمی كوردستانن و بە دەنگی هاووڵاتیان بوون بە پەرلەمانتار، با لەم بارودۆخەدا رەوشی هاووڵاتییان لە بواری ئابووری بەرچاو بگرن و خانەنشینی هەموو خوولەكان رەت بكەنەوە و ئەو داهاتە بگەرێتەوە بۆ خەزینەی گشتی حكومەت".
بڵند ئیبڕاهیم كە پیشەی رۆژنامەنووسە لەو بارەوە بە زاری كرمانجی گووت" حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای خراپی دۆخی دارایی و هاتنی نەخۆشی كۆرۆنا شانی داوەتە بەر بەرپرسیارەتی و هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەرچەندە مووچە لە وادەی خۆی دواكەوتووە و خەڵك ژیان وگوزەرانی خراپە، بەڵام ئەوانەش فاكتەری خۆی هەبووە وەكو دابەزینی نرخی نەوت برینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغدا هاتنی پەتای كۆرۆنا".
ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێ" جێگەی داخە بەشێكی زۆری ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، نەك پشتگیری حكومەتیان نەكردووە و هاوكار نەبوونە، بگرە بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران خەڵكیشیان دژی حكومەت هانداوە و چەندین تۆمەتی بێ بنەماشایان بۆ حكومەت دروست كردووە. لەكاتێكدا باشتر لەحكومەت لە دۆخی هەرێم تێدەگەن و دەزانن هەرێم بەچ دۆخێك تێپەڕدەبێت، لەجیاتی ئەوەی ڕێگە چارە بۆ حكومەت بدۆزنەوە كێشە بۆ حكومەت دروست دەكەن".
گووتیشی" ئەگەر پەرلەمانتارانی كوردستان لەخەمی خەڵك و بژێویان دابن و خۆیان بە نوێنەری خەڵك بزانن با خانەنشینی خۆیان لەپێناو خەڵك و ئەو دەنگەی بە ئاوانیان داوە ڕەت كربایەوە، بەڵام بۆ هەمووان دەركەوت ئەوانە هێندەی خەمی گیرفانی خۆیانە خەمی ژیانی خەڵكیان نییە، هەر بۆیە بێ دەنگن و هیچ هەڵوێست و چارەسەریەكیان لانییە با دڵنیاش بن حكومەت دۆخی زۆر خراپی تێپەڕاندووە ئەم دۆخەش تێدەپەرێنێت".
لەلای خۆشیەوە، كوێستان لە تیف، مامۆستای زانكۆ بە زاری كرمانجی راگەیاند" پڕ نەكردنەوەی فۆڕمی خانەنشینی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو هۆكار دەگەرێتەوە كە پێویستە كاری سیاسی كارێكی پرۆفیشناڵی خۆبەخشانە بێت، هەروەها پێویستە ئەو كەسانەی كار بۆ حكومەت دەكەن یان پەرلەمانتارن ئیمتیازاتی نەبێت بۆخۆی خۆبەخشانە كار بكات ئەو كەسانەی دەچنە ناو پەرلەمان و حكومەت پێویستە هیچ حەزێكی پارەیان نەبێت، بەهۆی ئەوەی قەیرانی دارایی لە ناو كۆمەڵگا هەموو پێوەرەكان دەگوڕێت".
زیاتر گووتی" بەداخەوە لە پەرلەمانی كوردستان كە لە ئێستادا ململانێی سیاسی بوونی هەیە، زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان كار لەسەر دروشم دەكەن كار لەسەر خزمەتی خەڵك ناكەن، لە كاتی هەڵبژاردنەكانیش كار بۆ راكێشانی سۆزی خەڵك دەكەن، بەڵام لە راستیدا ئەو قسە و دروشمانە جێبەجێ ناكەن، كۆمەڵگە زیاتر چەپڵە رێزان بۆ ئەو كەسانە لێداوە كە بە دروشم كاردەكەن كاتی گەیشتوونە پەرلەمان كەسانی هەژار و كەمدەرامەت و پێویستییان هەر لە بیر چوویتەوە. پەرلەمانتار ئەوەندەی بیر لە خۆی دەكاتەوە بیر لە كۆمەڵگە ناكاتەوە، حەزمان دەكرد پەرلەمانتاران كاریان لەسەر ئەوە بكردبا كە هەمو ئیمتیازاتەكانیان رەت بكەنەوە بۆ خزمەتی گشتی ئەگەر ئەو مافانەی خۆی بۆ حكومەت دابینكربایە بارودۆخ باشتر دەبوو، لە وڵاتە پێشكەوتووەكان پەرلەمانتاران و ئەوانەی خاوەن موچەی پلە باڵان یارمەتیدەری حكومەتن، بەڵام زۆربەی كات حكومەت لە كوردستان بە تەنیا بووە، ئەوانەی فۆڕمی خانەنشینی پرنەكردۆتەوە زیاتر كاریان لەسەر دروشم كردووەو هەستیان بە بەرپرسیاریەتی نەكردووە ".
سۆما خالید راگەیاند كار لە كوردستان لەو بارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت" بابەتی رەت كردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران تەنیا بۆ سەرقاڵكردنی هاوڵاتیان و كپ كردنی دەنگی شەقام بوو، ویستیان لەم رێگایەوە داهاتەكانی ناوخۆی هەرێم و نەوت بشارنەوە، هەر بۆیە تەنیا بە رەتكردنەوەی خانەنشینی لەلایەن پەرلەمانتاران كێشە و گرفتەكانی دوخی حكومەت و خەڵك چارەسەر ناكات. گەر باسی خانەنشینی بكەین ئەوە هەمو مۆچەخۆرێك مافی خۆیەتی كە موچەی خانەنشینی هەبێت، بەڵام بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە كە باسی چاكسازی دەكەن، ئەوە پێویستە بە یاسایەك و سیستمێكی نوێ رێكبخرێت و دادپەروەری تێدابێت و پێوەرەكانی تەمەن و خزمەت كردن بخوێندرێتەوە، چونكە ئەم پرسە لە هەموو خولێكی پەرلەمانی و كابینە یەك لەدوای یەكەكاندا دووبارە دەبێتەوە، هەروەها موچەی پلە تایبەتەكان، سەرۆكایەتیەكان، وەزیر و بریكارەكان، راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی و هەندێك پۆستی حزبی كە دەرماڵەكانیان زۆرە، پێویست دەكات هەڵبوەشێنرێتەوە و موچەكانیان هاوتا بكرێت لەگەڵ موچەخورێكی ئاسایی، تا نەبێتە هوی دروستبوونی چینایەتی كۆمەڵایەتی كە كۆمەڵگا بە دوو پارچە لەت دەكات، كێشەكە لێرەدا تەنیا خانەنشینی پەرلەمانتارەكان نین بەڵكو گشتییە دەبێت هەموار بكرێتەوە، كە كاریگەری زۆری لەسەر ژیان و گۆزەرانی هاوڵاتیان دروستكردووە.
هەڵگۆرد جوندیانی چاودێری سیاسیی لە كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" لەڕاستیدا نابێت چاكسازی تەنها لە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خانەنشیندا چڕبكرێتەوە، بەڵكو زۆر بواری تری زیندوو هەن كە پارەی زۆر و خەیاڵی تێدا بەفیڕۆدەدرێت و خراپ بەكاردێت یان بۆ بەرژەوەندی تاكەكەسی دەڕەخسێنرێت. پێویستە بەیاسا ئەم خانەنشینیە رێكبخرێت".
جوندیانی روونی دەكاتەوە، دەكرێت خانەنشینییەكەیان بكرێتە رێژەی كەمتر لەچاریەكی خانەنشینی ئێستایان و تەنها بۆ ماوەی چوارساڵ ئەم خانەنشینییەیان بەردەوام بێت، بەمەش بەشێكی زۆر لەپارەكە دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی حكومەت، هەروەها لەهەمان كاتدا هەوڵبدرێت پەرلەمانتارانی ماوە بەسەرچوو، بەڕێز و سوپاسەوە بگەڕێندرێنەوە سەر ئەركی فەرمی پێشووتریان و ئەم چوارساڵەی خزمەتی پەرلەمانتاریشیان بخرێتە سەر خزمەتی فەرمی پێشوتریان و بە رەچاوكردنی بەرزەمووچە و دەسكەوتەكانی تری كارمەندبوونیان، تەنانەت دەكرێت لەفەرمانگەكانیان بگوازرێنەوە بۆ وەزارەتەكان یان فەرمانگە گرنگەكان یاخود دیوانی پارێزگاكان و لەویدا ئەركی تریان پێبسپێردرێت".
رێباز یوسف، بەرپرسی تۆڕی ڕێكخراوە مەدەنییەكانی هەولێر بە زاری كرمانجی گووت" بێگومان پەرلەمانتار لە هەموو سیستەمە دیموكراسییەكانی دونیادا هەڵگری خەم و كۆژانەكانی خەلكی خۆیەتی و وەئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ و بە هەموو توانایەكیەوە بۆ داكوكیكردن لە مافی گشتی و هێنانەدی دادپەروەری لە سەر هەموو ئاستەكان، ئەمەش بەدەرچواندنی كومەڵێك یاسا و ڕێسای مۆدێرن و شارستانی كە لەبەرژەوەندی گشتی دابێت و خۆش گوزەرانی بۆ كۆمەڵگە فەراهەم بكات، بەداخەوە بەشی زۆری پەرلەمانتاران لە كوردستان لە ئاست چاوەروانی خەلك نەبوون و بە دوای بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبیەوە بوون".
زیاتر گووتی" بەر لە دەرچوونی یاسایی چاكسازی چەندین جار وەك ریكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی چووینە بەردەم پەرلەمان و خۆپیشاندانمان كرد تا پەرلەمانتاران موچەی خانەنشینیان رەت بكەنەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە چەندین یاداشتمان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنە جیاوازەكان كرد، بەڵام بە داخەوە، دواجار ویستی بەرژەوەندخوازی پەرلەمانتاران زاڵبوو، یاساكە بەشێوەیەك داڕێژرا كە لە بەرژەوەندی پەرلەمانتاران بوو، تا ئێستە تەنیا حەوت پەرلەمانتار خانەنیشینیان رەت كردۆتەوە كە ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە و ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد كە زیاتر لە نیوەی پەرلەمانتاران رەتی بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەڕوینەدا بە تایبەت پەرلەمانتارانی ئیسلامی زیاتر خەریكی سیاسەتن نەك بانگەواز بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامە خوداییەكان و هینانەدی داد پەروەری كۆمەڵایەتی، بۆیە دەبینین یەك پەرلەمان تاری حیزبە ئیسلامیەكانیش خانە نشینیان رەت نەكردۆتەوە و ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە ئەوان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان خستۆتە پێش هەموو شتێكەوە و بەڵێن و كرداریان بۆ هەموو خەلك دەركەوت".
لای خۆشیەوە، ئەبوبەكر هەڵەدەنی ئەندامی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" بەپێی ئەو یاسایەی كە دانراوە، هەموو مەرجەكانی خانەنشینی یاساییمان تێدایە بەپێی تەمەنی خانەنشینی و ساڵانی خزمەتی وەزیفی و هەروەها هەبوونی بڕوانامە، بۆیە ئەندامانی فڕاكسۆنەكەمان هیچ گرفتێكییان نییە و شایستەی وەرگرتنی ئەو خانەنشینیەن و هیچ فۆڕمێك بۆ رەت كردنەوەی خانەنشینیەكەمان پڕ ناكەینەوە، لە هەمان كات، ئێمە چاوەڕوانی هەردوو یاسایی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لە هەرێم بەركار بكرێت یان یاساییەكی تایبەت بە خانەنشینی لە فەرمانبەرێكەوە تاوەكو سەرۆكی هەرێم دەربچێت بۆ ئەم یاساییە حكومەت لە كاتی گفتووگۆكردنی یاسایی چاكسازی بەڵێنیدا كە كار بكات بۆ دەركردنی یاساییەكی تایبەت".
لەبارەی قەیرانی درایی هەرێم و خراپی باری ئابووری موچە خۆران و كەمی موچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاسایی، ئەبوبەكر هەڵەدەنی دووپاتی كردەوە، پێویستە موچە خۆران لەبەرامبەر وەرگرتنی خانەنشینی ئێمە نیگەرانی دەرنەبڕن، چونكە هیچ شتێكی ناسایاییمان ئەنجام نەداوە و بارگرانیشمان بۆ بوددجە دروست نەكردووە، بەپێی ئەو یاساییەی حكومەت و پەرلەمان كاری بۆ كردووە شایستەی وەرگرتنی خانەنشینی خۆمانین كە بە مافی خۆمانی دەزانین، پێویستە ئەوانە رووی خۆیان بكەنە حكومەت كە ساڵانی پێشوو ئەو هەموو موچە خۆرە و بندیوارە بۆ دامەزراوە، داهاتی سنووری و نەوت و سامانی گشتی وەك پێویست دیار نییە". گووتیشی" هەرچەندە بەپێی یاسایی چاكسازی موچەی خانەنشینی بۆ 50% كەمكرایتەوە، وەك فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی پێمان باشە پەرلەمانتار لە دوو ملیۆن دینار زیاتر وەرنەگرێت".
شایەنی باسە، لەم خوولەی پەرلەمان 111 ئەندامی پەرلەمان بە دەستەی سەرۆكایەتییەوەی هەیە، بەشی زۆری ئەندامان خانەنشینی پەرلەمانیان رەت نەكردۆتەوە واتە رازین بە وەرگرتنی موچەی خانەنشینی، ئەمە لە كاتێكدایە لە خوولەكانی دیكەی پەرلەمان بە سەدان ئەندام پەرلەمان لەسەر موچەی پلە باڵا خانەنشین كراوە و مانگانە هەر پەرلەمانتارێكی خانەنشین بە قەد دەیان فەرمانبەری خانەنشین موچە وەردەگرێ .

زۆرترین بینراو