لەم قۆناغە یەكدەنگی كورد لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم گرنگە

لەم قۆناغە یەكدەنگی كورد لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم گرنگە

ئا: رائیب شێروانی
بە بڕوای چاودێران و لایەنە سیاسییەكان، سەرۆكایەتی هەرێم توانیویەتی رۆڵێكی بەرچاو بگێڕێت بۆ یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و بۆتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، یەكدەنگی و یەك ماڵی كورد زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی ئەگەر لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم بێت.
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی ئینیستیۆتی توێژینەوەی ئەمریكی- كوردی، بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووت:" سەرۆكایەتی هەرێم وەكو بەرزترین دەزگای جێبەجێ كردن، وەكو چەتری كۆكردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان، توانیویەتی رۆڵێكی بەرچاو بگێڕێت بۆ یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، بەتایبەتی لەو كاتەی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە، توانیویەتی زۆرترین لایەنە كوردستانییەكان كۆ بكاتەوە و سەرۆكایەتی هەرێم بكاتە مینبەرێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، پێكهاتەی حزبی، پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی، كە ئەمەش لەم قۆناغەی هەرێمی كوردستاندا زۆر گرنگە، چونكە ئەو پێشهاتانەی لەناوخۆی عێراق دەگوزەرێن، كورد پێویستی بە یەكدەنگی هەیە، ئەو رووداوانەی لە دەوروبەری هەرێمی كوردستان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێن، هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە هەیە یەكدەنگ و یەكڕیز بێت، بۆیە ئەم ئەركەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گرتیەتی ئەستۆ ئەركێكی پیرۆزە و توانیویەتی بە شێوەیەكی باش ئەنجام بدات، بە مانای وشە بۆتە چەتری كۆكردنەوەی لایەنە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، ئێستا هەموو لایەنەكان ئۆمێدێكی گەورەیان بە موئەسساتی سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەموو ئەو پێشهاتانە ببێتەوە كە لەم ناوچەیە دەگوزەرێن، چونكە هەم دەرفەت هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، هەمیش هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، یەكدەنگی و یەك ماڵی كورد زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی ئەگەر لەژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم بێت.
سەرۆكی ئینیستیۆتی توێژینەوەی ئەمریكی - كوردی، دەشڵێ:" ئەگەر بمانەوێت سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابكێشین، داواكارییەكانی ئێمە لە ناوخۆی عێراق جێبەجێ بكرێن، دەبێت لە رێگەی موئەسسات و دام و دەزگاكانەوە بێت، كەواتە چەند دامودەزگاكانی هەرێم بەهێز بن، داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان زیاتر بەدی دێن، بۆیە نابێت هەر حزبێك بچێتە بەغدا و بە تەنیا گفتوگۆ بكات و داواكاری هەبێت".
لەلایەن خۆیەوە موسلیح رەجەب، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە:" لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر حكوومەتی عێراق زۆر كێشە و ئاستەنگی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد، نێچیرڤان بارزانی كە ئەو كات سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بوو، دەورێكی باڵای بینی و توانی هەرێمی كوردستان لە هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگانە رزگار بكات كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەوە، ئێستاش كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە ناو بەناو بانگەوازی بۆ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان رەوانە دەكات و هەموویان لە دەوری یەك مێز كۆ دەكاتەوە، ئەوەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رابگرێت، نێچیرڤان بارزانی بەردەوام هەوڵی داوە حزبە كوردستانییەكان لە دەوری یەك كۆبكاتەوە، بۆ ئەوەی كوردستان دەنگێكی بەهێزی لە دەرەوە هەبێت، ئەگەر هەموو حزبە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكڕیز بن و بە پیر بانگەوازی سەرۆكی هەرێم بێن، خەڵكی هەرێمی كوردستان بە ئامانجەكانی خۆی دەگات، چونكە زەختێكی زۆر لەسەر لایەنە عێراقییەكان دروست دەكات كە زیاتر پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بكەن لەبەرامبەر داوا رەواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان".

زۆرترین بینراو