لەپێناو تەندروستی

لەپێناو تەندروستی

گۆشەیەكی هەفتانەیە د. خالس قادر ئەحەمەد دەینووسێت
نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە كاتی كۆڕۆنادا

زاندراو و سەلمێندراوە پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگەری زیاترە لەسەر ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی كۆنتڕۆڵنەكراویان هەیە و توندی و شەڕانگێزی ڤایرۆسەكە زیاترە لەو كەسانە بەتایبەت ئەگەر تەمەنیان گەورەبێت واتە هەردووك هۆكار بەیەكەوەبن.
لەلایەك نەخۆشی درێژخایەنی كۆنتڕۆڵ نەكراو وەك فشاری خوێن كە كۆنتڕۆڵ نەكراوە یا شەكرەی كۆنتڕۆڵ نەكراو لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشەكە تەمەنی لە ٦٥ ساڵ بەسەرەوە بێت ئەوا مەترسی و قورسییەكەی ئەگەری زیاترە لە كەسانی تر.
بەڵام زۆربەی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن زاڵبن بەسەر نەخۆشییەكە و زوو تێیپەڕێنن ، وەهەندێكیان بەبێ هیچ نیشانەیەك تووشی دەبن و چاكدەبنەوە.
بۆیە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە پێویستە لەو ماوە زیاتر ئاگاداری نەخۆشییەكەیان بن و بەتەواوی پابەندی وەرگرتنی دەرمانەكان و پارێزیەكانیان بن چونكە ئەگەر نەخۆشییەكەیان كۆنتڕۆڵ بێت ئەوا، ئەگەری چاكبوونەوەیان لەڤایرۆسی كۆڕۆنا لەحاڵەتی تووشبوونیان وەك هەر كەسێكی تر دەبێت، پێویست بەهیچ ترس و دڵەڕاوكێ ناكات.
لەكاتی تووشبوونیان بەڤایرۆسەكە وەك هەر نەخۆشێكی تر پێویستیان بەپشوودان و وەرگرتنی چارەسەرە یاریدەدەرەكانە لەژێرچاودێری پزیشك، زۆر گرنگە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ پزیشكە پسپۆڕەكەی خۆی یا ئەگەر نەتواندرا لەرێگەی پزیشكێكی ترەوە چاودێری و رێنمایی بكرێت و لەماڵەوە پشوو بدات و رێنماییەكە جێ بەجێ بكات .
بۆ نەخۆشانی درژخایەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكان سێ هەنگاوی گرنگ هەیە پێویستە هەر سێكی بەیەكەوە جێ بەجێ بكەن ئەوانیش ۱. پارێزیكردن وەك پزیشك بۆی داناون
۲.وەرزشكردن بەڕێكی و بەشێوەیەكی ڕۆژانە وەك بەشێك لەشێوازی ژیانی كەسەكە
۳.وەرگرتنی دەرمانەكان بەڕێكی و بەو شێوازە كە پزیشكەكەی بۆی داناوە
بەو سێ هەنگاوە بەیەكەوە دەتواندرێت نەخۆشیە درژخایەنەكان كۆنتڕۆڵبكرێت .
هەندێك جار گرفتی سەرەكی لەكۆنتڕۆڵنەبوونی نەخۆشیە دریژخایەنەكان سەڕەڕای جێ بەجێكردنی ڕێنماییەكان
هۆكارەكە بۆ ناجێگیری باری دەروونی نەخۆش و فشاری دەروونی دەگەڕێتەوە كە ڕێگردەبێت لەباش كۆنتڕۆڵبوونی نەخۆشیەكە ،بۆیە هەوڵدان بۆ بەئاگابوون لەباری دروونی و چۆنیەتی هێوركردنەوەی بەشێكی سەرەكی و گرنگە لەچارەسەری نەخۆشیە درێژخایەنەكان.

زۆرترین بینراو