لەگەڵ خوێندنەکەی کاریش دەکات

لەگەڵ خوێندنەکەی کاریش دەکات

زاری کرمانجی - رواندز: پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت : کار کەری خۆت بە خۆشەویستی خەڵک بە، لە شاری رواندز، گەنجێک لەرێگەی دووکانەکەیەوە کە بەرهەمی خۆماڵی دەفرۆشێت، لە بەربوومی سپیایی و خواردەمەنییە وشککراوەکانی کوردەواریی، قوتابییەو لە خوێندنەکەشی بەردەوامە.
پشتیوان عەباس عەبدوڵڵا، بۆ زاری کرمانجی باسی چۆنیەتی دەستپێکردن بەکارەکەی دەکات و دەڵێت : ماوەی چوار ساڵ زیاترە لەگەڵ ئەوەی قوتابی بووم لە قۆناغی ئامادەیی، بیرم لەوەکردەوە کارێک بکەم بۆ ئەوەی بتوانم بۆخۆم بژێوی ژیان دابین بکەم و چاو لەدەستی ماڵەوە نەبێت، ئەوە بوو دووکانێکم دانا کەتایبەتە بە فرۆشتنی بەربوومی خۆماڵی، بەتایبەتی بەرهەمی سپیایی و خواردنە وشکە کوردەوارییەکان، دووکانەکەشم هەر بەناوێکی کوردەواری کرد، بەناوی فرۆشگای کوێستان کە لەشاری رواندزە.
پشتیوان باس لەوەشدەکات، لەگەڵ ئەوەی ساڵی پار قوتابی پۆلی ١٢ ەی ئامادەیی بووم، لەگەڵ کارەکەم بەردەوام بووم و کاری دووکانیشم بەڕێوەدەبرد، لە بەهاران و هاوینان، بەیانییان لە کاتژمێر ٣ ی بەیانی لەخەو هەڵدەستام و دەچووم لە گوندەکان و لای مەڕدارەکان بەرووبوومی سپیاییم دەکڕی و دەمهێنا بازاڕ، لە پۆلی ١٢ ەی ئامادەیش بە نمرەێکی زۆرباش دەرچووم ساڵی پار کۆی نمرە ٨٦ م بەدەستهێنا.
پشتیوان گووتیشی: من زۆر حەزی کارکردنم هەیە و ئاواتمە بەر دەوام کاربکەم، کارکردنەکەشم رێگەی خوێندنی لێ نەگرتووم و زۆر بەباشی هاوسەنگیم راگرتووە لەنێوان کارو خوێندن.
لە کۆتایشدا پشیوان دەڵێت : ئێستاش قوتابی بەشی زانستی کۆمپیوتەرم لەزانکۆی سۆران و زۆر دڵخۆشم بەم کارە و پەیوەندێکی زۆرباشم لەگەڵ کڕیارو فرۆشیاران درووستکردووە.

زۆرترین بینراو