لە ئاكرێ ئەمساڵ پێشبینی زیاتر لە دوو هەزار تۆن برنجی كوردی دەكرێت

لە ئاكرێ ئەمساڵ پێشبینی زیاتر لە دوو هەزار تۆن برنجی كوردی دەكرێت

رەمەزان هەرنی
بەرهەمهێنانی برنجی كوردی ئەمساڵ گەیشتووەتە دوو هێندەی ساڵی رابردوو ساڵانە ئەم ریژەیە زیاتر دەبێت لەرووی چاندن و بەرهەمهێنانەوە.
محەمەد عەلی، جووتیارێكی دەڤەری ئاكرێ یە بە زاری كرمانجی راگەیاند : ئەمساڵ بەرهەمی برنج باشە، چونكە باران زۆر باریوە و ئاو زۆربووە نەك وەكو ساڵی رابردوو. پار بە ماتۆڕ برنجمان ئاودەدا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆریی ئاو، جۆگەمان لێداوە، لە بازاڕەكانی كوردستاندا، پێنج جۆر برنجی كوردی هەن (شەش مانگی، سەدری، كەسنەدیتی، سێ مانگی و تەحالوف)، كە نرخیان بەراورد بە برنجی هاوردەكراو بەرزترە، بەڵام بەگشتی هاونیشتمانییان زیاتر خواستیان لەسەریان هەیە و پێیان وایە تەندروستترن. كیلۆی برنجی كوردی بەپێی جۆرەكەی لەنێوان دوو بۆ چوار هەزار دینارە.
ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ بە زاری كرمانجی راگەیاند :رووبەری زەوی ئەمساڵ كە برنجی تێدا چینراوە بەڕێژەی 100% لەچاو ساڵی رابردوو زیادبووە و گەیشتووەتە نۆ هەزار دۆنم، هۆكاری سەرەكی ئەو بارانە بووە كە ئەمساڵ باریوە و بەوهۆیەوە رووبارەكان و كانییەكان ژیانەوە. بەهای برنج گران بووە و هێزی كڕینی خەڵكیش زیادبووە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ دوو هەزار تۆن برنج لە ئاكرێ بەرهەمبێت.

زۆرترین بینراو