لە بارزان رێوڕەسمی یادكردنەوەی 36 ساڵەی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی بەڕێوەچوو

لە بارزان رێوڕەسمی یادكردنەوەی 36 ساڵەی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی بەڕێوەچوو

سەر لە ئێوارەی ئەمرۆ، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێواس فایق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دكتۆر بەشیر حەداد بە نوێنەرایەتی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هەروەها بەئامادەبوونی كونسووڵی وڵاتانی بیانی و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و نوێنەری دام ودەزگا حكوومی و حزبی و سەربازییەكان مەراسیمی 36 ساڵەی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی بەڕێوەچوو.
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لە وتەیەكدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان و بەشداربووانی مەراسیمەكە، باسی لە نەهامەتی و ئەو ستەمەی كرد، كە رژێمی بەعس بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كورد بە گشتیی و بارزانییەكان ئەنجامیداوە.
دواتر هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵكۆی قوربانیانی جینۆسایدی بارزان دانا.
هەر لەو مەراسیمەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەشیر حەداد و نوێنەران و كونسوڵخانەكانی وڵاتانی بیانی تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزارەكە دانا.
هەر لەو مەراسیمەدا تاجە گوڵینەی فەرماندە سەربازییەكان و بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر و فەرماندەی زێرەڤانی دوای خوێندنی سورەتی فاتیحە، تاجە گوڵینە لەسەر گڵكۆی قوربانیانی جینۆسایدی بارزان دانرا.
عەبدوڵڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی، زۆرترین تاوانی جینوساید دەرهەق بە گەلی كورد كراوە و بارزانییەكانیش بەهۆی كوردبوونیان ئەنفال كران.
هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، دەبێت هەموو لایەنەكانی كوردستان بە یاد كردنەوەی ئەم كارەساتە دڵتەزێنانە زیاتر یەكگرتوو بن لە پێناو وەدیهاتنی داخوازی و ئاواتەكانی گەلی كورد.
ڕێبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان رایگەیاند:" تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 رووفات هێنراونەتەوە، لە 2005 و 2014 لە قۆناغی یەكەم لە 17_10_ 2005، رووفاتی 503 كەس هێنرانەوە، لە 2014ـە، 93 رووفاتی دیكە هێنرانەوە، هێشتا زیاتر لە رووفاتی 7 هەزار و 400 كەسی دیكە ماوە كە بهێنینەوە.

زۆرترین بینراو