لە باشوور پلانی پێشخستنی زمانی كوردی نییە بەڵكو پلانی لاوازكردنی هەیە

لە باشوور پلانی پێشخستنی زمانی كوردی نییە بەڵكو پلانی لاوازكردنی هەیە

لە دیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا مامۆستاێكی زانكۆ و شارەزا لە زمانی كوردی قسە لەسەر گرنگی زمان دەكات. مامۆستا سوداد ڕەسووڵ كە خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە جوگرافیا لە زانكۆی بەغدا و بڕوانامەی ماستەر لە وەرگێڕان لە زانكۆی سێنترال لانكشایەر لە بەریتانیا. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ - ٢٠١٩ لە زانكۆی سۆران، فاكەڵتیی پەروەردە – بەشی كوردی، دەرسی زارە كوردییەكان و وەرگێڕان و كوردۆلۆجی و گفتوگۆی ئەكادیمی داوەتەوە. ئێستاش قوتابی خوێندنی دكتۆرایە لە (بواری زمانەوانی) لە زانكۆی ساینس لە مالیزیا.
بەشی یەكەم
دیمانە: محەممەد مەحموود
*وەك مامۆستایەكی زمانی كوردی لە زانكۆ ئێستا زمانی كوردی چۆن دەبینی؟
- زمانی كوردی لە باشووری كوردستان ئەمڕۆ لە گەشەكردن و پێشكەوتنێكی گەورەدایە كە هیچ سەردەمێك ئەم زمانە پێشكەوتنی لەم شێوەیەی بە خۆیەوە نەبینیوە. ئەگەر تەماشایەكی كتێبخانەی كوردی بكەین دەبینین لە هەموو بوارەكانی زانست (مرۆڤی و سروشتی) بە كوردی كتێب نووسراوە و تەرجەمە كراوە، فەرهەنگی زاراوەی هەموو بوارەكانی زانست دانراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زمانەكە بە ڕادەیەكی بەرچاو بە ستاندارد كراوە و ئەركی زمانەكە یەكجار فراوان بووە. ئەگەر جاران زمانی كوردی تەنیا زمانی ئەدەب و شیعر و چیرۆك بوو، بەڵام ئێستا زمانی كوردی زمانی زانستیشە، واتە زمانێكە وەڵامی هەموو پێویستییەكانی سەردەم دەداتەوە. دەكرێ بڵێم زمانەكە لەسەر ڕێچكەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی خۆی جێگیر بووە، پێویستی بە ڕێكخستن و ئاراستەكردن هەیە. لە مێژووی گەشەكردنی زمانەكان، هیچ زمانێك نییە هەر لە خۆیەوە گەشەی كردبێت، بەڵكو زمان لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتگیری و چاودێری دەكرێت، ئەوجا پێش دەكەوێت.
* زمانی كوردی دووچاری هیچ قەیرانێك بۆتەوە؟
- سەرەڕای ئەو پێشكەوتنە زۆرە، وەك دەبینین زمانەكە ئەمڕۆ لە باشووری كوردستان دوچاری قەیرانی گەورە هاتووە، قەیرانی ئەوەی كە زمانێكی باڵادەستی وەك ئینگلیزی هاتووە و زمانی كوردی بێهێز دەكات، قەیرانی ئەوەی كە هیچ چاودێرییەك لە سەر زمان نییە، هیچ دەزگایەكی زمان نییە پلانی زمان دابنێت و زمان ئاراستە بكات، واتە زمان بێسەروبەر بووە و بەڕەڵا كراوە، هەر چۆنێك دەنووسی و چۆن زمان بە كار دێنی گرنگ نییە. كتێبیكی زۆر چاپ دەكرێت، هیچ كتێبێك فلتەری زمانەوانی نییە، كتێبەكان پڕ كەموكووریی زمانین، ڕۆژنامە و گۆڤارێكی زۆر دەردەچێت، زمانەكە پڕیەتی لە هەڵەی ڕێنووس و هەڵەی ڕێزمانی و داڕشتن، مێدیا و كەناڵی تەلەفزیۆنی یەكجار زۆرمان هەیە، هەر یەكەی بە شێوازێك دەنووسێ و ڕێنووسێكی تایبەت بە خۆی هەیە و بە مەیلی خۆیشی وشە بەكار دێنی و وشە دادەتاشێت.
* كێ‌ لەو بێسەرو بەرییەی زمانی كوردی بەرپرسە؟
- بەرپرسیاری یەكەم لە بەرانبەر ئەم بێسەروبەرییە زمانییە، دەسەڵاتە، دەسەڵاتی كوردی لە باشوور هیچ پلانێكی بۆ زمانی كوردی نییە و پێی گرنگ نییە زمان چی بە سەر دێت، بەرەو چ ئاراستەیەك دەڕوات، چۆن بە كار دێت، تەنانەت زۆر بێباكە لەوەی كە ئەم زمانە بەرەو نوشوستی بڕوات، دەسەڵاتی كوردی لە باشوور نەك هەر پلانی پێشخستنی زمانی كوردی نییە، بەڵكو پلانی لاوازكردنی زمانی هەیە، كە لە پاشەڕۆژ زمانەكە تەواو بێبایەخ بێت بە كەڵكی سەردەم نەیەت.
* پێت وایە لە نێو پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا بایەخی تەواو بە زمانی كوردی دراوە؟
- گەشەكردنی زمان لەم سەردەمەدا بە پلەی یەكەم لە سیستەمی پەروەردەدایە. هەموو زمانێك لە سەرەتادا زارێكە (لەهجەیەكە)، ئەو كاتە ئەو زارە دەبێت بە زمان كاتێك لە سیستەمی پەروەردە پێی دەخوێنرێت و پرۆسەی بەستانداردبوونی دەست پێ دەكات، زمانەكە بەرە بەرە گەشە دەكات و ئەركەكانی فراوان دەبێت، كۆمەڵگەی ئاخێوەری ئەو زمانە پێی دەخوێنن، ئیدی هەر لە پەروەردە زمانێكی ستانداردی هاوبەش بۆ نەتەوە بەرهەم دێت. زۆربەی زمانی نەتەوەكان هەر لە سیستەمی پەروەردە بووە بە زمانێكی باڵادەست و دواتریش بووە بە زمان بۆ نەتەوە.
دەكرێ بڵێم زمان هەر لە پەروەردەش بەرەو لاوازی و نەمان دەچێت، ئەگەر بە شێوەیەكی ڕیكوپێك پێی نەخوێندرێت و نەبێتە زمانی خوێندن بۆ هەموو بابەتەكان، ئەوا زمانەكە بەرەو لاوازی دەچێت و تا لە كۆتاییدا ئەوەندە لاواز دەبێت كە ئیدی كەڵكی خوێندنی نامێنێت. هەر لەسەر ئەم بنەڕەتە خوێندن بە زمانی دایك لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن لە هەموو دەوڵەتە نەتەوەییەكان زۆر بایەخی پێ دەدرێت، هەموو نەتەوەیەك لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی پلانێكی تۆكمەی هەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە بە زمانی نەتەوە و چەسپاندنی ئەو زمانەش لە هەموو بوارەكان و هەموو دەزگاكانی ئەو وڵاتە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە لە باشووری كوردستان بە زمانی كوردی دەكرێت تەواو بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە، بە تایبەت لە دوای ٢٠٠٣ قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات لە گەشەكردنی زمان بە تایبەت ڕەسمیبوونی زمانی كوردی لە دەستووری نوێی عێراق، هەروەها هەڕەشە بۆ سەر زمان، كە ئەویش هاتنی دەسەڵاتی زمانی ئینگلیزییە بۆ هەرێمەكە بە شێوەیەكی فراوان بە تایبەت لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئینگلیزی بە ڕادەیەك بایەخی پێ دەدرێت كە جێگەی بە زمانی كوردی لێژ كردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دەەسەڵاتی زمانی كوردی كەم دەكاتەوە و پلەوپایە و دەسەڵات بە زمانی ئینگلیزی دەدات.
ئەگەر تەماشایەكی ئەو ئامارانە بكەین كە قوتابخانە ئەهلییەكان بە زمانی ئینگلیزی كراونەتەوە لە هەرێمەكە ئەوجا دەتوانین لەو هەڕەشەیە تێ بگەین كە چەندە كوشندە و بەهێزە. زیادبوونی ژمارەی ئەو قوتابخانانەش بەردەوام لە زیادبووندایە. واتە زمانی كوردی لە پەروەردەی هەرێم لە بەرانبەر زمانی ئینگلیز ئاستی زۆر نزمە و زمانێكی بێ بایەخە.
*دەكرێت وەك نەتەوە زمانی خۆمان بەھەند وەرنەگرین؟
- زمان گرنگترین رەگەزی پێكهێنەری نەتەوەیە، ناسنامەی نەتەوەیە، نەك هەر ناسنامە بەڵكو ڕۆحی نەتەوەیە، نەتەوە بە زمان دەژییت ئەگەر زمانی نەبێت نەتەوە ئەگەر هەشبێت بوونێكی لاواز و پاشكۆ و بێ ڕۆحە.
زمان سەرچاوەی بیركردنەوە و داهێنان و كولتوورە، زمان ژیننامەی نەتەوەیە، هەموو رووداوەكانی مێژووی نەتەوە لە ناو زمان رەنگ دەدەنەوە، هەموو داهێنانە هزرییەكانی نەتەوەش لە ناو زمان خۆیان نیشان دەدەن، لە ناو زمانیش گەشە دەكەن و بە زمانیش دەردەبرێن، هەر بۆیە زمان بە رۆحی نەتەوە دادەنرێت.
ئەو نەتەوانەی زمانیان لە دەست داوە یان نەیان توانیوە زمانێكی بەهێزی نەتەوەییان هەبێت هەمیشە لە ژێر دەستەیی و پاشكۆیی كولتووریی دەژین، هەرگیز ناتوانن بە چەشە و سەلیقەی ڕۆحی خۆیان داهێنان بكەن و بە زمانی خۆشیان بیر بكەنەوە.
نەتەوەی گەیلكی سكۆتی و وێلزی و ئێرلەندی لە بەریتانیا، بە هۆی باڵادەستبوونی زمانی ئینگلیزی و خوێندنیان لە قوتابخانەكان بە ئینگلیزی بووە، زمانەكانیان زۆر لاواز بوون و بە ڕادەیەك كە ئێستا زۆر كەم خەڵك قسەی پێ دەكەن و ژمارەی ئاخێوەرانی بەردەوام لە كەمبوونەوەدایە و بە ڕێگەوەیە بەرەو لەناوچوون و مردنی یەكجاری، هەر بۆیە لە جێگەی زمانی خۆیان زمانی ئینگیلزی بووە بە زمانی خوێندن و بیركردنەوەیان، زمانی نەتەوەییان نەبووە بە ناسنامە بۆیان، چونكە لە پەروەردە بایەخی نییە وەك زمانی دایك، ئەگەر هەشبێت زۆر لاواز و سنووردارە، هەر بۆیە ئەم نەتەوانە هەمیشە لە ڕووی كولتوورییەوە پاشكۆی زمانی ئینگلیزی و نەتەوەی ئینگلیزن، ئەمە هەرچەندە زۆر شانازی بە بە نەتەوەی خۆیان دەكەن كە سكۆتی و وێلزی و ئێرلەندین و ئینگلیز نین.
*لە چ كاتێك زمان بێ‌ بایەخ دەبێت؟
- بە هەزاران هۆز و عەشیرەت و نەتەوە لە قاڕەی ئەفەریقا هەیە بە زمانی خۆیان قسە دەكەن، بەڵام زمانەكانیان لە ڕووی پەروەردەوە هیچ بایەخێكی نییە، لە قوتابخانەكان بە زمانی كۆلۆنییەكانی پێشووی وڵاتەكەیان دەخوێنن كە یان ئینگلیزییە یان فەرەنسییە، بۆیە ئەم نەتەوانە كە بە زمانی خۆیان ناخوێنن، زمان بۆیان نەبووە بە ناسنامەیەكی گرنگی نەتەوەیی واتە زمان ئەو ڕۆڵەی نییە لە پرۆسەی نەتەوەسازی و پێكهینانی زمانی نەتەوەیی، چونكە دەسەڵاتی زمانی كۆلۆنی پێشووی وڵاتەكەیان ئەو نەتەوانەی هەموو ژێردەستە كردووە بە ڕادەیەك كە ناتوانن گەشە بە زمانەكانی خۆیان بدەن و زمان ببێت بە ناسنامە بۆیان، هەروەها ناتوانن پاشخانێكی هزری و فەرهەنگی لەسەر زمانەكانیان بنیات بنێن. هەر بۆیە ئەو نەتەوە و هۆزانەی ئەفەریقیا لە سەردەمی كۆلۆنیالیزم ژێردەستە بوون، ئێستاش كە سەربەخۆ بوون لە سەردەمی پۆست كۆلۆنیالزمدا لە ڕووی زمانەوە هەر ژێردەستەن.
لێرەدا لەم دوو نموونە ڕوون دەبێتەوە كە زمان چ ڕۆلێكی گەورە و بەرچاوی هەیە بۆ نەتەوە، چونكە گەشەكردنی نەتەوە لە ناو زمانی نەتەوەییدا. زمان دەسەڵاتی هەیە، هەتا زمانەكەت لە ژێردەستی زمانێكی باڵادەست بیت، بوون و ناسنامەت لاوازە و بە ژێردەستەیی دەمێنیەوە، هەر كاتێك زمانت باڵادەست بوو نەتەوەت باڵادەست و پایەدارە و پاشەڕۆژی هەیە و دەمێنێتەوە.
*ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەبیندرێت بەرامبەر زمان ئاراستەێكی نەتەوەییە؟
- ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری كوردستان سەبارەت بە زمان دەگوزەرێت تەواو بە پێچەوانەی ئەو ئاراستە نەتەوەییەیە. دەسەڵاتی كوردی بۆ پێشخستنی زمانی كوردی تەواو بێباك بووە و پێی وایە زمان تەنیا ئامرازێكە و ناسنامە نییە، بە ڕادەیەك بایەخ بە ئینگلیزی دەدات زمانی كوردی دەكات بە پێخوستی زمانی ئینگلیزی. زمانی ئینگلیزی لە هەرێمەكە بە ڕادەیەك باڵادەست كردووە كە بووە بە ‌هەڕەشە بۆ سەر زمانی كوردی.
* لەگەڵ ئەوەیت كە قوتابی لەقۆناغی باخچەوە تاكو بنەڕەتی و ئامادەیی زیاتر گرنگی بەزمانێكی تر بدات جگە لە زمانی دایك؟
- زمانی دایك گرنگترین زمانێكە بۆ خوێندن. هەموو توێژینەوە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان دەیسەلمێنن كە منداڵ پێویستە بە زمانی دایك بخوێنێت، سەپاندنی زمانێكی بێگانە بەسەر منداڵ تاوانێكە دەرهەق بە دەروون و هزر و بیركردنەوەی ئەو منداڵە ئەنجام دەدرێت، چونكە ئەو منداڵە هەر لە سەرەتاوە بە زمانی دایك مێشكی گەشەی كردووە و بە زمانی دایك فێر بووە و پەروەردە كراوە، بۆیە پێویستە هەر ئەو زمانی دایكە لە پرۆسەی خوێندنی باخچەكان و قوتابخانەكان پەرەی پێ بدرێت و بەردەوام بێت. خوێندن لە باخچەی منداڵان و لە قۆناغی بنەڕەتی بە ئینگلیزی تەواو بە پێچەوانەی ئەو ئاراستە پەروەردەیە كە ئەمڕۆ لە جیهان لە سیستەمی پەروەردە لە وڵاتان لەسەری دەڕۆن.
زمانی دووەم لە زۆربەی وڵاتان، بەتایبەت دەوڵەتە نەتەوەییەكان لە قۆناغێكی درەنگتر دەست پێ دەكات پاش ئەوەی كە زمانی دایك تەواو لە ناو مێشكی منداڵەكە جێگیر بووە واتە منداڵەكە بە چاكی بە زمانی دایك قسە دەكات و بە زمانی دایك بیر دەكاتەوە و خۆی دەردەبڕێت، هەروەها پێكهاتەی زمانەكەی بە باشی دەناسێت و دەزانێت زمانەكەی چۆن كار دەكات، ئەوسا خوێندنی زمانی دووەم دەست پێ دەكات، كە زمانێكی جیهانییە و پێویستە لەپاڵ زمانی دایك و زمانی نەتەوەكەی فێری بێت، هاوشانی زمانی خۆی كە ناسنامەیەتی گەشە بە زمانی دووەم بدات و بیكات بە ئامرازێك بۆ پێشخستنی خۆی لە ڕووی هزری و زانستییەوە. ئەگەر بەم ئاراستەیە كار بكرێت زمانی دووەم كە ئینگلییزیە هیچ هەڕەشەیەك دروست ناكات بۆ زمانی نەتەوە، بەڵكو زمانی نەتەوە بەهێز دەكات و گەشەی پێ دەدات. ئەگەر هەر تاكێكی كورد لەپاڵ زمانی دایكی كوردی زمانێكی جیهانی وەك ئینگلیزی بزانێت كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێت بۆ گەشەكردنی لایەنی ڕۆشنبیری تاكی كورد و كۆمەڵگەی كوردی لەسەر ئاستی ناوەخۆ و جیهاندا.

"زمانی دایك گرنگترین زمانە بۆ خوێندن"

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو