لە بواری ئابووری چی بكرێت؟

لە بواری ئابووری چی بكرێت؟


سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك:

جگە لە نەوت پێویستیمان بە بواری پیشە سازییە


رەمەزان هەرنی - دهۆك : بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی كوردستان كە تەواوی سێكتەرەكانی ژیان وەستان تەنیا جۆڵەی بازرگانی نەبێت ئەویش بە سنوورداری بەردەوام بوو، بەگشتی كۆرۆنا زیانی زۆر گەوەرەی گەیاندە كەرتی بازرگانی و پیشەسازی، دوای ئەوەی نزیك دەبینەوە لە كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بواری پیشەسازی و بازرگانی پێویستییان بە رێكخستنەوە هەیە .
ئەیاد حوسێن، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك بە زاری كرمانجی راگەیاند " لە جیهان بەگشتی و هەرێمی كورستان بەتایبەتی كۆرۆنا زیانی زۆری گەیاندە كەرتی بازرگانی و پیشەسازی بەهۆی ئەوەی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر ئاستی جیهان دروستكردووە، هیچ وڵاتێك لە زیانەكانی كۆرۆنا بێبەش نەبوو، كۆرۆنا بووە هۆكاری وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كارگە پیشەسازییەكان بوەستێت، لەهەمووی گرنگتر دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهان، كە بۆ خوار 20 دۆلار دابەزی و خواستی لەسەر نەما، تەواوی كارگەكان بێكارببوون ئەمانە هەمووی كاریگەری خراپ بوون لەسەر جووڵەی بازرگانی و پیشەسازی".
روونیشكردەوە " ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان زۆر كاریگەری لەسەر بواری بازرگانی و پیشەسازی دروستكرد بەتایبەتی ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دی، لە هەمانكاتدا بازاڕەكان داخران و قەدەغەی هاتووچۆ راگەێندرا و بەرهەم بە زەحمەت دەگەیشتنە بازاڕەكانی عێراق، ئەمانە هۆكار بوون كە ئابووری كوردستان لاواز بێت".
سەرۆكی ژووری بازرگانی دهۆك زیاتر گووتی" ئێمە خێرا كۆبوونەوەیەكمان كرد بۆ دانانی پلانێك كە چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ جووڵەی بازرگانی و پیشەسازی و ئابووری لە كوردستان بكەین، سەرەتا كەرتی تایبەت بە رۆڵی خۆی هەڵسا كۆمپانیاكان لەسنووری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل رۆژانە پێداویستییە گرنگەكان و خۆراكیان بەردەوام لە توركیا دەگواستەوە، ئەویش بە پێی رێنماییە تەندروستییەكان".
ئەیاد حوسێن پێی وایە ئێستا ئابووری كوردستان لە قۆناغێكی نوێدایە و پێویستە زیاتر بیر لە گەشە پێدانی بكاتەوە، ئەو گووتی" ئێستا لە قۆناغێكی نوێ داین، چۆن دەتوانین ئابووری كوردستان بەرەو باشتر بەرین، ئەوەش بە رێژەی سەرەكی دەمێنێتەوە لەسەر ئاستی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی و بازاڕی نەوت و پەتڕۆڵ ئەمانە یەك پاكێجن بۆ ئەوەی ببینەوە خاوەن ئابوورییەكی بەهێز و بتوانین جارێكی تر لەگەڵ وڵاتانی تر ئاڵۆگۆڕی بازرگانی فراوانتر بكەین، بەتایبەت لەگەڵ عێراق، ئێستا پەیوەندییەكان لەو ئاستە دان كە بتوانین بازاڕی عێراق بەدەست بێنین، پێویستە بۆ قۆناغی داهاتوو پاڵپشتی زیاتری بەرهەمی خۆماڵی و ناوخۆی كوردستان بكرێت، ئەویش پلانێكی باش هەبێت لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت بۆ دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی كە بەرهەمی خۆی هەبێت، تا هەر كاتێك كێشە دروست دەبێت ئاسایشی خۆراكمان هەبێت و بتوانین خۆراكی هاووڵاتییان دابین بكەین و پێویستیمان بە هیچ وڵاتێك نەبێت".
نەیشاردەوە " ناشێ تەنیا پشت بە كەرتی پەترۆڵ ببەسترێت، پێویستە گرنگی بە كەرتەكانی تری ئابووریش بدرێت و ئابووری هەمە رەنگ و جۆراوجۆرمان هەبێت، كشتوكاڵێكی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ پیشە سازییەكی باش و كەرتی گەشتوگوزار ئەمانە كەرتی سەرەكین و دەرفەتی كاریش بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت، بۆ قۆناغی داهاتوو پلانمان هەیە وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازی كوردستان كار لەسەر ئەم بابەتانە بكەین و بەرز دەكەینەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفراسێكدا لەگەڵ چەندین پێشنیاری تر كە لە بەرژەوەندی ئابووری كوردستان و هاووڵاتییان دایە".

زۆرترین بینراو