لە تاقیگەی ناوەندی هەولێر پشکنین بۆ لاشەی باڵندە کێویەکانی قەسرێ دەکرێ

لە تاقیگەی ناوەندی هەولێر پشکنین بۆ لاشەی باڵندە کێویەکانی قەسرێ دەکرێ

زاری کرمانجی- باڵەکایەتی: دوای ئەوەی بە سەدان باڵندەی کێوی لە بناری چیای مامەڕووت لە شارەدێی قەسرێی سنووری چۆمان، بەهۆکاری نادیار مردار بوونەوە، ئەمڕۆ لێژنەیەکی پەیوەندیدار سەردانی شوێنەکەی کرد.

ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: دوای ئاگادار کردنەوەمان لە مرداربوونەوەی کۆمەڵێک باڵندەی کێوی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی شوێنەکەمان کرد، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ گیانلەدەستدانی ئەو قاز و قورینگانە بکرێت، بۆیە دوو لە لاشەی ئەو باڵندانەمان لە ڕێگای بەرپرسی بنکەی ڤێتەرنەری سۆران ڕەوانەی تاقیگەی پشکنینی ناوەندی هەولێر کرد، بۆ ئەوەی وردەکاری گیانلەدەستدانی بە کۆمەڵی ئەو مەلانەمان بۆ ڕوونببێتەوە.

گووتیشی: ئامانجمان لەوە گرنگیدانە بە ئاژەڵ و پەلەوەرە کێویەکان و ڕێگریکردنە لە هەر نەخۆشییەک. محەمەد عەبدوڵڵا، چالاکوانی ژینگەیی و کارمەندی ناشناڵپارکی هەڵگورد سەکران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: زیاتر لە سەد باڵندەی کێوی دەبن کە گومان دەکرێت بەهۆی بەرزی دەنگی هەورەبروسکە مردار بووبنەوە، چونکە وەک گوندنشینان و شایەتحاڵەکان دەڵێن لەو کاتی بروسک لە شوێنەکە هاتووە.

گووتیشی: باڵندە کێویەکان لەجۆری (سیقورینگ) قاز و قورینگن، سیقورینگ، باڵندەیەکی کۆچکەری جوانی قاچ و دەنوک درێژە و کلکێکی کورتی ھەیە، ھێلانەکەی لەسەر زەوی دروست دەکات، خواردنیشی بریتییە لە گیا و مێرو و کرم و خشۆکەکان و ماسی بچووک. ئەو شارەزایەی بواری ژینگە ڕاشیدەگەیەنێت: ئەو قازوقورینگانەی لە ئاسمان لە کاتی کۆچ کردنیان پۆل پۆل شیوەی ژمارە (٧) پێکدەهێنن و دووریەکی بێ سنور دەبڕن.

زۆرترین بینراو