لە ترسی دوژمن لە بنی پێلاودا نامەم بۆ سەرۆك بارزانی و كاك ئیدریس بردووە

لە ترسی دوژمن لە بنی پێلاودا نامەم بۆ سەرۆك بارزانی و كاك ئیدریس بردووە

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران: لە شەوێكی رەمەزاندا پیاوێكی باڵا مامناوەند بە جامانیەكی سۆر و قەمیسێكی سپی و شەلوارێكی كوردی رەنگ قاوەی دەركەوت، لە سیمایدا دەم بە خەندەیی و دڵخۆشی لێ بەدی دەكرێت. ئەو پێشمەرگەی رۆژانی خەبات و مانووبوون بووە، ئەویش (حەمیەزدین تەمەر تەمەر ئەرگۆشی)یە، حەمیەزدین سەرەتای گێڕانەوەی سەرگۆزەشتەی ژیانی خۆی لە دایك بوونی خۆیەوە دەستی پێكرد و گووتی" من لە ساڵی1947، لە گوندی ئەرگۆش لە دایك بوویمە، لەبەر بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو كاتی كوردستان نەم توانی بچمە قوتابخانە، وەك هەر هاوتەمەنێكی خۆم خەریكی كاری ئاژەڵداری و كشتۆكاڵی بووم، لە ساڵی 1966 سەردانی ناوچەی قەسرێم كرد و داوای ئەوەم كرد ببم بە پێشمەرگە، ماوەیەك لە قەسرێ مامەوە تاكو چەكیان پێدام و بوومە بە پێشمەرگەیەكی كامل، لە بارزانی نەمرەوە راسپاردەیەك هات، گوایە دەبێت خۆمان بگەینینە ناوچەی قەڵادزێ، لەوێ سەربازگەیەكی عێراقی كەوتبووە ناو مەحاسرەدا، دەنگوی ئەوە هەبوو جاش و سەرباز یان پاشەكەشێ دەكەن، یان هێرش دەكەن بۆ دۆڵا شەهیدا، لە دوڵا شەهیدا بارەگای لیوایەكی پێشمەرگەی لێبوو، ئێمەش چووین بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو هێرش كرایە سەر بارەگای لیوای پێشمەرگە بتوانین یارمەتی پێشمەرگەكانی تر بدەین، دوای گەیشتنمان بۆ ناوچەكە هێزەكانی حكۆمەتی عێراق پاشەكشێیان كرد بۆ هەولێر، دوای پاشەكشێی سەرباز و جاشەكان، سلێمان حاجی بەدری نامەیەكی بۆ بارزانی نەمر نارد، نووسیبووی گوایە جاش و جێش پاشەكشێیان كرد و پێشمەرگە زۆر ماندوو بوونە، ئەگەر بتوانی مۆڵەتێكیان پێ بدەی. دواتر بارزانی وەڵامی نامەكەی داوە، فاخر محەمەد مێرگەسۆری كە نامەكەی خوێندەوە و تێیدا نووسیبووی"پێم باشە لە ماوەی 20 رۆژدا خۆتان بگەیننە هێزی خەبات، ئەوێ دڵی كوردستانە، ئەو ناوچەیە لە مەحاسرەدایە". بوویە تێكرا بڕیارماندا خۆمان ئامادەبكەین بۆ بەهاناچوونی هێزی خەبات لە ناوچەی هەورەمان و تەوێڵە و ئەو دەڤەرە، لە قەڵازێ تا سەردەشت بە تەلاكتور چووین، دواتر لە رێگەی ئۆتۆمبێڵەوە گەیشتینە ناوچەی تەوێڵە، كە گەیشتینە رووباری تەوێڵە هەر كەسە دەستە سابوونێكی پێی درا بۆ خۆ شۆشتن و شۆشتنی جلوبەرگەكانی خۆی، بەڵام زۆری نەكێشا سەربازە عێراقیەكان هێرشیان كردە سەرمان، باوەر بكە بە جلی تەڕ تەڕ دەستمان بە بەرگری كرد، بەڵام باش بوو زیانمان بەر نەكەووت، دواتر گەیشتین بە هێزەكانی تری پێشمەرگە لە ناوچەكە. دوای گەیشتنمان بە ناوچەكە توانیمان چەند مقەرێكی تر دامەزرێنین، لەوێ ماوە ماوە هێرشمان دەكردە سەر سەربازگەكانی حكومەتی عێراق، دەردی بێ دەرمانمان دەدانێ، دوای تێپەرینی شەش مانگ مانەوە لە قەڵادزێ و پشدەر، شەش مانگیش لە ناوچەی هەورەمان ماینەوە، هیچ كەسێك لە خزمانمان دەنگۆباسی ئێمەی نەدەزانی، بە راستی ماندوو و شەكەت ببووین، دوای ئارامبوونی ناوچەكە بارزانی نەمر بڕیاری دا بگەرێینەوە بۆ زێدی خۆمان، ژمارەمان نزیكەی 500 پێشمەرگە دەبوو، دوای زیاتر لە یەك ساڵ گەرامەوە بۆ ناو كەس و كارم لە گوندی ئەرگۆش". سەبارەت بە رووداوی نسكوی شۆڕشی ئەیلوول مام حەمیەزدین دەڵێت" بەر لە نسكوی شۆڕش چەند خێزانێكی كوردیان گواستەوە بۆ ناوچەی ئەهواز، منیش یەكێك بووم لەوانەی گوازرامەوە بۆ ئەهواز، عەزیز تەمەر كە برای خۆم بوو و بەرپرسی پەنابەرانی ئەهوازبوو، داوام لێی كرد ئیجازەم بدات بگەرێمەوە بۆ ئەحوال پرسی پێشمەرگەكانی تر، دوای مانەوەی یەك شەو لە قەسرێ، قەلەبالغیەكی زۆر دروست بوو و دەنگۆباسی نسكوی شۆڕش پەیدا بوو، نسكوی شۆڕش بۆ ئێمە كارەساتێك بوو هەرگیز لەبیری ناكەم، دوای نسكو بە پێ چومەوە بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێشەوە چووم بۆ لای عەزیز تەمەری برام لە ئوردوگای بهرام، ماوەیەك مامەوە و بە عەزیزی برام گووت دەگەرێمەوە بۆ لای خزمانم لە زێوە، ئەویش ئیزنی دام، بەڵام لە بنی هەر پێلاوێكم كونێكی تێكرد و نامەیەكی تێدا دانا، گووتی نامەیەك لە پێلاوی راستدایە و نامەی سەرۆك بارزانییە و لە پێلاوی چەپدا نامەی ئیدریس بارزانی تێدایە، من لە بنی پێلاودا و لە ترسی دوژمن نامەم بۆ سەرۆك بارزانی و كاك ئیدریس بردووە, عەزیز پێی گووتم نابێت ئەم پێلاوانە دابكەنی تا ئەم نامانە دەگەینیە دەستی سەرۆك بارزانی و كاك ئیدریس، دوای گەیشتنم بۆ نزیك خێوەتی سەرۆك بارزانی و ئیدریس بارزانی داوای دیتنی ئەوانم كرد، بەڵام وەك دیار بوو لە كۆبونەوەدابوون، دواتر محەمەد ئەرگۆشی هات بۆ لام و گووتی بۆچی عەزیز و ئەوان دەستگیر كراون؟ منیش گووتم گرتنی چ، ئێستا لای ئەوان بووم، دواتر پێیان گووتم حكومەتی شا عەزیز تەمەر و 33 پێشمەرگەی تر دەستگیركردوون، دواتر چومە لای سەرۆك بارزانی و ئیدریس بارزانی نامەكەم گەیاندە دەست ئیدریس بارزانی، ئیدریس بارزانی گووتی چارەیەك بۆ رزگاركردنی عەزیز و ئەوان دەكەین، داوام كرد و گووتم گەورەم ئەگەر ئیجازە بدەن من خێزانی برایەكەم دەبەم و دەگەرێمەوە، ئیدریس بارزانی فرمێسكی لە چاوەكانی هاتە خوارەوە. دواتر 500 خێزان خۆیان ناونووس كرد بۆ گەرانەوە بۆ باشووری كوردستان، دواتر لە ئۆتۆمبێڵی سەربازی ئێرانی سواركراین بە مەبەستی گواستنەوە بۆ باشووری كوردستان، شارەزایانمان گووتیان ئەگەر ئێمەیان لە رێگای خوارەوە برد ئەوا ماڵمان ووێران بوو و دەمان بەنە جنوبی عێراق، ئەگەر لە رێگای پشتەوە چووین ئەوا دەگەرێینەوە بۆ كوردستان، چارەنووسمان وا بوو حكومەتی ئێران ئێمەی گواستەوە بۆ باشووری ئێراق، ئێمەیان بردە ناسریە، هەر چەند ماڵێك بە جیا لە بەشێكی گوندێك دانا، لەبەر تۆز و خول هیچمان نەدەدیت، دواتر داواكاریەكمان نووسی بۆ گواستنەوەمان بۆ كوردستان، سەرەتای داواكاریەكەمان بینینی عەزیز تەمەر و هەر 33 هەڤاڵەكانی بوو، بەرپرسی كۆمەڵگای جوتیاری هاتە لامان و گووتی ئەم سمێڵانەی من بە لە شفرۆشێكەوە بن ئەگەر تا ئێوارە هەواڵێكی ئەوانتان بۆ نەهێنم، ئێمەش گووتمان نان ناخۆین تا هەواڵی ئەو پێشمەرگانە نەزانین، بەرەو ئێوارە بوو بەرپرسی كۆمەڵگای كشتوكاڵی هاتە لامان و گووتی با كەسێك بە نوێنەرایەتی ئێوەبێت بۆ دیتنی ئەو پێشمەرگانە، ئێمەش خالد ئەرگۆشیمان كردە نوێنەری خۆمان، دوای گەڕانەوەی خالد زانیمان كە ئەوان پارێزراون و لە رێگەی ئیدریس بارزانیەوە هەواڵی ئازادكردنی دراوە، رۆژی دواتر ئەوان هاتنە لامان، دواتر عەفویەكمان بۆ دەرچوو و ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ كوردستان و منیش گەڕامەوە بۆ گۆندی ئەرگۆش".
سەبارەت بەژیانی ئاوارەیی خۆی لە رۆژهەڵاتی كوردستان مام حەمیەزدین دەڵێت" دوای ماوەیەك مانەوە لە كوردستان حكومەتی عێراق گوندی ئەرگۆشی راگواستەوە بۆ حەریر، دواتر رێگای رۆژهەڵاتی كوردستانم گرتە بەر، دواتر چووینە رەزایە و لەوێ مامەوە، سەرەڕای ئەوەی كارم دەكرد، بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ پێشمەرگە هەبوو و بەشداری چەندین چاڵاكیەكانی پێشمەرگەدا كردووە".
ئەوەی جێی سەرەنج بووە ئەوەیە مام حەمیەزدین، لەبەر خۆشەویستی بۆ كوردستان و پێشمەرگە هاوسەرگیری نەكردووە، دوای تێپرینی نزیكیە 30 ساڵ، ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنێت، هەر وەك خۆی دەڵێت"خۆشەویستیمان بۆ كوردستان رێگەی نەدەدا بۆ ئەوەی بیر لە ژیانی هاوسەرگیری بكەمەوە، بەڵام دواجار زۆریان ناچاركردم بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بكەم، لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژیانی هاوسەرگیرم پێكهێنا، دوای ئازادكردنی كوردستانن لە ساڵی 1997 گەرامەوە بۆ باشووری كوردستان".
دواجار مام حەمیەزدین دەڵێت" تەمەنێك پێشمەرگایەتیم كردووە، بیرم نایەت رۆژێك بەرژەوەندی خۆم وەپێش بەرژەوەندی كوردستان ئێخست بێت، بەڵام سەرەڕای ئەو ماندووبوونەی ئێمە بینیومانە رێزێكی ئەوتوو لە خەباتی ئێمە نەگیراوە، دوای ئەو هەموو خزمەتە بە پلەی نەقیب لە فەرماندەی هەڵگورد خانەنشین كرام، بەڵام دڵ خۆشم كە بەرهەمی خەبات و ماندوبوونی ئێمە وا ئازادی و ئارامی لێ بەرهەم هاتووە، بەو هیوایەی لەو تەمەنەی ماومانە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ببینم".

 

 

زۆرترین بینراو