لە خەراپ بۆ باشێكی جێگیر ئەوجا لە باشەوە بۆ باشتر

دانەر عە‌زیز
ئێمەی كورد هێشتا ماوە بگەینە قۆناغێك كە ئیتر گۆڕانەكان لە گۆمەڵگەی ئێمەدا لە باشەوە بۆ باشتر بڕۆن و بە یەكجاری بارەدۆخە خەراپەكان تێپەڕێنین و بگەینە قۆناغی باشێكی جێگیر لە كولتوور ، زمان ، ئەدەب ، ئایدیۆلۆژی، ئابووری و سیاسەت. فكر و ماددە بەهۆی ئاگایی مرۆڤەوە بەردەوام لە گەشەكردن و پێشكەوتندان، ئاگایی مرۆڤیش بەهۆی كاركردنەوە پەرەیسەندووە، لە دوای ئەمەوە ئیتر شارستانیەت سەریهەڵدا و كۆمەڵگە بەردەوام لە گۆڕاندابووە تاوەكو ئەمڕۆ، بەڵام ئەم گۆڕانە بەردەوامە هەموو بەشێكی جیهانی نەگرتەوە، هەندێك لە نەتەوەكان زووتر لە نەتەوەكانی تر پێشكەوتن و ئەم جیهانەیان ناسی و بوونە خاوەنی، هەمیشە گۆڕانەكان بچووك بچووك روویانداوە تا ئەم چەندایەتییە زیادی كردووە گۆڕانە گەورەكان روویانداوە چۆنایەتی نوێ دەركەوتوون، ئێستا كە لە سەدەی بیست و یەكداین وەك هەموو نەتەوەكانی سەر بە جیهانی سێیەم لەلایەن ئەم زلهێزانەوە كۆنتڕۆڵكراوین بێ ماف و بێ سەربەستی بەكارمان دێنن تەنیا بۆ ئامانجەكانیان، هەوڵەكان بۆ سەربەخۆیی بەردەوامن بەڵام پێویستە هەموو تاكەكانی كورد لە مانای ئازادی تێبگەن، پێویستە بزانین مێژووی كۆمەڵگە شۆڕشی زاتی مرۆڤییە بەرەو كاملترین ئاستی تێگەیشتن لە راستی، هەموو ئەو نەتەوانەی لە بازنەی ئەم تێگەیشتنەدان بەبێ ئازادی نەتەوەیی ئەم هێزەیان پەیدا نەدەكرد، بۆیە سەربەخۆیی نەتەوەیی خاڵی دەستپێكی پەرەسەندنە لە هەموو بوارێكدا هەم لەسەر خان و هەمیش لە ژێر خانی كۆمەڵگەدا، ئاگادار بوون لەم راستییە دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی تاكی كورد لە گرنگی سەربەخۆیی نەتەوەیی تێبگات و داوای بكات و بە گوێرەی باردۆخ بەشێك بێت لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.

زۆرترین بینراو