لە دوای خۆپیشاندانەكـان چی بكەیـن؟..

لە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی رۆژی شەمە (12ی/ ئوكتۆبەر/2019) كە(رۆژی جیهانی پشتگـیری لە رۆژئـاوای كوردستان) بوو، لە شارەكـانی كوردسـتان و لە پایتەختەكـان و لە زۆربـەی شارە گەورەكـانی وڵاتـانی ئـەوروپـا و ئەمـریكا، بە ئـاڵای كوردسـتان و بە دروشمی نـاڕەزایی لە دژی توركیا و ئەرۆگـان.. بە هەزاران كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان لە گۆڕەپان و لە شەقامە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتانە خۆپیشانـدان و رێپـێوانی تووڕەیی و ناڕەزاییان لە دژی داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان سازكرد، زۆر بە توندی پـرۆتستۆی تـاوانە قـێزەوەنەكانی توركیای فـاشست و ئەردۆگـانی رەگەزپەرستیان كـرد. داوایـان كـرد كە توركیا بە زووتـرین كـات، هـێڕشەكانی بۆ سـەر رۆژئـاوای كوردسـتان رابگرێت و دەست لە تـاوانی رەشـەكـوژی و لە كۆمـەڵكـوژی سڤـیلی كورد هەڵـبگـرن. داویان كرد كە سوپای دڕندە و جاشە بەكرێگـیراوەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان دەربچـن.. بەسیش بە نامەردی و دڕنـدانە منـداڵان و ئافـرەتانی بێتاوانی كورد بكوژن.
شایـەنی باس و سوپـاس و پێزانینیشە كە لەم خۆپیشاندانانەدا، كورد بە تەنها نەبوویـن، بە هەزارن دۆستی دڵسۆزی كورد لە گەلانی جیاواز و بە هەزاران كەسانی ئاشتیخواز و ئازادیخوازی ناسراوی دژ بە رەگەزپەرستی و داگیردنی كوردستان و كۆمەڵكوژی كورد بەشـداربوون.. لـەم خۆپیشانـدانـانەدا، نـارەزایی و تـووڕەیی خۆیـان لە دژی تاوانەكـانی ئەردۆگانی دیكتاتۆری سیكۆپاتی و رژێمە فاشستییەكەی دەربـڕی.. پـڕ بەدەم هـاواریان دەكرد (توركیا راوەستە و دەسـت لە كوشتنی كورد هەڵبگرە..). هەر بۆ نمـوونە ئێمـەی رەوندی كورد لە شاری (بێـرگن) كە دووەمین گەورە شاری نـۆروێـژە، زیاتـر لە حەوت سـەد كورد لە رۆژی شەمەدا بەشداریمان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دژی داگیركردنی رۆئاوای كوردستان كرد..(بەنـدەش) بە ناوی كۆمەڵەی كولتـووری كـوردی و رەوەنـدی كـوردەوە لە شاری بێرگن، پەیـامێكی ناڕەزایی و پـرۆتستۆكردنی ئەردۆگـانم بە كوردی خوێندەوە و پشتگیریمان بۆ برایانی كوردمان لە رۆژئـاوای كوردستان دووپات كردەوە. زیاتریش لە پێنج سەد نۆرویژی بەشدارییان لەم خۆپیشاندانەی بێرگن كرد. كە نوێنەری پارتە سیاسییەكـان و كەسانی ناسراویان تێدابوون و بە نۆرویـژی وتـاریان خوێندەوە و نـارەزایی و نیگـەرانی خـۆیـان لـە دژی داگـیركـردنی رۆژئـاوای كوردسـتان دەربـڕی و داوایان لە توركیا كرد كە دەسـت لە تاوانەكانی لە دژی كوردی ئازادیخواز هەڵبگرێت و لە رۆژئاوای كوردسـتان دەربچـێت، ئەگـینا باجێكی زۆری ئەم سەركێشییەی دەداتەوە. پاڵپشتی خۆشیان، بـۆ خەباتی رەوای گەلی كوردمان لە رۆژئـاوای كوردستان دەربڕی. زۆریش ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگری و بەرگری شەڕڤـانـانی قارەمانی كوردیان كرد.
گەنجـەكـانیشیان پـڕ بە گەروویـان هـاواریان دەكـرد: (ئوسـتۆپ توركیـا) (ئۆردوگـان تیـرۆریست) ، (توركیا تیـرۆریست) ، (توركـیا رەگـەزپـەرست) ، (بـژی كوردســتان).
دێینە سەر كرۆكی ناونیشانی نووسینەكەمـان.. لە دوای ئەم خۆپیشانـدانانە چـیبكەین؟
من وەكو كوردستان پەروەرێك، پێشنیاری ئەوە دەكەم، نابێت وسكتبین و راوەستین و هەڵوێستی ترمـان نەبێت، پێویستە زیاتـر داوا لە گەلانی جیهان و لە پەرلەمانەكـانیان و لە حكومەتەكـانیان بكـەین، كـە بە هەنگـاوی كـرداری هەڵـوێسـتی ئەرێنـیان هـەبێت و پشتگیری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن و نەك هـەر تەنها سەركۆنەی رژێـمی توركیا بكەن.. بەڵكو، گەمارووی ئابـووری و گەشـتیاری و دیپلۆمـاتی بخـەنە سـەر تـوركیا و داوای لێبكەن دەستبەجێ شەڕ رابگـرێت و دەست لە رەشەكـوژی و كۆمەڵكوژی كورد هەڵبگرێت و بەزووتـرین كـاتیش لەشكـرەكەی لە رۆژئـاوای كوردستان بكـێشێـتەوە.
پێشـنیاری دووەمـم ئەمـەیە، كە رۆژی شەمـەی داهـاتـوو، لـە پـایتەخـتەكـانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، لە بەردەم كۆشكەكـانی پەرلەمانەكـان و بارەگـاكانی یـوئـێن و لە بەردەم بارەگـای یەكـێتی ئەوروپـا و و كۆشكی سـپی و كـرملین دا، لە هـەریـەكە لـەم شوێنانەدا، كۆمەڵێك لاوی خۆبەختمان، خەیمە هەڵدەن و بڕیاری نان نەخواردن بدەن، مـن وەكـو خـۆم ئامـادەم كە لەگـەڵ كۆمـەڵـێك لاودا، گـەر بـشــمرم بەشـداری لـە نـان نەخـواردن بكـەم.. بەمـەش دەبینە هەواڵی راگەیاندن و میدیاكان و دەتوانین داوایەكی زیاتر بكەین لە حكومەتەكـانی ئـەو وڵاتـانە بۆ پشتگـیری بـە كـرداری لـە رۆژئـاوای كوردستان و راگـرتنی شەڕی توركـیا... بە ئاشكرا توركیا لەم هێڕشەیدا، بۆ كوشتنی سفیلی كورد بۆمبی فسفۆری بە كارهـێنا، كە چەكێكی قەدەغـەـكراوی نێودەوڵەتییە.
پێشنیاری سێیەمم، ئەو تاوانانەی كە ئەردۆگان دژ بە گەلی بێتاوانی كوردمان كروونی و دەیانكات، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، تاوانی جەنگن، تاوانی كۆمەڵكـوژین و تـاوانی دژ بە مرۆڤایەتین.. پێویستە زیاتر لە (10) ملێون واژۆی كورد و هاوڕێ و دۆستانمان كۆبكەینەوە و بیدەینە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێكخـراوی نەتەوە یەكگرتووەكـان و بە دادگای باڵای نێودەوڵەتی و داوایان لێبكەیـن، بڕیـاری گـرتن و دادگـایی كـردنی تاوانبـار ئەردۆگـان دەربكەن، لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كورد كردوونی.. هەروەكو چۆن بڕیاری گـرتن و دادگایی كردنیان بۆ تاوانبار (عومەر حەسەن بەشیر) ی سەرۆكی رسوابووی لادراوی سوودان دەركرد و گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی جیهان لێ قەدەغەكرد. بە هـۆی تاوانەكـانی ئەو كۆمەڵكـوژییەی كە لە (گەلی دارفـۆر) ی كرد. خۆ تاوانەكـانی ئەردۆگان، دە هێندەی تاوانەكانی عومەر حەسەن بەشـیرن.. پێویستە گەشـتی دەرەوەی توركیاش لە ئەردۆگـان و لە ژن و لە منداڵەكانی و لە وەزیرەكانی بەرگـری و دەرەوە و ناوخـۆی توركیا قـەدەغـە بكـرێـت.
بۆ چۆنییەتی واژۆ كۆكـردنەوە و داواكـردنی دادگـایی كـردنی ئەردۆگان لە دادگای باڵای نێودەوڵـەتی، پێویستە لێـژنەیەك لە یاساناسانی كـورد، كە پسپـۆرن لە بواری یاسا نێو دەوڵەتییەكـان پێكبهێنرێت. ئەم لـیژنەیـە میكـانـزم و شێوازی كۆكردنەوەی واژۆكان و داواكـردن لە دادگای نێودەوڵـەتی دابنێن و ئەم ئەركە پێویستە بگـرنە ئەستۆ، چەنـدین لـیژنـەی لـقی تریش لە كوردسـتان و لە وڵاتـانی ئەوروپـا و ئەمـریكا هـاوكـاریان بـن.
نازانم تا چ رادەیەك ئەم سێ پێشنیارەی من لای خوێنەران كوردمان پەسەند و بەجێیە.
مەبەستی من ئەوەی كە بێـدەنگ و دەستەوستان دانەنیشن و هەڵوێستی ترمـان هەبێت.
زۆم پێخۆشە، هەر كوردستان پەروەرێك پێـشنیاری تری پەسەنـدتـر و بەجـێتـری لایـە، با بێدەنگ نەبێت و دەری ببڕێت و بیگـەیەنێت. تا بگـەیەنە پێشنیار و رایـەكی جـوان و پەسەنـدی یەكگرتــوو، كە لە دوای خۆپیشاندانـەكـانی نـاڕەزای چـیتر بكـەین باشـە..؟
بێگومان را و بۆچوون و پێشنیاری جیاوازتـر هـەن.. وەكو دەشـڵێن رای دوو كەس لە رای كەسێك باشـترە.. رای چـوار كەسیش لە رای دوو كـەس باشـترە.. رای...هـتد.
ئەم پـرسـەش پـرسی هەمـوو كوردێـكی دڵسـۆزی كـورد و كوردســتان پـەروەرە.

 

زۆرترین بینراو