لە دوای هەر قوتابخانەیەكی سەركەوتووبەرێوەبەرێكی سەركەوتوو هەیە

بكر كریم حسن

 بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەرماستەر لە كارگێری پەروەردەیی

توێژەرونوسەری كوەیتی دكتۆر تاریق سویدان دەڵێ"هیچ دامەزراوەیەك پەرەیی پێ نادرێت، ئەگەر پەرە بە كارمەندەكانی نەدرێت".
قوتابخانە كە دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەت و كۆمەڵگەیە بۆ پەروەردە كردن و فێركردنی تاكە و لە پێناو پەرەپێدان و هەستانەوەی كۆمەڵگەیە. قوتابخانە كە سەنگەری هەرە پێشەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە و كارگێڕیەتی قوتابخانە بەشێكی گرنگە لە كارگێڕیەتی پەروەردە بەگشتی، بۆیە گرنگە و پێویستە بەرێوەبەری قوتابخانە كۆمەلێ كارامەیی و بەها پەروەردەیی تێدا كۆ ببێتەوە كە بتوانێ بە شایستەیی و سەركەوتوویی بەكارەكانی خۆی هەڵستێ و پەیوەندییەكانی قوتابخانە و خێزان و كۆمەڵگە رێك بخات لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن بەگشتی، ئاشكرایە لە دوای هەموو قوتابخانەیەكی سەركەوتوو، بەرێوەبەرێكی سەركەوتوو هەیە، وە لە دوای هەموو قوتابخانەیەكی بەزیوو سەرنەكەوتوو كارگێڕیەكی خراپ و بەرێوەبەرێكی نا پەروەردەیی هەیە، چونكە هۆكار و توخمی سەرەكی لە سیستەمی پەروەردەیی بریتییە لە قوتابخانە، وە سەركردەی پەروەردەیی سەرەكی بریتییە لە بەرێوەبەری قوتابخانە، بۆیە پێویستە بەرێوەبەر كۆمەلێ سیفات و كارامەیی و ئادكارە پەروەردەییەكانی هەبێت بۆ سەركردایەتی كردن و كارگێڕی، چونكە هیچ سەركردەیەك ناتوانێ سەركردایەتی بكات بەبێ كارگێڕیەكی باش، وە هیچ كارگێڕییەك ناتوانێ كارگێڕیەكی باش بێت بەبێ سەركردایەتی كردن، چونكە سەركردایەتی بەدوایی كاریگەری دەگەڕێ و كارگێڕیش تێ دەكۆشێ لە پێناو لێهاتوویی و شایستەیی، بۆیە پێویستە لە سەر بەرێوەبەر جودا لە توانا كارگێڕییەكانی، سەركردایەتی ویژدانی و سۆزداری لە كارەكانیدا رەنگ بداتەوە و ببێتە بەرێوەبەرێكی بەتوانا و سەركەوتوو لە یەك كاتدا كارگێڕیەكی ژیرو سەركردەیەكی كاریگەر بێت.
بۆ ئەوەی كارگێڕی قوتابخانە كارگێڕیەكی سەركەوتوو بێت لەو كارانەی كە مەبەستییەتی ئەنجامی بدات، پێویستە كەسایەتی بەرێوەبەر كەسایەتییەكی بەهێز و راستگۆ و پێگەیشتوو تێگەیشتوو بێت، پەروەردەكارێكی دڵسۆز بێت و پەیوەندی زۆر باشی خوشك و برایانەی لەگەڵ مامۆستایان و لە هەمان كاتدا پەروەردەكارێكی باوكانە و دایكانە بێت بۆ سەرجەم قوتابییە خۆشەویستەكان و دادپەروەر بێت، هەست بەبەرپرسیاریەتی بكات لە هەموو روویەكەوە و پێشەنگ بێت لە پرۆسەی پەروەردە دا، هەموو ئاوات و خواستی سەركەوتنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و سەركەوتنی قوتابخانەكە بێت لە هەموو روویەكەوە، ئەلێرەوە گرنگە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەكان بەرێوەبەرە سەركەوتووەكان بگوازنەوە بۆ قوتابخانەكانی تر بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و شارەزایی و پەروەردەییان ببینرێت و كێبڕكێیەكی پەروەردەیی تەندروست لە نێوان قوتابخانەكان دروست بێت. ئەوەشمان لە بیر نەچێت، نابێت لە دوای گواستنەوەی هەر بەرێوەبەرێك لە قوتابخانەیەك ئەو بەرێوەبەرە خزم و كەس وكاری خۆی بكاتە بەرێوەبەر لە شوێنی خۆی، ئەوەیان گومانی زۆر هەڵدەگرێ، لێرەدا ئەركی پەروەردەیە لە شوێنی هەر بەرێوەبەرێك كە دەگوازرێتەوە یان شوێنەكە جێ دەهێلێت پێویستە مامۆستای تر بهێنرێتە شوێنی كە خزم و ناسیاوی بەرێوەبەری پێشوو نەبن و لە هەمان كاتیشدا لە پێناو دڵنیایی و سەركەوتوویی و دادپەروەری پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەر قوتابخانەیەك جگە لە (ژن و مێرد) نابێ خزم و كەس وكاری بەرێوەبەر و یاریدەدەر، یانیش مامۆستایان لەو قوتابخانەیە لەو قوتابخانەیە كۆ بكرێتەوە، چونكە كاریگەری سلبی لە سەر كۆی پرۆسەكە جێ دەهێلێت گشتگیری پرۆسەكە دەخاتە ژێر پرسیار، بەرێوەبەریش ناتوانێ كارگێَڕییەكی باش و سەركردەیەكی كاریگەر بێت لە قوتابخانەكەدا.

زۆرترین بینراو